دۆناڵد ترامپ كاندیدی كۆمارییەكان بە پێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێناوەو بۆتە 45 مین سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكاو لە 20 كانونی دووەمی داهاتوو بە فەرمی لە كۆشكی سپی دەستبەكاردەبێت.
دۆناڵد ترامپ كێیە:
دۆناڵد جۆن ترامپ لە 14ی یۆنیۆی 1946 لەدایكبوەو بازگانێكی ملیاردێری ئەمریكیە و دامەزرێنەری رێكخراوی ترامپە بۆ بیناسازی كە بارەگاكەی لە ئەمریكایە. ترامپ بەرێوەبەرو دامەزرێنەری ژمارەیەك پرۆژەو كۆمپانیاو گازینۆ و ئۆتێل و یاریگای گۆڵفە و چەندین كۆمپانیاو دامەزراوەشی لەسەرتاسەری جیهان هەیە.
ترامپ شێوازی ژیانی و دەوڵەمەندییەكەیی و قسەكردنی راشكاوانەی لە سەر سیاسەت كردویەتی بە كەسێكی بەناوبانگ لە ئەمریكاو جیهان.
ترامپ چوارەم منداڵی خێزانەكەیەتی كە پێكهاتوە لە پێنج منداڵ، فرێد ترامپی باوكی یەكێكە لە دەوڵەمەندەكان و چەندین پرۆژەی لە شاری نیویۆرك هەیە ن دۆناڵد ترامپ كاریگەری باوكی زۆر لەسەر بوە، ئەوەش وایكردوە دواجار ئەویش هەمان رێچكەی باوكی بگرێت ، دوای تەواوكردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە لە بواری زانستی ئابوری لە كۆلێژی وارتۆن لە زانكۆی بنسلڤانیا لە ساڵی 1968 پەیوەندی كردوە بە كۆمپانیاكەی باوكیەوە كەناوی دامەزراوەی ترامپ بوە .
لەماوەی كاركردنیدا وەك سەرمایەدارێك چەندین ئۆتێل و باڵەخانەی بەناوبانگی لە ئەمریكا دروستكردوەو كار گەیشتۆتە ئەوەی پیشەكەی فراوان بكات بۆ پیشەسازی فرۆكەوانی ، بەڵام مایە پوچبونی پرۆژەی گازینۆكانی وایكردوە فراوانبونی كارە بازرگانیەكانی بۆتەمایەی كەڵەكەبونی قەرزەكانیشی.
وەك دەوترێت لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا قەرزێكی زۆری لەسەرە كەلەكەبوەو بەهۆی ئابروچونە سێكسیەكانیشی لەگەڵ مارلا مابلس بۆتە هۆی ئەوەی لە خێزانی یەكەمی ئیڤانا ترامپ جیاببێتەوە.
بەڵام لە كۆتایی نەوەدەكاندا رەوشی ئابوری و ناوبانگەكەی روویان لە هەڵكشان كردوەو لە ساڵی 2001 بورجی ترامپی دروستكردوە كەلە 72 نهۆم پێكهاتوەو دەكەوێتەنزیك بارەگای نەتەوەیەكگرتوەكان. هەروەها چەندین پرۆژە و باڵەخانەی گەورەی لە ویلایەتەكانی ئەمریكا دروستكردوە لە ئێستا خاوەنی چەندین ملیۆن مەتر زەوییە لە مانهاتن و لە ئێستاشدا یەكێكە لە كەسە دیارەكانی بواری بیناسازی لە ئەمریكاو خاوەنی ناوبانگێكی زۆرە كە راگەیاندنەكان بە تامەزرۆییەوە بەدوایدا وێڵن.
لەماوەی رابردوودا دوای بڵاوبونەوەی وێنەیەكی ترامپ و باوكی میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی ئەمریكا هەرایەكی گەورەیان دروستكردو باسیان لەوەكرد كە باو باپیرانی ترامپ لە بنەڕەتدا خەڵكی سوریان ، هەروەش وایكردوە ترامپ دژایەتیەكی زۆری هاتنی كۆچبەرانی سوریا دەكات بۆ ئەمریكا، بەڵام ئەوە پشت راستنەكرایەوەو دواتر دەركەوت بنەچەی ترامپ دەگەرێتەوە بۆ گوندێكی بچوكی ئەڵمانیا بەناوی ” كالشتات”.
ترامپ یەكێكە لەو كەسانەی حەزی لە پاڵەوانێتی زۆرانبازی ئازادەو چەندین جار میوانداری ئەنجامدانی ئەو یارییەی كردوە.
ترامپ تا ئیستا 3 جار ژنی هێناوەو خاوەنی پێنج منداڵە و كوڕە گەورەكەشی هاوسەرگیری كردوە خاوەنی دوو منداڵە.
ترامپ لە بانگەشەكانی هەڵبژاردندا چەندین لێدوانی جێی مشتومڕی داوەو یەكێكە لە نەیارە سەر سەختەكانی سیاسەتی باراك ئۆباماو پێی وایە ئەمریكای دووچاری لاوازی و پاشەكشەكردوە، هەروەها بەتوندی دژی هاتنی كۆچبەرانی سوریایە بۆ وڵاتەكەی و پێی وایە دەبێت ئەمرێكا رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵبوەشێنێتەوەو باجیش لە سعودیەو ژاپۆن وەربگرێت لەبەرامبەر پاراستنیان لەلایەن ئەمریكاوە.