وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەیى کە وەک هاندانى مامۆستایان دیاریکراوە هەموو مامۆستایان دەگرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە ٢٥ى کانونى دووەمى ٢٠١٧ سامان سیوەیلى وتەبێژى وەزارەتى لە ڕونکردنەوەیەکدا کە تیایدا هاتووە “لە دوا ڕێنمایی وەزارەتی دارایی ژمارە (٥) لە (٢٠١٧/١/١١) کە ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە کراوە، خاڵی شەشەم بەمجۆرە هاتووە (دەبێت مامۆستایان بەشەوانەی هەفتانەیان تەواو بکەن) واتە هەر مامۆستایەک بەپێی پسپۆری خۆی و ئەو بەشەوانانەی کە هەیەتی و پێشتریش هەروابووە ئەو بڕە پارەیەی بۆ خەرجدەکرێت”.
لەبەشێکى ترى ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەى بۆ ئەوەکردووە، ئەم بڕگەیەش لەڕێکەوتی (٢١٠٧/١/١٥) جێبەجێدەکرێت، واتە جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییە داراییە کە بەناوی (هاندان) هاتووە لە (٢٠١٦/١٢/١) دەبێت، بەڵام ڕەچاوکردنی تەواوکردنی بەشەوانەکان لە (٢٠١٧/١/١٥) جێبەجێدەکرێت.
لە کۆتایى ڕونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەم بڕگەش بەلەبەرچاوگرتنی دواکەوتنی خوێندن بووە لەسنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان.
ئەوەش لەکاتێکدا لە ماوەى ڕابردودا لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و لە ئیدارەکانى ڕاپەڕین و گەرمیان بۆ ماوەى ١٠٠ ڕۆژ گردبوونەوەى ناڕەزایەتى دژى سیستمى موچە ئەنجام دراو بەو هۆیەوە مامۆستایان بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندنیان کرد و نەچوونە هۆڵەکانى خوێندنەوە.