١-پاڵەوانە دەستبڕاوەکە
کاتێک باس لە شوڕشگێرەکان دەکەین،یەکسەرئەو پرسیارەمان لادروست دەبێت :ئایا ئەگەر مامەریشە و مام ئاراس و ئازاد ھەورامی و عوسمانی قالە منەوەر و خاڵە شیھاب لە ئێستادا بمانایە، چییان دەبوو؟ چۆن وێنەی خۆیان لادروستدەکردین ؟ئایا مامەریشە دەبوە خاوەن ژمارەیەک تەنکەری نەوت؟ مام ئاراس وەکالەتی جگەرەی دەبوو ؟ئازادھەورامی کۆمپانیا زەبەلاحی دادەنا؟ عوسمانی قالە منەوەردەبوو بە بازرگانی دەرمان وچەک؟ خاڵە شیھاب ھۆتێلی پێنج ئەستیرەی دەبوو؟ یان نەخێر ئەمانە بە وێنەیەکی پاکەوە خۆیان دەھێشتەوە .
بەڵام ئایا شۆڕشگێڕەکان دەتوانن پارێزگاریی لەوێنەی جوانی سەردەمی روبەرووبونەوەبکەن؟ ئایا دەتوانن کە پارە وسامان وقاسەی پڕیان دی تەسلیم نەبن و بەردەوام بن لەسەر چیرۆکی پاک راگرتنی مێژووییان؟ ئایا ئەمانە کەسە بەختەوەرەکان نەبوون لەبەرئەوەی بەر لەکەوتنی وێنەپاکەکانییان ژیانیان بەجێھێشت؟
لێرەوە چیرۆکەکە دەستپێدەکات:
٢-ئەو کتێبەی دەبێت بخوێنرێتەوە
خوان مارتن گیڤارا برابچووکی شۆڕشگێڕی بەناوبانگی جیھانی تشی گیڤارایە ،لەساڵیادی پەنجا ساڵەی کوشتنی براکەی کتێبێک بڵاو دەکاتەوە کە دەنگدانەوەی گەورە دروست دەکات، کتێبکە بەناوی (براکەم تشی )یە. لەو کتێبەیدا ھەندێ نەوتراو لەسەر برا شۆڕشگێڕەکەی باس دەکات ،ئەو دەیەوێت ئەوە بڵێت :بۆ گیڤارا توانی پارێزگاری لەوێنەی خۆی بکات ،چونکە بە شۆڕشگێڕی مایەوە وتەسلیمی کورسی وپۆست نەبوو .گیڤارا کاتێکیش زانی پۆستێک (کە وەزیربوە لە حکومەتەکەی کاسترۆ لە کوبا)دەیکاتە دیوێک و دەبێتە پیاوی پۆست ،دەست ھەڵدەگرێت لێی ، دەبێتەوە شۆرشگێڕەکەی جاران .گیڤارا بەر لەھەر شتێک مرۆڤێکی سادەبوو .لەسەرەتای کتێبەکەیدا براکەی دەنوسێت:(گیڤارا مرۆڤێک بوو لە گۆشت وخوێن ،دەبێ ھەموو کارێک بکەین لەووێنەیە دەریبھێنین کە بتێکی پیرۆزە ،دەبێت بچێتەوە شوێنی ئاسایی خۆی ،لەبەرئەوەی خۆشی بمایە رازی نەدەبوو بەوشێوە پیرۆزییە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ). کۆی ئامانجی ئەم کتێبە لەسەر یەک خاڵ دامەزراوە :گیڤارا پیرۆزنییە ،ئەو شۆڕشگێڕێکە ، نابێت بیپەرستین وبەناوی ئەوەوە کاربکەین ،بەڵکو دەبێت بەبیرکردنەوەی ئەو بجوڵێنەوە ،چۆن ؟دەبا بیناسین کێ بوە ؟
٣-ئەو شۆڕشگێڕەی دەبێت بە وەزیر
لەساڵی ١٩٥٥بۆ یەکەمجار کاسترۆ گیڤارای ناسی ،ئەو شەوی یەکتر ناسینە تا سپێیدە موناقەشەی گەرم وتونیدیان کرد لەبارەی ماناکانی شۆڕش ومارکسیەت وئایندەوە ،دوای ئەو گفتوگۆیە کاسترۆ بە ئاشکرا بە گیڤارای وت :تۆ پێویستە لە گەڵماندا بیت ،تۆ دەبێت ببیت بە پایەکی شۆڕش لە کوبا . گیڤارا ھەم وەک پزیشکێک وھەمیش وەک شۆڕشگێڕێک بووە دۆستی شۆڕشی کوبا ،کاتێک شۆڕش لە کوبا سەرکەوت.گیڤارا بوو بە وەزیر، ئەو ئۆفیسەکەی بریتی بوو لە ژورێکی داڕماوی ناخۆش .تەنانەت ھەموو پلەدارێک لە کوبا موچەکەیان ٧٠٠دۆلاربوو تەنھا گیڤارا ١٢٥دۆلاری وەردەگرت کە موچەی سەربازێکی ئاسایی بوو ،لای وابوو وەرگرتنی ئەو موچە زۆرە لە پەیامەکەی دوری دەخاتەوە،تەنانەت رۆژێک لە شیرفرۆشێک توڕەبوو کاتێک شیری زیادەی بۆ دانابوو بەوپێیەی وەزیرە .
کە شۆرش سەرکەوت کاسترۆ بە نھێنی ناردی بەشوێن ھەمووماندا کە وەک خێزانی گیڤارا بەشداربین لە مەراسیمی سەرکەوتنی شۆڕش لە کوبا ،تا گەیشتینە ھاڤانا ، گیڤارا نەیدەزانی کە بانگیشتنامەمان بۆ ھاتوە ،لەبەرئەوەی بیزانیایە رەفزی دەکردەوە بەبیانووی ئەوەی کە ھاتنی ئێمە پارەی دەوێت ،ئەمەش بودجەیەکی زیادەیە لەسەر دەوڵەت.
باوکم پێ دەوت: کوڕم خێر لە خۆشییەکانی شۆرش وەرگرە ،ئەویش دەیووت:من شۆڕشگێڕم نەک بازرگان .
باوکم دەیووت: کوڕم ئێمە نیمانە وھەژارین دەبێت تۆ ببیتە ھۆکاری خۆشکردنی ژیانمان ،ئەو دەیووت:ھەر ئێوە ھەژارنین زۆربەی خەڵکی کوبا ش ھەژارن خۆتان چارەسەری خۆتا ن بکەن ، چۆن بۆ ئەوان باش نەبم بەڵام تەنھا بۆ ئێوە باشبم .ئەو کاتێک زانی پۆستەکە رێگری لە خەونەکانی دەکات ، لەشۆڕشگێڕەوە دەیکاتە خاوەن کورسی ،دەستبەرداری پۆستەکەی بوو ،گەڕایەوە بۆناو دارستانەکانی بۆلیڤیا ، بووەبە شۆڕشگێڕ .
٤-ھیچم بۆ منداڵەکانم بەجێنەھێشتوە
پاش وازھێنانی لە پۆستەکەی،نامەیەک بۆ کاسترۆ دەنوسێت،تێیدا ھاتوە :ھیچ سامانێکم بۆ ھاوسەرەکەم و منداڵەکانم بەجێ نەھێشتوە، داوای ھیچش ناکەم بەتایبەت بۆیان بکەیت چونکە دەزانم دەوڵەت دەتوانێت خوێندن وژیانیان بۆ دابین بکات تا خۆیان پێدەگەن ،ھیچم ناوێت .
کاتێکیش ھەواڵی مردنی گیڤارا بڵاوبووە ،کوبا سێ رۆژ پرسەی گشتی راگەیاند لە مەراسیمی پرسەی گشتیدا کاسترۆ لەبەردەم ملێونێک ھاوڵاتی کە لەمەراسیمی ماڵئاوایی لە رۆحی گیڤارا ئامادەبوون، وتارێکی پێشکەشکرد تێیدا وتی:بە تێکۆشەر و پیاوانی ئازا و شۆڕشگێڕەکان دەڵێن ھیچ مەبن تەنھا وەک گیڤارابن ،ئەگەر پرسیاریانکرد نەوەکانی داھاتوو دەبێت چۆنبن دەڵێن وەک گیڤارا دەربچن ،ئەگەر داوایان لێکردین چۆن منداڵەکانمان پەروەردە بکەین دەڵێن لەسەر وانە ورۆحی گیڤارا پەروەردەیان بکەن، ئەگەر وتیان چۆن پیاوێک دروستبکەین کە تەنھا لە ئێستادا نەژی بەڵکو ئایندەش مسۆگەر بکات ،دەڵێن وەک گیڤارا بن .ئێمە وەک شۆڕشگیر ئاواتە خوازین کە منداڵەکانمان وەک گیڤارایان لێدەربچێت .
٥-من نە مەسیحم نە ئەکتەری سینەماییم
گیڤارا لەنامەیەکدا بۆ دایکی دەنوسێت :من مەسیح نیم ،من خەبات دەکەم ،چەکەکەم بەکاردەھێنم بۆ ئەوەی خۆم بپارێزم و لە خاچ نەدرێم .ئەو لەنامەیەکی تردا دەنوسێت :ھەموو شۆڕشێک پێوسیتی بە جورئەت و سەرکێشی ھەیە ،شۆرشگێڕی راستەقینە دەبێت ھێزی گەورەی ھەبێت ھەم لە مرۆڤایەتی وھەمیش لە دادپەروەری بۆ ئەوەی نەگاتە بنبەست وگۆشەگیربێت .لای گیڤارا شۆڕشگێرەکان دەبێت دادپەروەربن گەرنا ئەوا مێژوویان یەکسان دەبێتەوە بەھیچ .ناشبێت لەخۆیان بایی بن ومنەتی شۆڕش بەسەر خەڵکدا بکەن،بۆیە گیڤارا ھەمیشە دەیووت:خەڵک بۆ وێنە لەگەڵ مندا دەگرێت یان داوای ئیمزام لێدەکات من ئەکتەری سینەمایی نیم ،منیش مرۆڤم وەک ئەوان. تەنانەت کە دیاری گرانبەھای لەسەرۆکی وڵاتانەوە بۆ دەھات یەکسەر دەیبەخشییە کەسانی تر. بۆ نمونە تەلەفزیونێکی رەنگاورەنگی بەدیاری بۆ ھات کە لەکوبادا دەگمەن بوو،بەڵام ئەو بەخشی بە چالاکترین فەرمانبەر لەوەزارەتی پیشەزازی .
براکەی لەم کتێبەدا دەنوسێت :بۆیە دەبێت ھەمووان کاربکەین رۆحی گیڤارا بپارێزن نەھێڵین ببێت بە کەرەستەی بازرگانی بۆ فرۆشتن ،دەبێت خەڵک لەگیڤاراوە فیری سادەیی شۆڕش وخۆڕاگری و دەستپاکی بێت ،نەک وێنەکەی وەک کاڵایەک بەسەر ترشیت وکڵاو وموستیلەوە بنەخشینین،گیڤار یەکسانە بە بیروباوەڕەکەی نەک پیرۆزکردنی ناوەکەی.
٦-سارتەر حەپەسا ،دەزانن بۆ؟
ماڵمان پڕبوو لە کتێب ،ھەموان دەمانخوێندەوە تەنانەت لەسەر کتێبەکان گفتۆگۆی توند و زۆرمان دەکرد،گیڤارا بەتەواوەتی عاشقی کتێب بوو، نەیدەویست کاتی بە فیڕۆبدات تەنانەت بۆ wcکتێبێکی لەگەڵ خۆیدا دەبرد ،ھەموو ئەو کتێبانەی کە گیڤارا دەیخوێندنەوە تێبینی زۆریی لەسەر دەنوسین . دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا کاتێک سارتەر وسیمۆن دی بڤوار سەردانی ھاڤانایان کرد ، چاویان بە گیڤاراکەوت ،دواتر سارتەر رایگەیاند :حەپەسام لەپشت ئەم شۆڕشگێرە کاسکێت لەسەرە رۆشنبیر وفەیلەسوف وخوێنەرێک ھەیە کە کەم کتێب ھەیە نەیخویندوبێتەوە .
٧-جەستەیەکی دەستبڕاو ،حزبی شیوعییەکی بێ ھەڵوێست
پاش کوشتنی گیڤارا تەرمەکەی بزربوو ،باسی ئەوەدەکرا کە سوتێنراوە ،یان فڕی دراوەتەوە ناو دەریاکانەوە ،تا ساڵی ١٩٩٥،جۆن لی ئەندرسۆن کە رۆژنامەنوسێکی ئەمەریکی بوولەدیدارێکدا لەگەڵ یەکێک لەو ئەفسەرانەی بەشداربوون لە کوشتنی گیڤارا راستی روداوەکەی دەرخست وشوێنی ناشتنی گیڤارا وشەش ھاوڕییەکەی کە بەکۆمەڵ نیژروان دەرخست ،پاش پشکنینی ورد بۆ ناوچەکە تەرمەکەی دۆزرایەوە کۆمەڵێ ئیسک دۆزرایەوە ،ئیسکێک بەھۆی ھەردوو دەستی بڕاوەیدا ناسرایەوە کە ئەوە گیڤارایە .لەبەرئەوەی پاش بەدیلگرتنی خۆی وھاوڕییەکانی گوللەباران دەکرێن ،بۆ ئەوەشی دڵنیایی بدەن بە دەسەڵاتی کوبا کە کوژراوە ھەردوو دەستی دەبڕنەوە دەنێردرێتەوە بۆ کوبا،تا لەرێی بە پەنجە مۆروە بزانرێت ئەوە گیڤارایە کە کوژراوە .گومانەکان زۆربوون بەڵام دواتر بۆمان رونبووە کە ھۆکاری کوشتنی گیڤارا بە ھەماھەنگی حزبی شیوعی بۆلیڤیا و رێککەوتنی نھێنی ھەردوو دەزگای ھەوڵگیری سوڤیەتی جاران و ویلایەتە یەگرتووەکان کراوە ئەمەش بە بیانووی ئەوەی دەبێت گیڤارا بکوژرێت چونکە سەردەمی شۆرش و تێکدانی ئەو ناوچەیە نییە .گیڤارا کوژرا بەڵام ئەو وەک رەمزی شۆڕشگێڕیی پاک مایەوە ،پاکییەک نە پۆست نە وەزارەت نە پۆزی مێژوو نەیگۆڕی.
٨-کاتێتی ئەو پرسیارەیە بیکەین؟
ئەرێ کەس ھەیە وەک گیڤارا ژیابێت؟ ئەو چۆن توانی پارێزگاری لەوێنەی پاکی خۆی بکات؟ ئایا شۆڕش بۆ پۆست وکورسی دەکرێت یان بۆ ئازادی و بەھا و ناو؟ بۆ شۆڕشگێڕەکان ناتوانن بەپاکی داخڵ بەمێژووبن؟ کێ وەک ئەو ژیا؟