رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ رەخنە لە مامەڵەی هیزە ئەمنییەكانی هەرێم لەگەڵ كوڕ و پیاوی ئاوارەكانی شەڕی موسڵدا دەگرێت و ڕایگەیاند هیزەكان بە هەڕەمەكی خەڵكیان دەستگیركردووە.
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێكی لەسەر مامەڵەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە”هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی هەڕەمەكی ئەو پیاو و كوڕانە دەستگیردەكەن كە تەمەنیان لە ١٥ ساڵ بۆ سەرەوەیە لە كامپی دیبەگە، كە لە موسڵ و حەویجەوە خۆیان گەیاندووەتە هەرێمی كوردستان”.
راپۆرتی رێكخراوەكە ئاماژەی بەوە داوە كە ژمارەیەك لەو كوڕ و پیاوانەی كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە سەرەڕای ئەوەی دەربارەی بونی پەیوەندییان بە رێكخراوی داعشەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە، بەڵام بۆ ماوەیەكی درێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.
رێكخراوەكە، وەڵامی دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەڵەتییەكانی لە دو توێی راپۆرتەكەدا بڵاوكردۆتەوە كە رایگەیاندووە”لێكۆڵینەوەی زیاتر لە كوڕ و پیاوەكان دەكرێت لەو كامپەدا، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە”.
لوما فەقێ جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوەكەش جەختی لەوە كردۆتەوە كە دەستگیركردنی ئەو پیاو كوڕانەی سەروو 15 ساڵن و لەژێر دەستی داعش رایانكردووە، تەنیا بە گومانی تێوەگلانیان لە تیرۆر، واتا پێشتگوێخستنی پرۆسەی زامنكردنی سەلامەتی رێكارە یاساییە نیودەوڵەتی و عێراقییەكانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
ڕێكخراوەكە دیداری لەگەڵ چەند ئاوارەیەك سازداوە لە كەمپی دیبەگە، ئەوەیان ڕاگەیاندووە كە كوڕانی سەرو ١٥ ساڵ و پیاوەكان جیاكراونەتەوە و بۆماوەی چەندین هەفتە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە.
لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا هیومان رایتس وۆچ داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم كردووە ڕێگە بدەن ڕێكخراوەكانی چاودێری مافەكانی مرۆڤ، چاودێری كردنی كامپی ئاوارەكان لە هەرێمدا بكەن.