ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٧٨دا لە کارگەیەک لە شاری تەسلەی ئەڵمانیا کاری دەکرد، پەکەکەی ناسی، بووە یەکەم ئێزدی کە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ بۆ تەڤگەری ئازادیی کوردستان تێکۆشانی کرد، لە چوار ساڵی ڕابردووداش بۆ ئێزدخانی دیموکرات و خۆبەڕێوبەری کاری دەکرد، تا ئەو ڕۆژەی شەهید بوو لە تێکۆشان نەوەستا.
ئیسماعیل ئۆزدەن، ناسراو بە زەکی شەنگالی، لە ساڵی ١٩٥٢دا لە گوندی شمزێی سەربە شارۆچکەی قوبینی ئێله (باتمان) لە باکوری کوردستان لەدایکبوو، خوێندنگای سەرەتایی لە گوندەکەیان تەواو کرد و خوێندگای ناوەندی تەواو نەکرد.بەهۆی ئەو فشارانەی دەخرایە سەر ئێزدییەکان و هەروەها بەهۆی ئەوەی کە نەیدەویست لە گوند و چیا داببڕێت، تا تەمەنی ١٧ ساڵان لە گوندەکەیدا مایەوە.
لە ساڵی ١٩٦٩دا لەگەڵ ئەوەی نەیدەویست گوندەکەی بەجێبهێڵێت، بەهۆی بانگەوازیی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ئێزدییەکان، چووە ئەڵمانیا، سەرەتا چووە ئەستەنبوڵ و پاشان خۆی گەیاندە شاری تەسلەی ئەڵمانیا.
لە ساڵی ١٩٧٨دا لە ئەڵمانیا پەکەکەی ناسی و پاشان مانیفێستۆی پەکەکەی خوێندەوە و بەلایەوە سەرنجڕاکێش بوو، هەر ئەو ساڵە بەشداری مەراسیمی پیرۆزبایی نەورۆز لە زانکۆی هانۆڤەر بوو.
هاوکات بە کارکردنی لە کارگە، لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانی پروپاگەندەی ڕێکخستنیان دەکرد، لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری تەسلە کۆمەڵەی کرێکارانی وڵاتپارێزی دامەزراند، پاشان گۆڤارێک بەناوی “سەرخوەبوون”ی دەرکرد.لە ساڵی ١٩٨٣دا سەردانی گەریلاکانی کرد و پاشان گەڕایەوە، لە ساڵی ١٩٨٥دا جارێکی دیکە سەردانی گەریلاکانی کرد و لەوێ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکەی بینی، پاش ئەوە بڕیاری بەشداربوون لەناو ڕیزەکانی گەریلای دا.
دوو ساڵ پاش بەشداربوونی فەرمیی لەناو ڕیزەکانی گەریلادا، واتە لە ساڵی ١٩٨٩دا، سیپانی کوڕیشی بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو و لە ساڵی ١٩٩٢دا لە شەڕێک لە مێردین شەهید بوو.
ساڵی ١٩٩٣ جارێکی دیکە چووە چیاکان و بە جدیبوونەوە هەموو ئەرکەکان و بەرپرسیارێتییەکانی بەجێهێنا، بەهۆی ئەوەی کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕێکخستنی ئەوروپا، کارەکانی لە ئەوروپا بەردەوامی پێدا، تا ئەو ڕۆژەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە دژی عەبدوڵا ئجالان ئەنجامدرا.پاش ئەوەی ئۆجالان بەدیلگیرا، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ چیاکانی کوردستان و بۆ ماوەی ١٩ ساڵ بە هەموو هێزییەوە تێکۆشانی کرد.
لە چوارچێوەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی کۆمەڵکوژ نەکرێت چووە ئێزدخان و شەو و ڕۆژ کاری کرد، ئەو ئەندامەی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی و کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک، ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠١٨ لە شەنگال شەهید بوو.
سەرچاوە:رۆژنیوز