ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و دەزگای کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکى هاوبەشدا رایانگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ٣ی ئۆکتۆبەر، ٨٤ هەزار و ٣٤٥ کۆچبەر و پەنابەر لە ڕێگەى دەریاوە گەیشتوونەتە ئەوروپا، زیاتر لە ٣٨ هەزاریان چوونەتە ئیسپانیا.
ساڵی ڕابردوو لەو ماوەیەدا ژمارەی کۆچبەرانی گەیشتوو لەڕێگەى دەریای ناوەڕاستەوە ١٣٩ هەزار و ٦٧٧ کەس بوون، هاوکات ساڵی ٢٠١٦ش نزیکەى ٣١٢ هەزار و ١٥٣ کەس بوو، واتە ڕێژەی تێپەڕبوونى کۆچبەرانی نائاسایی بە دەریای ناوەڕاستدا ڕووی لە کەمی کردووە.
هاوکات ژمارەی مردووان بە بەرزیی ماوەتەوە و هەزار و ٧٧٧ کۆچبەر خنکاون، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا دوو هەزار و ٧٤٩ کەس خنکاون و ساڵی ٢٠١٦ سێ هەزار و ٦٨٢ کەس خنکاون.تەنها لە مانگی ئەیلولدا، ٩٤٧ کەس گەیشتوونەتە ئیتاڵیا کە لەدوای پێنج ساڵ، یەکەمجارە کەمتر لە هەزار کەس لە ئەیلولدا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، واتە لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکى زۆرتر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.
پڕۆژەى کۆچبەرانى بێسەروشوێنی سەربە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە، لە نۆ مانگی ڕابردوودا، واتە لە سەرەتای ساڵ تاوەکو ٣ی ئۆکتۆبەر، هەزار و ٧٧٧ کەس یان خنکاون یان بێسەروشوێن بوون لە دەریای ناوەڕاستدا. پڕۆژەى کۆچبەرانى بێسەروشوێنی سەربە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە، زیاتر لە ٦٠%ی ئەو کۆچبەرانەى لە جیهاندا مردوون لە دەریای ناوەڕاستدا بووە، کە نوێترینیان نوقمبوونی بەلەمێک بوو لە ١ی ئۆکتۆبەر لە نێوان مەغریب و ئیسپانیا کە بووە هۆی مردنی ١١ کەس و بێسەروشوێنبوونی ٢٣ کەسى دیکە و ٢٦ کەسیش ڕزگاریان بووە.
تیمی وڵاتانی ڕۆژئاوای بەلکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، تەنها لە مانگی ئەیلولدا، زیاتر لە چوار هەزار و ٣٥١ کۆچبەری نوێ تۆمارکراون کە ڕۆشتوونەتە وڵاتەکانى ئەلبانیا و بۆسنە و هەرسک و مۆنتینیگرۆ، کە ٢٠ ئەوەندە زیاترە لەو گەشتووانەى کە مانگی ئەیلولی ساڵی پار تۆمارکراوە.
لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلول، ٢١ هەزار و ٥٩ کۆچبەری نائاسایی تۆمارکراون کە چوونەتە ئەو وڵاتانە و زۆرینەیان خەڵکی عێراق و سوریا و پاکستان و ئێران و جەزائیر بوون