ژنێک لەرێگەى فەیسبوکەوە “هێلکزەردەکان”ى دامەزراند، ئەو ژنە کەرەستەکانى جوانکاریی دەفرۆشت لە دەوروبەرى پاریس لەرێگەى پۆستێکى فەیسبوکەوە بانگەوازى کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەى گرانکردنى نرخى سووتەمەنى و لێکەوتە خراپەکانى ئەم بڕیارەى لەسەر هەژاران و دامودەزگا فەڕەنسییەکان ڕوونکردەوە، کەچى ئەو پۆستە فەیسبوکییە بزاوتى هێلەک زەردەکانى لێ بەرهەم هات کە ئێستا سەرکردایەتى ناڕەزایەتییەک دەکەن خەریکە دەبێتە بێ پێشینە لەمێژووى نوێى فەڕەنسا.
ئەو ژنە فرۆشیارە کە ناوى “بريسيليا لودوسكي” یە پێشتر فەرمانبەرى بانک بووە، سەرەتاى جموجوڵەکەشى بەکۆکردنەوەى ٤٠٠ ئیمزاى ئەلەکترۆنى دەستپێکرد، بەڵام لەماوەى چەند مانگێکدا بەرزى کردەوە بۆ ٨٠٠ هەزار، هاو هەڵوێستەکانیشى لە ١٧ ئەم مانگەدا بەبرینى جادە و رێگاوبانەکانى فەڕەنسا وڵاتیان خستە ناو گێژەڵوکەیەکى بەهێزى ناڕەزایی و خۆپیشاندان.
لۆدۆسکى بەمیدیاکانى راگەیاندووە، کە وەڵامى پەیوەندی پەڕلەمانتارانى ڕاستڕەوى توندڕەو ناداتەوە بۆ ئەوەى مۆرکى خۆڕسکانە و میللییانەى “هێلەکزەردەکان” نەشێوێت و ئەم جموجوڵە لەدەرەوەى بازنەى سەندیکا و رێکخراو ی حیزبە سیاسییەکان بمێنێتەوە و بەتەنها هى خەڵکى فەڕەنسا بێت نەک حیزبە تەقلیدییەکان.
هاوکات لەگەڵ کەمپینى ژنە فرۆشیارەکەدا خانمێک بەناوى جاکلین لە ناوەڕاستى ئۆکتۆبەردا ڤیدیۆیەکى ناڕەزایی لەسەر گرانبوونى نرخى سووتەمەنى بڵاوکردەوە، لەماوەى چەند رۆژێکیشدا ملیۆنان لایک و کۆمێنتى بۆ رۆشت، ئەمەش بووە هەوێنى بانگەوزازى جادە بڕین لەلایەن شۆفێرى بارهەڵگرەکان و هەندێ لەهونەرمەندە بەناوبانگەکان چوونە پاڵ داواکاریی گرتە ڤیدیۆییەکەى جاکلین.
زۆرێک لەدەستەبژێرى فەرەنسى باس لەوە دەکەن، ئەگەرچى ناڕەزاییەکانى فەرەنسا سەرەتا لەهەوڵى تاکەکەسى و لەرێگەى سۆشیاڵ میدیاوە کەوتۆتە سەر پێ، بەڵام وەڵامدانەوە و کارلێککردنى دەستەبژێرى رۆشنبیرى و فیکریی فەڕەنسا لەگەڵیدا لەئاستێکى بەرزدایە، بەشى زۆرى ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ سروشتى خەڵکى فەڕەنسا کە زۆر جار بەوە بەناوبانگن کە خواروخێچى لە دەسەڵاتدارانیان قبوڵناکەن و لەمەشدا پێشەنگى کەلانى ئەوروپان.
بەپێى ئەو شیکار و لێدوان و ڕونکردنەوانەى تا ئێستا لەبەردەستدان هێلکزەردەکان دەسپێک و دەروازەبوون بۆ کردنەوەى دەرگاى ناڕەزایەتییەکانى خوێندکاران و جوتیاران و خەڵکى بەشخوراو، رەنگى زەردى هێلەکەکانیشیان هێمایە بۆ تیشکى خۆرو تەحەدا و هەوڵى خۆجیاکردنەوە لەشتى باو.
هیشام داود کە ئەندامى ئامۆژگاى نیشتمانى فەڕەنسایە بۆ توێژینەوە، پێیوایە هێلەکزەردەکان سەرۆکى وڵات و سیستمى سیاسى فەڕەنسایان کردوەتە بێزراوترین وڵات لە مێژووى کۆمارى پێنجەمدا کە دەستەگوڵى چارل دیگۆڵى سەرکردەى کاریزمى فەڕەنسییەکانە لەسەردەمى ئیستیعمار.
شارەزایانى ڕەوشى فەڕەنسا پێیانوایە، مەترسى هێلکزەردەکان لەسەر حکومەتى فەڕەنسا لەوەدایە کە دژى توندوتیژى و کاولکاریین، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەوڵ دەدەن رێگە لەدەسەڵاتیش بگرن کاولکاریی بکات و بەمەش پاساو نادەن بەدەستەوە تۆمەتبار بکرێن لە هەوڵى تێکدان.
لەئێستاشدا کە ناڕازییەکانى فەڕەنسا لەرێى خۆپیشاندان و مانگرتنەوە قسەى خۆیان کرد، چاوەکان لەسەر وەڵام و هەنگاوەکانى ئیمانۆیل ماکرۆنن بۆ بەدەمەوەچوونى خواستەکانى هێلکەزەردەکان و خەڵکى خۆپیشاندەرى فەرەنسا کە لە ڕەتکردنەوەى باجى سووتەمەنییەوە گوازراتەوەتە بۆ چاکسازى لە سیستمى سیاسى و نوێکردنەوەى شێوازى حوکمڕانى فەڕەنسا و لەئێستاشدا بووە بەسەرچاوەى ئیلهام بۆ گەلانیترى ئەوروپا و تەنانەت هەندێ لەوڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.