هیوا سەعید:
لەڕۆمانەکەی فڕانکشتاینی ماری شیلی پزیشکێک وەک کەرەستەو بابەتی لێکۆڵینەوە لەسەر لاشەی مرۆڤێکی مردو بەئامانجی زیندوکردنەوەو دروستکردنیدا مرۆڤێک لەلابورەکەی دروست دەکات، کەچی دوای دروستبونی ئەم مرۆڤە بەکەرەستەکراوە لەبەردەستو کۆنتڕۆڵی پزیشکەکە دەچێتەدەرو هەڵدێت.
جارێکی تر هەمان ئەم مرۆڤە بەناوی وینستۆن سمیس لەڕۆمانی ۱۹۸٤ی جۆرج ئۆڕوێل سیاسییەکان هەوڵدەدەن لەسەر بنەمای ئەو لۆژیکەی خۆیان بڕوایان پێیە (۲+۲=۵) بەکۆنتڕۆلکردنی هۆشی دەستبەسەر جەستەیدا بگرن و بیخەنەوە ناو لابورەکە (ژێردەستی بیگ بڕازەر) و وەک کەرەستە بەکاری بێنن، بەپێچەوانەوە ئەوان به گرتنی هەر دەتوانن دەستبەسەر جەستەیدا بگرنو ناوەوەیان پێناگیرێ، چونکە ئەم مرۆڤە دەستگیرکراوە پێیوایە ئەو لۆژیکەی ئەوانیتر پێیان ڕاستە دەکرێ لەبەر چەندین هۆکاری وەک ناچاریو لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی بەزمان دانی پێدا بنێ، بەس ناتوانن بڕوای بۆ دروست بکەن، بەو مانایەی بڕوا لەناوەوەی مرۆڤە ئەوانیتری دەرەوە دەستیان بەوێ ڕاناگات.
لێرەدا ئەوەی جێی لەسەروەستانە ئەگەر ئەو ناوەوەیە هۆش (هەست) بێ دەتوانرێت بە لۆژیکێکی تری وەک (۲+۲=٤) ئەوەی پێشتر هەڵبوەشێنرێتەوە و بە هەمان شێوەی جەستەی ناوەوەشی دەستگیر بکەن.
لەبەرئەوەی کاتێک نیچە دەڵێ خوا مردوە (هۆش بە دابڕانی مەعریفی بیروباوەڕەکانی پێشتری هەڵوەشاندۆتەوە)، جاک لاکان ئەوە ڕوندەکاتەوە خوا مردوە، بهڵام نەیزانیوە. بە مانای نەست وەک هەڵگری بڕوابون بە خوا ئاگای لەوە نییە هۆش بە دابڕانی مەعریفی ئەوی لەخۆی لە هەست مراندوە، ئەو دابڕانەی ڕویداوە لە هەست و ئاگایی ڕویداوە و بە نەست ڕانەگەیشتوە و هەر ئەوەندەیە هەست ئەو بڕوابون بە خوایەی لەناوخۆی سەرکوتکردوە و لە ههلێکی ڕهخساو دوبارە خوا زیندو دەبێتەوە.
کەواتە ئەو زیندوبونەوەیە لەپێناو چێژێکی سەرکوتکراوە کە بەشێوەی سیمبولی خۆی لەم تێگەیشتنەی لەبارەی خوا هەیە دەرخستوە. ئەوەش لەبەر ئەم تێگەیشتنە نییە لە پشت چەمکی خواوەیە، بەڵکو لەبەر ئەو چێژەی ناو بڕوابونەکەیە. لێرەوەیە سەرهەڵدانەوەی خوا سەرهەڵدانەوەی جارێکی تری چێژە سەرکوتکراوەکەیە، هەروەها کۆنتڕۆڵنەبونی ئارەزو و لە دواجار (سەرەڕای ئەوەی هۆش لەخۆیدا توشی دابڕانی مەعریفی هاتبێ) کۆنتڕۆڵنەبونی هەمیشەیی مرۆڤیشە. بۆیە ئەو ناوەوەیەی کارەکتەرە گیراوەکە پێیوایە ئەوانیتر دەستیان پێی ناگات مەبەستی لە نەست و مرۆڤ لەبری هۆش بە ئارەزو بەڕێوەبچێ، ئینجا کۆنتڕۆڵکردنی ڕونادات.