
یوكسەكداغ پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی سەرۆكانی هەدەپە لە پارێزگاكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەڵامی چەند پرسیارێكی دایەوە.
لە وەڵامی پریاری ئەوەی کە ئایا دوای وەرگرتنی ئەركی پێكهێنانی حكوومەت پەیوەندی بە لایەنەکانی سیاسییەوە دەكەم، ئایا لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئێوە تا ئێستا هیچ پەیوەندی بە ئێوەوە كراوە یا نا؟ یوكسەكداغ وتی: “تا ئێستا لە لایەن سەرۆكوەزیرانەوە هیچ جۆرە پەیوەندییەك بە ئێمەوە نەكراوە، لێدوانەكانی دوێنێ ئەحمەد داودئۆغڵو لەبارەی دامەزراندنی حكوومەتەوە نیشانەی ئەوەن كە هێشتا سیاسەتی پەراوێز خستنی هەدەپە بەردەوامە و هەر چەند هیچ بانگەوازییەك یا داواكارییەك ئاراستەی هەدەپە نەكراوە، بەڵام هێشتا لێدوان و هەڵوێستە سیاسییەكانی بەرپرسانی توركیا نیشانەی ئەوەن كە هەوڵ بۆ پەراوێز خستن و دوورخستنەوەی هەدەپە لە پڕۆسەكە دەدرێت”.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا مەبەست یا ئامانجی هەدەپە لە هەڵبژاردنەكان چییە؟ یۆكسەكداغ وتی: “ئێمە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین رێژەی دەنگەكان بگەینینە سەدا 20، چونكە ئەم رێژەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە توركیا رێژەیەكی یەكجار زۆرە”.
یۆكسەكداغ وتی: “پێویستە هەموو پارتە سیاسییەكانی نێو پەرلەمان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و هەنووکە توركیا رووبەڕووی هەڵبژاردنێكی ناچاری كراوە و بەشداریكردن لە حكوومەتی كاتیدا بە مانای پاراستنی ئیرادە و دەستپێشخەری خەڵكە، بەڵام هێشتا چەند هەوڵی جیاواز هەن بۆ رێگریكردن لە پاراستنی ئیرادەی خەڵك و هەڵوێست و لێدوانە جیاجیاكانی دژ بە هەدەپە درێژەیان هەیە و ئێمە ئەم جۆرە هەڵوێستانە قەبووڵ ناكەین و هەڵوێستی هەدەپە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی كاتی سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەكان، تاقە رێگای رزگار كردنی توركیا لەو قەیرانە سیاسییەیە كە بەرۆكی توركیای گرتووە”.
یوكسەكداغ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی: “بە هۆی دەستوەردانییەكانی كۆشكی سەركۆمارییەوە پارتە سیاسییەكان نەیانتوانی هاوپەیمانی بكەن بۆیە توركیا تووشی قەیران بووە و ئێمە وەكو هەدەپە لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی ئەو شتانە دەدەین كە لە لایەن كۆشكی سەركۆماری و حكوومەتی ئاكپارتییەوە جێبەجێ نەكراون”.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە ئایا لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ هەدەپەدا هیچ ناوێك وەكو وەزیر بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی كاتی دەستنیشان كراوە یا نا؟ یوكسەكداغ وتی: “هەر پەرلەمانتارێكی هەدەپە دەتوانێت ببێتە وەزیر بۆیە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ناو یا كەسێكی تایبەت نەكراوە بەڵام لەمەو بەدواوە بە پێی پێشهاتەكان رەنگە گفتوگۆ لەسەر ناو یا كەسێكی تایبەت بكرێت”.
یوكسەكداغ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاژەی بەوە كرد كە پێشنیاری ئەوەمان ئاراستەی سەرۆكوەزیر كردووە كە نیوەی وەزیرەكانی ئەم كابینەیە ژن بن و ئێمە گرنگە بەوە دەدەین كە لە نێو ئەو كەسانەدا هەڵدەبژێردرن ژن هەبن.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لەبارەی ئەوەی كە ناوی هەندێ لە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی ببنە وەزیر بڵاو كراوەتەوە و پەیامی ناڕاستەوخۆیش لەو بارەوە دەدرێن، هەڵوێستی ئێوە لەو بارەوە چییە؟ یوكسەكداغ وتی: “تا ئێستا لەو بارەوە هیچ جۆرە داواكارییەكی فەرمی ئاراستەی هەدەپە نەكراوە و ئەو شتانەی باسیان لێوە كراوە هەموویان پێشبینین، ئەوانەی دەگوترێن دەكرێت جێبەجێ بكرێن، بەڵام لەو بارەوە تا ئێستا هیچ شتێكی روون و بەرچاو لە ئارادا نییە”