ئەمڕۆ ٣٠ی نیسان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان ، لیژنەی کاری هاوبەشی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان کۆبووەوە ، لیژنەی کاری هاوبەش گفتوگۆی لە بارەی رەوشی سیاسیی کوردستان و عێراق و قەیرانی ئابووری و دارایی و کاریگەرییەکانی لە سەر کار و ژیان و بژێوی خەڵک کرد و بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەددییەکان جەختی لە سەر ئەم خالانە کرد:
١- دەبێ هەرێم بە پەلە دەستەبەری موچە بکات ، بە پلان بەرەنگاری لێکەوتەکانی ئابووری و دارایی پەتای کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت ببێتەوە و لێ نەگەڕێ لەوە زیاتر مەودای بێکاری و هەژاری بەرفراوان بێ.
٢- نابێ حکومەتی عێراق بڕینی موچە و قووتی خەڵک ، وەک کارتی سیاسی لە ململانێ لە گەڵ هەرێم بەکار بهێنێ.
٣- لیژنەی کاری هاوبەش پێی وایە بێ توانایی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئابووری و دارایی بە پلەی سەرەکی بۆ شکستی فەلسەفە و شێوازی حوکمڕانی دەگەڕێتەوە ، بۆیە جەخت لە سەر پێویستیی پەلەکردن لە چاکسازی ڕیشەیی و بوونی شەفافیەت لە داهات و خەرجیاتی هەرێم و دەستەبەرکردنی یەکڕیزی کوردستانی دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە ، نەک بە هەر نرخێک ، سات و سەودا کردن لە گەڵ بەغدا. کۆبوونەوە بڕیاری دا ، بۆ داکۆکی کردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵک و بەرەنگاربوونوەی ئەم قەیرانە یاداشتێک بلاو بکاتەوە.
لیژنەی کاری هاوبەش
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٠