ماڵئاوا “خوشترین چیرۆکی خۆشەویستی” ئەو کورتە چیرۆکە بوو لە کۆمەڵە کورتە چیرۆکی”گیف الغائب- تارمایی نەهاتوویەک” لە نووسینی بەڵقیس ئەلروبێعی وەرمگرتبوو، کردبوومە کوردی و بە بۆنەی رۆژی خۆشەویستی ڤالەنتاین و رۆژی شەهیدی شیوعی ١٤ی شوبات، لەم لاپەڕەیەی خۆمدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە چەند سایتێکی کوردیدا بڵاومکردبۆوە، لە ئەنجامدا هاوڕێ بەڵقیس کە هاوسەری شەهیدی نەمر دکتۆر محەمەد بەشیشی “ابو ڤفر”ە، کە ساڵانێک لە کوردستان پزیشکی پێشمەرگەبوو، کاتێک لەگەڵ مەفرەزەیەکی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی عیراق لە قامیشلۆوە بەرەو کوردستان بەڕێکەوتن و لەکاتی پەڕینەوە لە روباری دەجلە رۆژی ٢٧/٩/١٩٨٤ کەوتنە بۆسەی جاش و سوپای رێژیمی فاشیستی بەغداوە و لەگەڵ چەندپێشمەرگەیەکی قارەمان لەوانە هاوڕێ ئەبو هەدیل بەرپرسی مەفرەزەکە شەهیدبوون. هاوڕێ بەڵقیس ئەم نامانەی بە عەرەبی بۆ ناردم کە بە کوردیش بڵاویاندەکەمەوە:
(ئازیزم ئەبو مەحمود لەگەڵ سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ئەو بایەخە گەورەیەت، هیوادارم تەندروستیت باش و تەمەنت درێژبێت بۆ ئەوەی لە بەخشندەییدا بەردەوامبیت. ئێستا توانیم چیرۆکە وەرگێڕاوەکە لەو سایتانەی بۆتناردبووم ببینم. جارێکیتر زۆر سوپاس).
(“ئازیزم ئەبو مەحمود لەگەڵ سڵاوی گەرمم. بە خودا ئەی بە وەفا و بەڕێز ناتوانم بە وشە رادەی سوپاس و پێزانینم دەربڕم بۆ بایەخدانی زۆرت. هیواداری تەندروستی و بەختیاریتم. سڵاوم بۆ ئازیزم دایکی مەحمود. بە دڵنیاییەوە چیرۆکی (یەکەمین ماڵئاوایی) رێگەی بۆ وەرگێڕان دەگرێتەبەر. هەر بژیت وەک برایەکی خۆشەویست).
وا لەسەر داوای ئەو هاوڕێ بەرێزە چیرۆکی (ماڵئاوایی)م کردە کوردی و بڵاوی دەکەمەوە.
* * * * *
کاژێر لە سێی دوای نێوەڕۆ نزیک دەبۆوە کە زەنگی دەرگاکە لێدرا، زۆری پێنەچوو ئەمجارە زۆر بە توندی لەدەرگاکە درایەوە. ئاوات ڕاچڵەکی و ترسا چونکە ئەم دەرگا لێدانە لای ئەو هاتنی (ئەمن) دەگەیەنێت. لەدرزێکی ژێرپەردەکەوە تەماشایکرد، ئۆتومبیلێکی فۆکسواگۆنی شینی ئاسمانیی بەرچاوکەوت، لەگەڵ زەلامێکی قەڵەوی کورتەبنە کە هەردەهات و دەچوو تەماشای دەرگاکەیانیدەکرد.
کیژەکە هەوڵی دا گوێینەداتی و هێمن وئاسایی بێتەبەرچاو، دەرگاکەی کردەوە.
– دەمەوی قسە لەگەڵ دکتۆر بکەم.
– بەداخەوە لەماڵنییە.
– ئەی دەزانیت کەی دەگەڕێتەوە؟
– لەوانەیە دوای دوو یان سێ کاژێریتر بگەڕێتەوە، زۆری پێناچێت.
ئیتر کابرا رۆیشت و ئەویش دەرگاکەی داخست. لە هاوسەرەکەی نزیکبۆوەو لەروخساریدا شتێک بەدی نەدەکرا جگە لەترس بەرانبەربەو..
– دەبێ هەر ئێستە بڕۆیت!
– بەڵێ.. بەڵام ئێستا نا … بەڵای کەمەوە دوای نیو کاژێر، لەوانەیە لەم نزیکانە چاوەڕوانبن، من شێوەی کاریان دەزانم… رەنگە جارێکیتر بگەڕێنەوە.
دەستبەجێ ئەحمەد جلەکانی لەبەرکرد، هەندێ کاغەزو پەساپۆرتەکەی هەڵگرت و بێئەوەی کەس بیبینێت روویکردە شوێنی لەدایکبوونی.
لەناخی ئاواتدا مەترسی گەورەدەبوو. ئەویش جلەکانی خۆی لەبەرکردو جلی کردەبەر هەردوو منداڵەکەی و دوای ئەوە دەرچوو. ئەوەی بەبیردا نەدەهات کە دەگاتە ئەو پاسەی هاوسەرەکەی سواری بووە. سواری پاسەکەبوون و هاوسەرەکەی نەدی کەلەسەر کورسییەکی دواوەی پاسەکە دانیشتبوو. کچەکەی کە تەمەنی لەچوار ساڵ تێنەپەڕیبوو، لەدایکی وەژاند و بەدەنگێکی نزم گوتی:
– دایە سەیرکە.. بابە لەدواوە دانیشتووە.
– دایکی بەگوێیدا چرپاندو گوتی: ” گیانەکەم هیچ قسەمەکەو وشەی”بابە” لەدەمت دەرنەچێ و تەماشای مەکە”.
ئاوات لەجێگەیەکی ستراتیژی لەناوپاسەکەدا دانیشتبوو، لەوێوە دەیتوانی ئەحمەد ببینێت بێ ئەوەی سەرنجی کەس رابکێشێت. بەچاکی سەرنجیدەدا واهاتە بەرچاوی وەک ماوەیەکی درێژبێت نەیدیبێ. زۆر شتی تێدا دەدۆزییەوە.. زەرەخەنەکەی کە سەر روخساری رووە سۆمەرییەکەی تەنانەت لە ناخۆشترین بارودۆخداجێنەدەهێشت. ئەویش سەرنجی دەدایە ئاوات وەک بێەوێ دیداری چاوی لێتێربکات. ئەو خۆشەویستییەی کە هەر لەوکاتەوە قوتابیی دواناوەندیبوون کۆی کردبوونەوەوپاشان ژیانی بەختیاری هاوسەرگیری و…و ئەوەتا ئێستاش لێکدوورکەوتنەوە چاوەڕوانیانەو، کاژێرە چارەگرانەکەی جودایی داهاتووە. لەشارەکەیدا لەپاسەکە هاتنەخوارەوەو،هەریەکەیان بە لایەکی جیاوازدا رۆیشتن، هەروەک یەکتر نەناسن.
ئاوات و هەردوو منداڵەکەی چوونە ماڵیکەسوکاری ئەحمەدو لەوێ چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەویاندەکرد.
کاتژمێر نزیکەی دەی شەوبوو ئەحمەد گەڕایەوەو لە تەنیشت ئاواتەوە خۆی دا بەسەر جێگەکەداو باسی ئەوەی بۆکرد کە گەیشتۆتە چ بڕیارێک، ئەویش ئەوەیە چەند بەخێرایی بتوانێت لە نیشتیمان دەرچێت، لەوەش ئاگاداریکردەوە کە دڵنیایە مەترسی نزیکبۆتەوە. ئەوشەوە ئاوات هیچ نەنووست و پێڵووەکانی نەخستنە سەریەک…
ئەحمەد سبەینێ بەیانی دەردەچێت. ئاوات سەری خستە سەرشانی و باڵی بەدەوریداهێناو بەچرپە هەندێ وشەی درکاند، وشەکانی تەنگانەو ماڵئاوایی و لێکجودابوونەوەونەیدەزانی ئەمە چەند درێژەدەکێشێت. وشەی لەشێک کە ناخوازێت جیابێتەوە…
– بمدەرەپاڵ سنگە پڕلە خۆشەویستییەکەت، لە پێناو خۆشەویستیماندا کە لەنێوان پەراسوەکانمدا پەرستگایەکی بۆتۆ دروستکردووە، بەرگری تاڵیی جیابوونەوەی قورس و گرانت دەکەم… ئێمە هەردووگیانمان تێکەڵبوون و بوونەتە یەک گیان.
ئاواتی گرتەباوەش.. ماچیکردو لەچاوە پڕلەپێکەنینەکەیدا زەردەخەنەیەکی دلگیریی دەبینی.
هەستی بە خەمباریکرد لەکاتێکدا وایدەبینی تەماشایدەکات وەکو لێیبپاڕێتەوە: “لێم دوورمەکەوەرەوە.. من بەبێ تۆ وندەبم..”.
خۆشەویستم من لێرە لەتەنیشتتەوەم. بەناچاری بۆ ماوەیەکی کورت لێکجودادەبینەوە، بەڵام پاشان بە دیداری یەک دەگەین و جودایی دەکوژین، تەنیا تۆ لەناو دڵمدا دەبیت تا ئەوکاتەی مردنم دادێ.
– چاوەڕوانتدەکەم و نیگەرانمەبە بۆئێمە بەڵام وریای خۆتبە، ئایا دڵنیایت پەساپۆرتەکەت پێیە؟
– بەڵێ لەوبارەیەوە نیگەران مەبە، دەربارەی بارودۆخی من خۆت ئازارمەدە.
کات بەرەبەیانی زووبوو، شەقامەکان چۆڵبوون، تاکی پەنجەرەکان داخرابوون لەوکاتەدا کە ئەحمەد ماڵئاوایی لە ئاواتکرد تا لە بەغدا بەدیداری بگاتەوە.. ئاوات زۆر هەوڵی دا کە ئەقڵی لە بیرکردنەوە رابگرێت، بەڵام بێ سوودبوو هاتەسەر ئەو بیروڕایەی کە لەبارەی ئەم سەفەرەوە هیچکەس ئاگادارنەکات و لە خەیاڵیداکەوتە خوێندنەوەی چیرۆکێک کە بتوانێ ئەو کارمەندانەی لەگەڵ مێردەکەی پێکەوەن بە هۆکاری دواکەوتنی لە دەوامقایلبکات.
ئاوات هەردوو منداڵەکەی ماچکردو بە نەنکیانی سپاردن و گەڕایەوە بۆ ئەو شارەی خۆی و مێردەکەی کاریان تێدادەکرد. لە دۆستەکانیشی هەندێ پارەی قەرزکرد، هەندێ جلوبەرگی مێردەکەی هێنا لەگەڵ کتێبێکی پزیشکی و ئامێرە پزیشکییەکەی بیستن، هەمووی خستنە ناو بوخچەیەکی گچکەوە تا کاتێک زوودەردەچێ نەبنە جێگەی گومانی کەس.
بۆ رۆژی دووەم لەدوای شووشەی پەنجەرەکەوە راوەستاو تەماشایکرد، کاتێک یەکەمین تیشکەکانی کازێوە دەرکەوتن، لەسەرخۆ دەرگاکەی کردەوەو دوای ئەوەی تەماشایکرد شەقامەکە لە رێبواران چۆڵە، لەماڵ دەرچوو، بوخچەکەی هەڵگرتبوو بەپەلە بەرەو تێرمیناڵی ئۆتومبیلەکان رۆیشت تا فریای یەکەم پاس بکەوێت کە بەرەو بەغدا دەڕوات.
لەماڵی برایەکەی خۆی بۆ ماوەیەکی کورت بە دیداری ئەحمەد گەیشت.
– هەندێ جلوبەرگم بۆ هێناویت، لەگەڵ هەندێ پارە کەلە دۆستەکانم قەرزکردووە پاشان کە قەرزی خانوبەرەم وەرگرت بۆیان دەگێڕمەوە.
– بەڵام تۆ بۆ تەواوکردنی خانوەکە پێویستت بە پارەیە!
– نیگەرانمەبە خۆم جێبەجێیدەکەم.
– چەندت پارە بۆ هێناوم؟
ئاوات بەخێرایی تەماشایەکیکردو بەزەردەخەنەیەکەوە گوتی:
– بڕی پارەکە کەمنییە، بەشی پێداویستەکانت لەنامۆیی دەکات تا کاروبارەکانت جێگیردەبن.
– من ئێستا هەست بە دڵنیایی و گەشبینی و بڕوا بە دوارۆژی خۆم دەکەم، بۆیە خۆشەویستەکەم سەرمت بۆ دادەنەوێنم، بۆ گەورە تەماشاکردنی ئەو بەوەفاییەت و دڵسۆزییەت بۆ خۆشەویستیمان.
هەردووکیان پێکەوە سواری ئۆتومبیلێکی کرێ بوون و لە کۆگایەکانی نزیک (پردی شەهیدان) هاتنەخوارەوەو، لەوێ جانتایەکی بۆ کڕی و جلوبەرگەکەی بۆ تێخست. بەبێدەنگی پێکەوە دەڕۆیشتن.
ئاوات بووە پارچەیەک لەترس بەڵام خۆی بۆ بەرگەگرتنی ماڵئاوایی راگرت. دڵی بەپەلە لێیدەداو وای هەستدەکرد کە گوێی لە ترپەکانێتی و هەروا کەسانی دەورو پشتیشی دەتوانن بیانبیستن. بێ ئەوەی وشەیەک بڵێت بەجێیهێشت.
ئەحمەد لەوکاتەدا سەرنجیدەدا کە بە هەنگاوی ماندو لە شەقامەکە دەپەڕییەوە بێ ئەوەی تەماشای دواوە بکات، بۆ ئەوەی سواری ئەو پاسەبێت کە دەچێتە تێرمیناڵ. لەگەڵ خەڵکی چاوەڕوانی هاتنی پاسەکەدا راوەستا، ویستی بەدەست بەرزکردنەوە ئاماژەی بۆ بکات ، بەڵام پڕکێشیی ئەوەی نەکرد چونکە دەست راوەشاندنی لەو چەشنە سەرنجی خەڵک رادەکێشێت. لای هەڵوێستگەی پاس ئاوات سەرنجی روخساری رێبواران و دوکانی جانتافرۆشان و فرۆشیارەکانی جلوبەرگی کۆنەیدەدا. ناوچەی (پردی شەهیدان) جمەیدەهات لە جوڵانەوەیەکی زۆرو، خۆر لە ئاستی پردەکەدا نزیکبوو سەری لە ئاسۆبداتو، رەنگەکانی لەکاتی خۆرئاوابوون و ماڵئاواییدا پرتەقاڵییەکی سوورباوبوو، کاتێک وەرگەڕا ئەحمەدی بینی کە لەشوێنی خۆی وەستابوو بەدووچاوی وێڵەوەتەماشای ئەوی دەکرد. ئەویش نەیتوانی بۆ ماڵئاوایی لێکردنی دەستی بەرز بکاتەوە، نەک لەوانەبێ کەسێک لە دوورەوە چاودێرییان بکات. لێوەکانی جوڵاندو تەماشایدەکردو زمانیشی لەگەڵ لێوەکانی دەلەراندەوە، بەڵام هیچ دەنگی لێوەنەدەهات.
” ئای خودایا مرۆڤی راونراوو دەستبەسەری ژێر زەبری ترس و تۆقاندن واهەستدەکات کە هەموو خەڵکی چاویان لەوبڕیوە، لەگەڵ خۆیداو لەبەر خۆیەوە ورتەورتی دەکرد.
ئاوات سواری پاسەکەبوو، ئەحمەدیش رۆیشتە ئوتێلێکی نزیک.
ئەحمەد بەبێ هەڵبژاردنی خۆی دەرچووە دەرەوە، نامۆیی نەیتوانی شتێک بەرانبەری بکات، بەڵکو خۆشەویستی و دڵسۆزیی بۆ ئاوات پترکردن، لە ئاوارەییەوە بۆ ئاواتی نووسی:
دەڵێت: “پێمدەڵێن ئەوە ئافرەتانی جوانی سۆفیا لەبەردەمتانهەن، لەبەرچی یەکێکیان ناکەیت بەدۆست یان ئاشقی خۆت، منیش بەساویلکەییان پێکەنیم و، چەند دەمویست بەروویاندا بقیژێنم، وەک شتێک لە ناخمدا رابپەڕێت .. چۆن؟ چۆن؟… ئێوەنازانن من لە وڵاتی خۆم ژنێکم جێهێشتووە ئەگەر گشت ژنانی سەرزەوی هەموو پێکەوە کۆببنەوە ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کەئەو دروستیکردووە، یان دڵێک وەربگێڕن کە ئاشقی ئەوبووەو هێچ ژنێکی دیکەی نەناسیوە.
ئاخ خۆزگە ئەوەتان دەزانی!!