جەنگیز چیچەک پارێزەری عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند، دەستەواژەی پەراوێزخستنی ناوبراو چیتر ئاماژە نییە بۆ ڕاستی دۆخی ئۆجلان بەڵکو لە ئێستادا لە حاڵەتی ونبووندایە.
پارێزەرەکەی ئۆجەلان کە لە هەمان کاتدا هاوسەرۆکی هەدەپەیە لە ئیستنەبوڵ بە ئاژانسی فوڕات نیوزی ڕاگەیاندووە مامەڵەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئمراڵی بەردەوامە.
چیچەک ئاماژەی کردووە بە دۆخی زیندانیکردنی ئۆجەلان کە ماوەی ١٨ ساڵە لە زیندانە و دەوڵەتی تورکیا پابەندە نەبووە بە خودی یاساکانی خۆیەوە لەو ماوەیەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، عەبدوڵا ئۆجەلان لە یەکەم ڕۆژی زیندانیکردنیەوە ڕووبەڕووی پەراوێزخستن بووەتەوە و دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لە مامەڵەی نامۆراڵیانە لەگەڵیدا.
لە بەشێکی وتەکانیدا ئەو پارێزەرەی ئۆجەلان ئاماژەی بەوەکردووە “پێشێلکارییەکان کە لە زیندانی ئیمراڵی ڕوودەدەن، بە تەنها پێشیڵکاریو سوکایەتی نییە بە بەهاکانی مرۆڤ و مۆراڵ، بەڵکو لەو پەیڕەوکردنەدا خودی یاساکانی دەوڵەتیش سوکایەتی و پێشێلکردنی بەرامبەر کراوە، ئەو یاسایانەی کە هەمیشە دەوڵەتی تورکیا شانازییان پێوە دەکات”.
چیچەک لە بەشێکی تری وتەکانیدا دەربارەی دۆخی زیندانیکردنی ئۆجەلان و ئەو زیندانیانەی دیکەش کە لەهەمان زیندانن رایگەیاندووە، ئەوەی دەوترێت بەرامبەر بە ئۆجەلان کە گوایە پەراوێزخراوە، تەنها بۆ ساکارکردنەوە و سوککردنی مامەڵەو هەڵسوکەوتەکانە لەدژی، بەڵام لە ڕاستیدا ئۆجەلان و سیان لە هاوڕێکانی لە ئێستادا وەک بێسەرشوێن و ونبوو حسابیان بۆ دەکرێت، جەختیشکردووەتەوە کە دەتوانێت بڵێت ئەو چوار شۆڕشگێرە ماوەی ساڵێکە لە دورگەی ئیمرالی بێسەروشوێنن، چونکە ناتوانن پەیوەندی بکەن بە جیهانی دەرەوە و کەسیش ناتوانێت پێیان بگات، ئەوان لە ئێستادا لە ناوەڕاستی دەریای مەڕمەڕە لە دۆخێکی زۆر خراپتر لە گروتوخانەی گوانتەنامۆ ژیان بەسەر دەبەن.
پێشبینی ئەوەشی کرد کە ئۆجەلان لە دۆخێکی تەندروستی خراپدا بێت بە تایبەت کە ناوبراو لە ئێستادا تەمەنی ٦٨ ساڵە و چیتر ناتوانێت بەرگەی دۆخی پەراوێزکردن بگرێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان کێیە
عەبدوڵا ئۆجەلان لە ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە گوندی ئامارا (عومەرلی) لە شارۆچکەی سروجی سەر بە پارێزگای ڕحا (ئۆرفە)ی باکووری کوردستان لە دایکبووە.
ئۆجەلان لە دواى تەواوکردنى خوێندن لە ناوچەکەیان بەشدارى لە تاقیکردنەوەى زانکۆدا کرد و بۆ خوێندن لە کۆلێژى زانستە سیاسییەکانى شارى ئەنقەرە دەرچوو. لە شارى ئەنقەرە بەشدارى لە کارى کۆمەڵە جۆراجۆرەکان و چەپەکاندا کرد. بۆ ماوەیەکیش سەرۆکایەتیى کۆمەڵەى خوێندکارانى ئەنقەرەى لە ئەستۆ گرتبووە و بەهۆى چالاکییەکەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا و بۆ ماوەى شەش مانگ زیندانى کرا.
ئۆجەلان لە دواى ئەزموونەکانى کارکردنى لەگەڵ ئەو کۆمەڵە جۆراجۆرانەدا لە ساڵى ١٩٧٤ بڕیار دەدات لەگەڵ هەر یەک لە کەمال پیر، حەقى قەرار، مەزڵوم دۆغان و محەمەد خەیرى دورمش گروپێک دروست بکات، کە شێوەى کارەکانى لە کۆمەڵە و گروپە باوەکانى تورکیا و کوردستان جیاواز بێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان زیاتر لە ٤٠ کتێبی نووسیوە. لە زیندانی ئیمڕاڵی نۆ کتێبی نووسیوە و بڵاوکراوەتەوە. بەشێک لە کتێبەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەڕەنیسی، ئیتالی، ڕوسی، ئیسپانیولی، فارسی و عەرەبی.
تا ئێستا ٧ هاووڵاتیبوونى فەخرى بە ئۆجەلان بەخشراوە.