ۆباما بە دروشمی (هیوا و گۆڕان)ەوە هات، بە هاتنی زۆرینەی ئەمەریکییەکان و تەنانەت وڵاتانی دیکەش گەشبین بوون بە ئەمەریکای سەردەمی ئۆباما، بەڵام ئێستا کە دەڕوات بەشێکی بەرچاوی ئەمەریکییەکان و تەنانەت وڵاتانی دیکەش دوودڵن لە ئەمەریکای داهاتوو لە ئەمەریکای سەردەمی ترەمپ.
چەند تایبەتمەندییەکی جێی سەرنجی زۆربەی دانیشتوانی جیهان بوون، توانایەکی بەهێز لە وتارداندا، ژیانێکی سادە لەناو کۆشکێکدا کە هێمای هێزە لە جیهاندا، سادەتر لە زۆربەی سەرکردەکان، جارێک بە جلوبەرگێکی ئاساییەوە لە بازاڕ دەردەکەوت، کڕینی خواردنێکی ئاسایی لە رێستۆرانتێکی ئاساییدا، گاڵتەکردن لەگەڵ منداڵان و خەڵکی ئاساییدا.
باراک ئۆباما چل و چوارەمین سەرۆکی ئەمەریکا ساڵی ٢٠٠٨ لە یەکەمین وتاریدا دوای سەرکەوتن، سەرکەوتنەکەی خۆی بە سەرکەوتنی هەموو ئەمەریکا ناوبرد، بە سەرکەوتنی هەر دوو پارتی ڕکەبەر کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، ڕەنگە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئۆباما مامەڵەکردن بێت لەگەڵ ڕکەبەرەکانی، هەر لە یەکەم هەنگاویدا دوو پۆستی گرنگیدا بە دوو ڕکەبەری بەهێزی خۆی، جۆ بایدنی کردە جێگری سەرۆک و هیلاری کلینتۆنیشی کردە وەزیری دەرەوە، جگە لەوەش ڕۆبێرت گەیتسی کۆماری لە پۆستی وەزیری بەرگریدا هێشتەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمەریکادا ئۆباما لە کەمتر لە دوو ساڵدا توانی بە خستنە بازاڕی ٨٠٠ ملیار دۆلار بەسەر ئەو قەیرانە ئابورییە گەورەیەدا زاڵ بێت کە لە سەردەمی جۆرج بوشەوە بە میرات بۆی مابووەوە، هەروەها لە سەردەمی ئۆبامادا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەرفەتی کار بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی دروست بوو و رێژەی بێکاری ١٠٪ ەوە بۆ ٪٤.٦ دابەزیوە، هەر لە سیاسەتی ناوخۆییدا گەورەترین دەستکەوتی ئۆباما پڕۆژەی ناسراو بە ئۆباما کەیر بوو، کە تیایدا زیاتر لە ٢٢ ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی خزمەتگوزاری بیمەیان پێشکەش کرا.
بەڵام ئۆباما نەیتوانی سێ بەڵێنی گەورەی کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن جێبەجێ بکات، نەیتوانی زیندانی گوانتانامۆ دابخات، هەرچەندە ژمارەی زیندانییەکانی ئەو زیندانە لە ٢٤٢ کەسەوە بۆ ٥٥ کەس کەمی کردووە، ئۆباما نەیتوانی وەک بەڵێنی دابوو مافی نیشتەجێبوون بداتە چوار ملیۆن کۆچبەری نا یاسایی، هەروەها نەیتوانی یاسای قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی چەک لەلایەن هاوڵاتیانی مەدەنییەوە لە کۆنگرێس تێپەڕێنێت.
لە سیاسەتی دەرەوەدا، ئۆباما کۆمەڵێک شکست و سەرکەوتنی هەبوو، توانی دوای نزیکەی دوو ساڵ دانووستان ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بکات، ئۆباما ئەو ڕێککەوتنە بە گرنگترین دەستکەوتی خۆی دادەنێت، بەڵام نەیارەکانی لەوانە دۆناڵد ترەمپ پێیانوایە ڕێککەوتنەکە خراپترین ڕێککەوتنی ئەمەریکایە و باجی زۆر بە ئێران دراوە.
ئۆباما توانی پاش زیاتر لە نیو سەدە وەک خۆی دەڵێت، لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ کوبا هەڵبداتەوە، بە سەرپەرشتی خودی ئۆباما هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا لە مانگی ئایاری ٢٠١١ لە ئۆپراسیۆنێکدا ئوسامە بن لادن سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدەیان لە پاکستان کوشت، کارێک کە جۆرج بوش نەیتوانی بیکات.
ئۆباما هەوڵیدا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی بەهێز بکات، لەم چوارچێوەیەدا لە دوای ئەوەی بووە سەرۆک سەردانی میسر و تورکیای کرد، بەڵام بەهاری عەرەبی و ئەو ئاڵۆزیانەی تا ئێستاش لە ناوچەکە بەردەوامن پلانەکەی ئۆبامایان تێکدا، لەم چوارچێوەیەدا زۆرترین ڕەخنە کە ڕووبەڕووی کراوەتەوە بێ پلانی ئۆباما بووە، بەرامبەر بە قەیرانی سوریا، بە جۆرێک کە لە بۆشایی ئەمەریکادا ڕوسیا توانی ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە قەیرانی سوریادا ببینێت.
لە شەڕی دژ بە داعش ئۆباما ئامادە نەبوو هێزی سەربازی ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ بکات و تەنیا بە هێرشی ئاسمانی و ناردنی ڕاوێژکاری سەربازی بەشداری لە شەڕەکەدا کرد، لە عێراق بە یارمەتیدانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پاشەکشەیەکی بەرچاو بە داعش کراوە و ڕۆژهەڵاتی موسڵیش کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە، لە سوریاش یارمەتی هێزە کوردییەکانى کرد.
لەسەردەمی ئۆبامادا پەیوەندییەکانی چین و ئەمەریکا باشتر لە هەر قۆناغێکی دیکە بووە، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕووسیا تێکچوو، هەرچەندە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە ئاسایی بوون بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆکرانیا و هەروەها بەهۆی ناکۆکییەکانیان لەسەر سوریا لە ئێستادا پەیوەندییەکانی ڕوسیا و ئەمەریکا خراپترە لەسەردەمی پێش ئۆباما.
بە هەموو سەرکەوتن و شکستەکانییەوە دوای هەشت ساڵ ئۆباما کۆشکی سپی جێدەهێڵیت و دەبێتەوە بە هاوڵاتییەکی ئاسایی، بەڵام وەک خۆی دەڵێت نابێتەوە بە هاوڵاتییەکی بێدەنگ و وەک ڕۆژی یەکەم هیوای بە گۆڕانکارییە.