جێگری نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دان بەوەدا دەنێت، کە وەكو پێویست نەیانتوانیوە خزمەتی ڕۆژنامەنووسان بكەن و حكومەتی هەرێمیش كار لەسەر دۆزینەوەی بكوژی ڕۆژنامەنووسان ناكات، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: ڕۆژژمێری هەرێمی کوردستان پرە لە یادی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و تاوانبارانیش دەربازیان دەبێت.
نزیکدەبینەوە لە دووەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی وەدات حسێن-ی ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنیوز لە شاری دهۆک، کەچی هێشتا هیچ سەرەداوێک لەسەر بکەرانی ئەو تیرۆرە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئاشکرانەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی لە شاری هەولێر، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: بەداخەوە ڕۆژژمێری هەرێمی كوردستان پرە لە یادكردنەوەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و تاوانبارانیش دەربازیان دەبێت.
نیاز، نموونە بكوژانی سەردەشت عوسمان، وەدات حسێن، سۆرانی مامەحەمە-ی بۆ قسەکەی هێناوەیەوە و وتی:”لەسەر ئەو کەیسانە، پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی و یەكێتی درێژدەكرێت، بەڵام تاوەكو ئەو بەرپرس و کەسانەی کە لەسەر کەیسی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان پەنجەی تۆمەتیان بۆ درێژدەکرێت، بوێریی ئەوەیان نییە بچنە بەردەم دادگا و ئەستۆپاکیی خۆیان بسەلمێنن”.
ئەنوەر حوسێن، جێگری نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان-یش، لە لێدوانێکدا دان بەوەدا دەنێت، کە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان وەكو پێویست نەیتوانیوە خزمەتی ڕۆژنامەنووسان بكات، ڕاشیدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دۆزینەوەی بكوژی ڕۆژنامەنووسان نەكردووە، بۆیە تاوەكو ئێستا بكوژان بە نادیاریی ماونەتەوە.
دەشڵێت:”کاری ڕۆژنامەنووسیی لە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوی نییە، من گەیشتووم بەو باوەڕەی کە وەزارەتی ناوەخۆ بە ئەركی خۆی دەزانێت لە ڕۆژنامەنووس بدات، بەردەوام پێشلكاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت، بە تایبەتی لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و خۆپیشاندانەكاندا، بەداخەوە گوێ لە ئێمەش وەک سەندیکا ناگرێت”.
لەبەرامبەردا، محەمەد گەردی، بەرێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكراوەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: ئێمە دژی هەر پێشێلكارییەكین كە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدەدرێت.
بەبێ ئەوەی رەخنەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم بکات لەسەر پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان، ناوبراو دەڵێت: پێویستە ڕۆژنامەنووسان لە كاتی ڕووماڵ و كاری ڕۆژنامەنووسییدا، بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن و بەپێی ڕێكارەكان كارەكانی خۆیان بكەن.
بەپێی ئامارێكی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، نزیكەی ١٢ هەزار ڕۆژنامەنووس ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش ئەو ژماریە لە بەرزبوونەوەدایە.
سەرچاوە:رۆژنیوز