فەرماندەیی حەشدی شەعبی، هەبَوێستی خۆی بەرانبەر بە بوونی سوپای توركیا لەسەر خاكی عیراق خستەڕوو.
فەرماندەیی حەشدی شەعبی لە پەیجی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی “تویتەر” بڵاویكردەوە، ئەبو مەهدی موهەندیس فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبى بوونی هێزەكانی توركیای لەسەر خاكی عیراق وەك هێزێكی داگیركەر وەسفكردووە.
بەپێی بڵاوكراوەكەی فەرماندەیی حەشدی شەعبی، هێزەكانیان لەكاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ لە چنگی چەكدارانی داعش، وەك هێزێكی داگیركەر مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی توركیادا دەكات.
پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رەتیكردەوە حكومەتەكەی رێگە بە بوونی هێزەكانی سوپای توركیا لەسەر خاكی عیراق بدات و هۆشداریشیدا لە بەرپابوونی ململانێیەكی ئیقلیمی لەحاڵەتی مانەوەی ئەو هێزانە لە عیراقدا.
هەر ئەمڕٍۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند كاردانەوەكەی عیراق بەرامبەر هێزە سەربازییەكەی توركیا لە ناوچەی باشیك، روون نییە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، بینالی یەڵدرم، سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەمڕۆ پێنجشەمە 6ی تشرینی یەكەمی 2016 رایگەیاند، هێزە سەربازییەكەی توركیا لە بنكەی سەربازیی باشیك دەمێننەوە و جێگیركردنیان بۆ ئەوەیە دڵنیابن لەوەی هیچ گۆڕانكارییەك لە پێكهاتەی دانیشتوانی ناوچەكە روو نادات.
ئەم لێدوانەی سەرۆك وەزیرانی توركیا لەكاتێكدایە كە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئیدانەی درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی ئەو هێزانەی لە عیراق بۆ ساڵێكی دیكە كرد و رایگەیاند كە توركیا سەركێشی دەكات و دەیەوێت شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە هەڵگیرسێنێت.
هەر ئەمڕۆش حكومەتی عیراق داوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی كرد كە تیایدا گفتوگۆ لەسەر دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر خاكی وڵاتەكەی بكرێت.
ئەحمەد جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە وەزارەتی دەرەوە داوایەكی پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی و بەپەلە ساز بكات و تیایدا تاوتوێی دەستدرێژی و دەستوەردانی توركیا لە كاروباری ناوخۆی عیراق بكات.
داواكەی عیراق لەلایەن محەمەد عەلی حەكیم، نێردراوی هەمیشەیی عیراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەشێوەیەكی رەسمی دراوەتە ڤیتالی جۆركین-ی سەرۆكی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەحمەد جەمال رایگەیاندووە كە لە داواكەی عیراقدا باس لەوە كراوە كە دەبێت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئاست بەرپرسیارێتییەكانیدا بێت بەرامبەر عیراق و بڕیارێك دەربكات كە بتوانێت سنورێك بۆ سنوربەزاندنەكانی توركیا دابنێت و ناچار بكرێت رێز لە سەروەریی خاكی عیراق بگرێت.
ئەم داوایەی عیراق لەكاتێكدایە كە وەزارەتی دەرەوەی توركیا باڵیۆز-ی عیراقی لە ئەنقەرە بانگهێشتكردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هێزەكانی توركیای بە “داگیركەر” وەسفكردبوو، هاوكات وەزارەتی دەرەوە بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراقی ئیدانە كردووە و رایگەیاندووە كە ئەو بڕیارە گوزارشت لە بۆچونی گەلی عیراق ناكات.
پێشتر ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بوونی هێزەكانی توركیای لەناو خاكی وڵاتدا و لە نزیك باشیك بە “دەستوەردان و جۆرێك لە جۆرەكانی داگیركردن” وەسفكرد و داوای گەڕاندنەوەی باڵیۆزی عیراق لە ئەنقەرە و دەركردنی باڵیۆزی توركیای لە بەغدا كرد.
لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا راگەیاندبوو كە “موسڵ بۆ موسڵییەكانە و كەس مافی ئەوەی نییە دەستی لێ وەربدات”، داواشیكردبوو كە ئۆپراسیۆنێكی هاوشێوەی قەڵغانی فورات لە عیراقیش بەڕێوەبچێت.