گەندەڵى یان شێرپەنجەى سیستمى حکومڕانى، ئەو نەخۆشییە کوشندەیەى کە لە ڕێگەى دانەنانى کەسی شیاوەوە بۆ شوێنى شیاو، تووشی سیستمى حوکمڕانى وڵاتان و لە ناویشیاندا وڵاتانى دواکەوتوو و جیهانى سێیەم بووە.
بەپێى ڕاپۆرتى ساڵانەى ڕێکخراوى شەفافییەتى نێودەوڵەتى، لە کۆى ١٨٣ وڵاتى جیهان دانیمارک پلەى یەکەمى پاکترین وڵاتانى جیهانى گرتووە لەڕووى گەندەڵییەوە، کە لە کۆى ١٠٠ نمرە ٨٨ نمرەى بەدەستهێناوە، هاوکات کۆتا وڵاتیش سۆماڵە، کە بە گەندەڵترین وڵاتانى جیهان دیاریکراوە.
لە ڕیزبەندییەکەدا وڵاتانى نیوزلەندا و فینلەندا پلەکانى دووەم و سێیەمیان وەرگرتووە و هاوکات بەریتانیا و ئەڵمانیا لە پلەى یازدەیەمى ڕیزبەندییەکەدان و، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش لە پلەى هەژدەیەمى ڕیزبەندى ئەو وڵاتانەدایە کە ڕووبەڕووى گەندەڵى بوونەتەوە و، هەردوو وڵاتى ڕوسیا و ئێرانیش ڕیزبەندى ژمارە ١٣٨یان وەرگرتووە لە لیستى ڕێکخراوى شەفافییەتى نێودەوڵەتى.
لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبیی، ئیمارات لە ڕیزبەندى یەکەمى ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵیدایە و، لەسەر ئاستى جیهانییش لە ڕیزبەندى ٢٣ەمین وڵاتاندایە، هاوکات هەریەک لە وڵاتەکانى قەتەر و عوممان و سعودیە و ئوردن و تونس پلەکانى دووەم تا شەشەمیان گرتووە.
بەڵام عێراق و لە نێویشیدا هەرێمى کوردستان لە ڕیزبەندى پانزەیەمین گەندەڵترین وڵاتانى عەرەبی و، لە ڕیزبەندى ١٦٨ەمین وڵاتانى جیهاندایە و لە کۆى ١٠٠ خاڵ تەنها ١٨ خاڵى بەدەستهێناوە، بە جۆرێک لە جیهاندا تەنها وڵاتەکانى کۆریاى باکور و لیبیا و سودان و یەمەن و سوریا و سۆماڵ لە عێراق گەندەڵترن.
ڕێکخراوى شەفافییەتى نێودەوڵەتى ڕێکخراوێکى جیهانییە و لە بوارى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى کاردەکات و لە زیاتر لە ١٢٠ وڵاتى جیهانى نوسینگەى هەیە و بەپێى بنەماکانى سیستمى حکومڕانى وڵات و ئازادى تاکەکەسی و ئازادى میدیایی و سیستمى بانکى و چەند بنەمایەکى دیکە پلەبەندى بۆ گەندەڵى وڵاتانى جیهان دەکات لە ١٠٠ نمرە.
لە هەرێمى کوردستاندا بەپێى ئامارەکانى دەستەى دەستپاکى لە ساڵی ٢٠١٨ دا، بڕی ٢٧ ملیار و ٨٠٣ ملیۆن دینار لە هەرێم ديار نەماوە و لە ناو لێکۆڵینەوەکانى دەستەکەشدا لە کۆى ١٧٥ کەس ٢ وەزیر و ٢ سەرۆکی شارەوانی و ژمارەیەک قایمقام و ٥٩ فەرمانبەر و ٩ ئەفسەری پۆلیس هەن، کە تۆمەتبارن بە گەندەڵى.
هاوکات دەستەی دەسپاکی هەرێم لە ماوەى ١١ مانگى ساڵى ٢٠١٨دا ٩٩ داوای ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند کردووە