دوو ئافرەت لە یەک نەتەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا تەواو جیاواز.. لێرە ژن لەسەر ناموس دەکوژرێت، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان ژن لەسەر پارێزگاریکردن و بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە دەکوژرێت.
بڵاوبونەوەی وێنەی کوشتنی ئافرەتێکى تەمەن ٢٠ ساڵ لە سنوری ناحیەی دێگەڵەی سەربە قەزاى کۆیە، کە ٤ گولـلە بەر پشتی کەوتووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەناو هاوڵاتیان و چالاکانی مافەکانی ژنان کاردانەوەی لێکەوتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان، هەر ژنانی کوردن نەک تەنیا بەرگرییان لە خۆیان و خاکەکەیان کردووە، بەڵکو نەتەوەکانی دیکەش دەپارێزن.
لە خۆرئاوای کوردستان، ژنان شانبەشانی پیاوان بەشدارن لە دەسەڵات و بەرێوەبردندا و لە ئێستاشدا لە دژی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین دەجەنگن و بەرگری لە شارەکە دەکەن.
بەشێک لە کاردانەوەکان لەلایەن ڕۆژنامەنوسانەوە بوون لە هەردوو ڕەگەز و دەڵێن، ژنان و کچان لە عەفرین پاسەوانی لە خاک دەکەن، بەڵام لە باشوری کوردستان هەر ڕۆژە لاشەی کوژراوی ژنێک یان کچێک لە شوێنێک دەدۆزرێتەوە.
هەندێکى دیکەشیان دەڵێن، لە باشوری کوردستان ژن دەکوژرێت، بەڵام لە ڕۆژائاوا، ژن بەرامبەر دەوڵەتێكی زلھێزی ئەندامى ناتۆ شەڕ دەكات، ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ جیاوازی پەروەردەی سیاسی و فیكری و جیاوازی حزبایەتی لە نێوان قەوارەیەکى خاوەن حكومەت و پەرلەمان و خەونی دەوڵەتدا لەگەڵ ئەوانی دووساڵە دروستبوودا .
بەشێک لە ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەڵێن، ناشیرین تر لە کوشتنی ژنان ئەوەیە، کاتێک ژنێک دەکوژرێت یان هەر تاوانێکی بەرامبەر دەکرێت، ناهڵێن لاشەی ساردبێتەوە و بێ ئەوەی کەس بزانێت هۆکارەکەی چییە، یەکسەر تۆمەتێکی بۆ دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بە حسابى خۆیان شەرەفیان بۆ بگرێتەوە.
دەشڵێن، لە کۆمەڵگای ڕۆژئاوادا پەنجە بۆژنێک ڕابکێشرێت بە دەستدرێژى دەزانن و تاوانبار پەلکێشی دادگا دەکرێت و سزا دەدرێت، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا راستەوخۆ دەستدرێژی دەکەنە سەر کەرامەتی و دەیشکێنن.
بە بڕوای توێژەرانی کۆمەڵایەتی، چارەسەری دیاریدەی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان، پێویستی بە گۆڕینی پەروەردە و کلتور و سیستمی سیاسی هەیە، تاوەکو هیچ کەس نەتوانێت لە دەرەوەی یاسا پەلاماری کەسێک بدات و ژیانی لێ زەوتبکات.