جێنین پلاسخارت، لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی رۆژی 10ی تشرینی یەکەم، نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندی بە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن کردووە و دەشزانین کە زۆر لە عێراقییەکان لە ئەگەری ساختەکاریکردن و کاریگەریی لایەنە ناحکومییەکان لەسەر هەڵبژاردنەکان نیگەرانن، وەک ئەوەی لایەنی دەرەکی کاریگەری بکاتە سەر هەڵبژاردنەکان.
پلاسخارت گوتیشی، هاوکات لەگەڵ نیگەرانیی ژمارەیەکی زۆر لە عێراقییەکان، بەشێكی دیکە هەن کە جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکەن و بە رێگەیەک بۆ باشترکردنی بارودۆخی عێراق لە ئەنجامدانی چاکسازی و بەدیهێنانی دادوەری و بەرپرسیارێتی تەماشای دەکەن.
پلاسخارت راشیگەیاند، مەرج نییە هەڵبژاردنەکان رێک بەو جۆرە ئەنجامبدرێن کە هەمووان هیوای بۆ دەخوازن، نەتەوە یەکگرتووەکان هەرگیز نیگەرانی عێراقییەکان پشتگوێ ناخات و وەک هاوبەشی هەموو عێراقییەکان دەمێنێتەوە.
پلاسخارت جەختی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێرە، دەڵێت “من دەمەوێت لێرە پێتان بڵێم تاوەکو بزانن کە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانییەکانی ئێوە پشتگوێ ناخات و من لە گوتارەکەمدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لە نیویۆرک، باسی لە ئاڵنگاری و کێشەکانی عێراقم کرد کە دەبێت بە خێرایی چارەسەربکرێن، بۆیە من دەتوانم جارێكی دیکە پێتان رابگەیێنم کە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هاوبەشی هەموو عێراقییەکان دەمێنێتەوە.”
نەتەوە یەکگرتووەکان بە گوتەی نێردەکەیان لە عێراق کاری لەسەر ئەو بابەتانە کردووە کە “سەرەکین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی رۆژی 10 تشرینی یەکەم، ئەوەش جیاوازیی ئەم هەڵبژاردنەیە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018.” لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، هەندێک کێشە هەن کە پێویستە چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی تایبەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ساختەکاری لە کەرکووک، پلاسخارت رایگەیاند، “هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن تاوەکو رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی ساڵی 2018، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ تاوەکو لە کەرکووکیش زەمینەیەکی یاریدەدەر بۆ هەڵبژاردن بڕەخسێندرێت بەجۆرێك کە پارتە سیاسییەکان خۆیان بەدووربگرن لەوەی کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا هەبێت.”