لەم ماوەیەدا لەسەر ئینتەرنێت بووم و تەماشای راپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی “ئازادییەکان لە جیھاندا”م دەکرد کە لەلایەن “فریدەم ھاوز”ەوە بڵاوکراوەتەوە و شتێکی ترسناکم بۆ ئاشکرا بوو. تەنھا یەک وڵات لە جیھانی عەرەبدا وەک “ئازاد” لە قەڵەمدراوە؛ ئەو وڵاتەش تونسە. ئوردن، مەغریب و کوەیت لە پلەی دووەمدا دێن و بە “نیمچە ئازاد” پۆلێن دەکرێن. سەرجەم وڵاتانی دیکەی جیھانی عەرەب بە “نا-ئازاد” پۆلێنکراون. لە دەرەنجامدا، ئەو عەرەبانەی لەو وڵاتانەدا دەژین یان ئەوەتا بێ زانیاریین یان بە ھەڵە زانیارییەکانیان لەبەردەستدایە. ئەوان ناتوانن بە باشیی گفتوگۆ و بە ھیچ شێوەیەک بە ئاشکرا تاووتوێی ئەو مەسەلانە بکەن کە کاریگەریان لەسەر ناوچەکەیان و ژیانی رۆژانەیان ھەیە. دەوڵەتەکان لە رێگەی چیرۆکێکی دروستکراوەوە کۆنترۆڵی سایکۆلۆجی گشتیان کردووە و ھەرچەندە زۆرن ئەوانەی باوەڕ بەم چیرۆکەی حکومەتەکانیان ناکەن، بەڵام زۆربەی زۆری دانیشتوانەکەی بوونەتە قوربانیی ئەم گێڕانەوە ھەڵەیە. بەداخەوە، پێناچێت رەوشەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
جیھانی عەرەب لێوانلێو بوو لە ھیوا لە بەھاری ٢٠١١دا. رۆژنامەنوس، ئەکادیمیی و دانیشتوان بەگشتیی پڕبوون لە چاوەڕوانیی کۆمەڵگایەکی عەرەبیی ئازاد و رۆشن لە وڵاتەکانی خۆیاندا. ئەوان پێشبینی ئەوەیان دەکرد ئازادبکرێن لە ھەژموونی حکومەتەکانیان و دەستێوەردانی بەردەوام و سانسۆرکردنی زانیارییەکان. ئەم چاوەڕوانییانە زوو وردوخاش بوون و ئەم کۆمەڵگایانە یان گەڕانەوە بارودۆخی پێشوویان یان بەرەو خراپتر ھەنگاویان نا.
ھاوڕێی ئازیزم، ساڵح شێھی، یەکێک لە بەناوبانگترین وتارەکانی لە میدیای سعودییدا بڵاوکردەوە. بەداخەوە، ئەو ئێستا لە زینداندایە بۆ تەواوکردنی حوکمێکی بێبنەمای پێنج ساڵی؛ گوایە لەبەرئەوەی قسەی دژی دەسەڵاتدارانی سعودییە کردووە. دەستگرتن بەسەر تەواوی رۆژنامەی میسری، ئەلمیسر ئەلیەوم، لەلایەن حکومەتی میسرییەوە نەبووەھۆی توڕەبوون و ھاندانی ھاوەڵەکان. ئەم کردارانە چیتر نابنە ھۆی دروستکردنی کاردانەوە لەنێو کۆمەڵی نێودەوڵەتییدا، بەڵکو ئەم کردارانە رەنگە ببنە ھۆی ئیدانەکردن و ھەر زووش بێدەنگیی بەدوادا دێت.
لە ئەنجامدا، حکومەتە عەرەبیەکان رۆژ بە رۆژ بە خێراییەکی زیاتر دەستیان بۆ بێدەنگکردنی میدیا کراوەیە. سەردەمانێک ھەبوو رۆژنامەنوسان پێیانوابوو ئینتەرنێت زانیارییەکان ئازاد دەکات لە سانسۆر و ئەو کۆنترۆڵەی پەیوەستە بە میدیای چاپکراوەوە، بەڵام ئەم حکومەتانە کە بوون و مانەوەیان پشت بە کۆنترۆڵکردنی زانیاریی دەبەستێت، زۆر بە توندی رێگەیان لە ئینتەرنێت گرتووە. ھەروەھا پەیامنێری ناوخۆیی دەستگیر دەکەن و فشار دەخەنە سەر کۆمپانیاکانی ریکلام بۆ ئەوەی زیان بە داھاتی ھەندێک لە بڵاوکراوەکان بگەیەنن.
چەند ئاوەدانییەک ماوە کە ھێشتا رۆحییەتی بەھاری عەرەبیان تیا ماوە. حکومەتی قەتەر بەردەوامە لە پاڵپشتیکردن و بەسەرکردنەوەی ھەواڵی جیھانی. بەپێچەوانەی ھەوڵی دراوسێکانییەوە بۆ ھێشپنەوەی کۆنترۆڵی زانیارییەکان بەمەبەستی پشتگیریکردن لە “نیزامی کۆنی عەرەبی”. تەنانەت لە تونس و کوەیتیش کە تیایاندا لانیکەم بە “نیمچە ئازاد” لەقەڵەم دەدرێت، میدیا بابەتی ناوخۆیی بەسەر دەکاتەوە، بەڵام ئەو بابەتانە ناوروژێنێت کە رووبەڕووی جیھانی گەورەتری عەرەب دەبنەوە. ناوێرن بوار بە رۆژنامەنوسانی سعودییە، میسر و یەمەن بدەن بۆ قسەکردن. تەنانەت لوبنانیش کە وەک تاجی ئاڵتوونیی ئازادی رۆژنامەوانیی تەماشا دەکرێت، بۆتە قوربانیی دەستی دابەشکاریی و کاریگەریی حیزبوڵای سەر بە ئێران.
جیھانی عەرەب؛ رووبەڕووی شێوازێکی خۆی لە دیواری ئاسنین بۆتەوە کە نەک لەلایەن وڵاتانی دەرەکییەوە سەپێندراوە بەسەریاندا بەڵکو لەناوەوە دەرەنجامی ململانێی ھێزەکانە بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات. لە سەردەمی جەنگی سارددا، رادیۆی “ئەورپای ئازاد” کە پاش ساڵانێک بوو بە دامەزراوەیەکی رەخنەیی، رۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە دروستکردن و ھێشتنەوەی ھیوای ئازادییدا؛ عەرەبیش شتێکی ھاوشێوەیان پێویستە. ساڵی ١٩٦٧، نیورۆک تایمز و واشنتن پۆست بە ھاوبەشیی بوونە خاوەنی رۆژنامەی “ئینەرناشناڵ ھێڕاڵد تریبیون” کە دواتر بووبە پێگەیەک بۆ دەنگەکانی سەرتاسەری جیھان.
ئەم بڵاوکراوەیەی من، واشنتن پۆست، دەستپێشخەرییەکی کردووە بۆ وەرگێڕانی زۆر لە نوسینەکانم و بڵاوکردەوەیان بە عەرەبی. سوپاسی ئەم کارەیان دەکەم. ھاووڵاتیانی عەرەب پێویستیان بەوەیە بە زمانی خۆیان بخوێننەوە تاوەکو لە دیوی جیاواز و ئاڵۆزییەکانی دیموکراسیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و خۆرئاوادا تێبگەن و گفتوگۆی لەبارەوە بکەن. کاتێک میسرییەک وتارێک لەسەر نرخی راستەقینەی پرۆژەیەکی بیناسازی لە واشنتن دەخوێنێتەوە، ئەوا ئەو کەسە دەبێت باشتر لە کاریگەرییەکانی پرۆژەیەکی ھاوشێوە لە ناو جڤاتەکەی خۆی تێبگات.
جیھانی عەرەب؛ پێویستیی بە شێوازێکی مۆدێرنی میدیای نێونەتەوەیی ھەیە تاوەکو ھاووڵاتیەکانیان بە رووداوەکانی جیھان ھۆشیار بن. لەمەش گرنگتر، پێویستمان بە پێگەیەکە بۆ دەنگە عەرەبیەکان. ئێمە کێشەی ھەژاری، خراپ بەڕێوەبردن و خراپی کەرتی پەروەردەمان ھەیە. لەرێگەی دروستکردنی کۆڕبەندێکی نێودەڵەتییەوە، دوور لە کاریگەریی حکومەتە نەتەوەییەکان کە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی رق وکینەن لەرێگەی پروپاگەندەوە، خەڵکی ئاسایی لە جیھانی عەرەبدا دەتوانن تاوتوێی کێشە ریشەییەکانی کۆمەڵگاکانی خۆیان بکەن.
ئەم وتارە دوایین نووسینی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودییە کە پێش بێسەروشوێنبوونی ناردویەتی بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست. رۆژی چوارشەممە (١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧) لەگەڵ تێبینییەکی کارین ئەتیاھی بەرپرسی بەشی بیروڕای جیھانیی رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوکرایەوە. ھەروەک لە تێبینییەکەیدا ھاتووە؛ کارین نووسیویەتی:
رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی دیارنەمانی جەمال خاشقچی لە ئەستەنبوڵ، ئەم وتارەم لە لایەن وەرگێڕ و یاریدەرەکەیەوە پێگەیشت. رۆژنامەکەمان بڵاوکردنەوەی وتارەکەی دواخست بەو ھیوایەی جەمال دەردەکەوێتەوە و من و ئەو پێکەوە پێداچوونەوەیەکی بۆ بکەین. بەڵام ئێستا دان بەوەدا دەنێم کە ئەمە روونادات. ئەمە دوا وتارە من پێداچوونەوەی بۆ دەکەم بۆ واشنتن پۆست. ئەم وتارە زۆر بە لێھاتوویی خولیا و بەڵێنی خاشقچیمان پیشان دەدات بۆ ئازادی لە جیھانی عەرەبدا. ئازادییەک کە لەپێناویدا گیانی خۆی کردە قوربانی. من بۆ ھەتاھەتایە سوپاسگوزارم کە ئەو لە ماوەی ساڵی رابردوودا رۆژنامەی واشنتن پۆستی وەک دوا مەنزڵی رۆژنامەوانیی خۆی ھەڵبژارد و بوارێکی بۆ ئێمە رەخساند پێکەوە کار بکەین.
سەرچاوە: رۆژنامەی واشنتۆن پۆست