تەواوکردنی خوێندن یەکێک بوو لەخەونە مەزنەکانی (ژوان) بۆئەوەی لەدەزگایەکی حکومیدا دابمەزرێ و بتوانێت هاوکاریی باوکە هەژارەکەی بکات لەدابینکردنی قووت و بژێوی خانەوادەکەی.
ژوان خوێندنی تەواوکرد بەڵام وەک هەموو هاوڕێکانی دیکەی ئەویش بەهۆی بێسەروبەری و نادادپەروەری کاربەدەستانی حکومەتی باشوری کوردستانەوە دانەمەزراو بێ ئیش مایەوە لەماڵەوە، ھەتا ئەو ئێوارەیەی کە لەئاهەنگی یەکێک لەهاوڕێ کچەکانیدا (ئازاد)ی ناسی.
لە ئاهەنگەکە ژمارەی تێلیفۆن گۆڕدرایەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەڕێگەی تێلیفۆن قسەیان کرد، ئازاد پێشنیازی هاوسەرگیری بۆ ژوان کردو پێی گووت کە باری دارایی زۆر باشە و بەکاری قاچاغچێتی پەنابەرانەوە خەریکە لەنێوان وڵاتانی تورکیاو یۆناندا.. پێشی گووتبوو کە خاوەنی شوقەو ماڵ و حاڵی خۆیەتی لەشاری ئیستانبۆڵ، دواتر درێژە بەقسەکانی دەدات و پێی دەڵێت کە دوای هاوسەرگیری واز لەکاری قاچاغچێتی دەهێنێت و پێکەوە روو دەکەنە ئۆرۆپا بۆ ژیانکردن.
ووشە رەنگاوڕەنگ و پرشنگدارەکانی ئازاد ، ژوان رازی دەکات، لەماوەیەکی زۆر کەمدا مەراسیمی خوازبێنی و مارەکردن ئەنجام دەدەن دوور لەچاوی یاسا، ئازاد وەک ئەوەی ڕۆڵی کوڕێکی سەلار ببینێ بڕێک پارەش دەدات بەباوکی ژوان.
بەپەلە پاسپۆرتێکی ساختە بۆ ژوان دەکڕێت و دوای دوو ڕۆژ کوردستان بەجێدەهێڵن، پێکەوە دەچنە ئیستانبۆڵ، هەر کە دەگەنە ئەوێ ژوان هەست بە کاڵبوونەوەی ووشە بریقەدارەکانی ئازاد دەکات بەڵام هیچ ناڵێ، بەرلەوەی بچنە شوقەکە لادەدەنە نوسینگەیەک، هاوڕێیەکی ئازاد لەوێ دەبێت، سەر لەسەری یەکتر نزیکدەکەنەوە بەدەنگی نزم چەند قسەیەک دەکەن، ژوان ھیچ تێنەدەگەشت لەوەی کەدەگوزەرا.
شەو داهات، کات درەنگبوو، ئازاد و ژوان بەرەو شوقەکە رۆیشتن، هەر کەگەیشتن ئازاد قاتێک جلی خەوتن دەداتە دەست ژوان، پێدەڵێ تۆ پشوو بدە من دەچم خواردن دەهێنم.
ژوان بەدەم ماندوێتی چاوەڕوانی و نیگەرانیەوە لەسەر تەختی خەوتنەکە خەوی لێدەکەوێ، بەڵام لەپڕێکا بەهێزی دەست و پەنجەیەکی توکن.. بەلوشەلوشی هەناسەو.. ژانی دڕک و چقڵە ڕەشەی سمێڵی پیاوێکی کەڵەگەت و چوارشانەی برسی بۆ گۆشتی ژن وەخەبەردێت.. ژوان نەیتوانی پارێزگاری لەخۆی بکات، پیاوەکە ئەوەندەی ئازاردا هەتا کەنەفت و بێهۆش خستیە بن بازوە زبرەکانی.
وەختێ ژوان هاتەوە هۆش خۆی، هەتاو لەپەنجەرەوە هاتبوە ژوورێ، بەڵام هیچی بەدینەکرد، جگە لەوەی کەخۆر بەو هەموو گەورەییەوە لەدڵۆپێک خوێنی کچێنی خۆیدا دەبریسکایەوە!
ئازادیش هەر نەگەڕایەوەو نەگەڕایەوە..