بۆ: بەڕیوبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی
وێنەیەك بۆ :
– حکومەتی هەرێمی کوردستان
– وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان
– لیژنەی بەرگری لە مافەکانی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان
بەڕیزان : ئیمە وەك گروپی ژیان لەم ڕۆژەدا ئەم یاداشتی ناڕەزایەتیە دەخەینە بەردەستتان کە تایبەتە بە دیاردەیەکی زەق لە هەرێمی کوردستان ئەویش دیاردەی ئیهانەو سوکایەتی کردنە بە ژنان لە مینبەری مزگەوتەکان و میدیا تایبەتەکانەوە و بڵاوبوونەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان.
وەك ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەلێک ووتار خوین ، بێ هیچ سنوورێك، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە کاتی وتاری ڕۆژانی هەینیدا و لە میدیا تایبەتەکانی خۆیانەوە، دەکەونە ئیهانە و سووکایەتی بە ژنان، کەچی هیچ لایەن و دەسەلاتێك نەك لێیان ناپرسێتەوە، بەلکو بۆتە ئاساییترین دیاردەی کۆمەلگەی کوردستان . لەم وتارانەدا بە پێی ئەو دۆکیومەنتانەی ئێمە کۆمان کردوونەتەوە ( وشەی نەشیاو، پلە دوویی ژن ، ئیهانە و سووکایەتی زۆر بەرامبەر بە ژنان دەکەن )، ئەم سووکایەتی و ئیهانانەی کە هیچ کەس خۆی ناکاتە خاوەنی، بۆتە جێگای نیگەرانی و ناڕەزایی کۆمەڵێک ژنان و پیاوانی چالاک لە بوارە جیاوازەکاندا. بۆیە هاتنی ئیمە ئەمرۆ و گەیاندنی ئەم یاداشتە، داخوازی ئێمەیە بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو بانگخوازانە، نەک تەنها لە سلێمانی بەلکو لە هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان.
ئەم خاڵانەی لای خوارەوە داخوازیەکانی ئێمە ن چاوەڕوانین کاری جدی لەسەر بکرێت.
– هەر جۆرە هاندانیک بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان قەدەغە بکرێت و ئەو بانگخوازانەی ئەو کارەش ئەکەن، لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
– لە وتە و وتار و میدیا تایبەتاکانی بانگخوازەکاندا بە هیچ جۆرێك نابێت سووکایەتی بە ژنانی تێدا بێت.
– وتاری بانگخوازەکان دەبێت لە ڕیگای حکومەت و وەزارەتی ئەوقافەوە چاودێری بکرێت، تاکو ئازاد نەبن لە بڵاوکردنەوەی توندوتیژی لە وتارەکانیاندا
– سەرپێچی کردنی ئەو یاسایانەی کە کەسایەتی و کەرامەت دەپاریزێت لەلایەن بانگخوازانەوە، جگە لەسزای یاسایی پێویستە لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقافیشەوە لێپێچینەوە و سزای هەبێت، بە پێچەوانەوە، وەزارەتی ئەوقافیش بەرپرسی ئەو سەرپێچیانە دەبێت.