عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، “بەرپرسان بۆ دەستکەوتنی پارەی قاچاخچێتی کۆتایی بە کشتوڵ و ئاژەڵداری دەھێنن”
عەلی حەمەساڵح لە فەیسبوكی خۆی نوسیویەتی،”خۆت بە بەرپرس بزانیت و دەسەڵاتت بەسەر ھێزی ئەمنی ھەبێت، بەم دەسەڵاتە بچیت قاچاخچێتی کاھو و قەڕنابیت و ترێ و ھەنار و مەڕو بزنیش بکەیت. ھەزاران جوتیار و ئاژەڵدار توشی زیان بکەیت، لە پێناو دەستکەوتنی پارەی حەرام لە میدیاش بڵێیت لە خەمی ژیانی خەڵکم.”
باسی لەوەشكردوە،”قاچاخچێتی بەرپرپسانی باڵا بەردەوام بێت، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە دو ساڵی ئایندە لە ناودەچێت، لە لوتکەی دەسەڵات بیت، ھێزە ئەمنیەکانت لە بازگەو خاڵە سنوریەکان بەدەست بێت، قاچاخچێتی بە کاھو بزنەوە بکەیت”
ئاماژەی بەوەشكردوە،”کاھو و کەلەرم و قەڕنابیت کۆنتێنەرێک بە قاچاخ بە 4100 دۆلار داخڵ دەبێی (4000) دۆلار بۆ بەرپرس و 100 دۆلاریش بۆ نوسینگەکە. چەند ڕۆژی ڕابردو، ھەنارێکی زۆری تورکی و سوری و مسڕی داخڵبوە بە نایاسایی، دوای بەدواداچون. بارھەڵگرێکی بە 2400 دۆلار لە سوریاوە داخڵبوە.”
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەشڵێت،”ھەر بەروبومێک لە ھەر وەرزو کاتێک ھاتنی قەدەغەبێت، ئەمان بە قاچاخ داخڵی دەکەن.”
سەبارەت بە ئاژەڵی قاچاخ رایگەیاندوە،”لە ئێران و تورکیا و سوریاوە بە نایاسایی ئاژەڵ داخڵدەکرێت، ئەمەش زیانی گەورەی بەوانە گەیاندوە، کە خەریکی ئاژەڵدارین. لە ناوچەی خوێرێزکای سەربە قەزای مێرگەسورەوە ئاژەڵی تورکی داخڵدەکرێت. لە سحێلاوە ئاژەڵی سوری دەکرێت. لای پێنجوێن و پاوەوە ئاژەڵی ئێرانی.”
ئاشكراشیكردوە،”ئاژەڵی گەورە بە 100 ھەزار و بچوک 30 ھەزار داخڵدەکرێت. خۆت بە بەرپرس و دەسەڵاتدار بزانیت، مەڕو بزن و مانگا بۆ قاچاخ بێنیت و ھەزاران ئاژەڵدار توشی زیانبکەیت”