بەشێك لە میدیای فەرمی نزیك لە دەسەڵاتەکان، زۆرجار قسە لە سەر فەزای نووسین دەکەن لە ئینتەرنێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، لەم لێدوانانە؛هەر هەموو چالاکیەکانی نوسین و دەربڕین بە زبڵخانە نێو دەبرێ. من لە لام سەیر نەبوو هەندێك لە میدیاکان بەم فەرهەنگە نزمە تەعبیر لە فەزای ئینتەرنێت بکەن، ڕاستیەکەی ئەوەیە نانی بەشێك زۆر کەسی لەو جۆرە میدیایە لە سڕینەوەی هەموو ئەو دەنگانەیە کە لە ئاوازی خۆیان ناخوێنن.
حیکمەتێکی کۆن هەیە، ئەم حیکەمەتە دەڵێ (( کاتێ کەشتیەک کون دەبێ، یەکەم جار مشکەکان ی نێو ئەم کەشتیە هەست بە ترسی چارەنووس و غەرق بوون دەکەن)) بۆ من میدیا مشەخۆرەکان و بولبولە خۆش خوانەکانی دەسەڵات ، هەموویان بە ئاستی جیاواز هاوبەشی ترسێکن، ترس لەو دونیا بێ سانسۆرەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان، لە دەرەوەی مەفرەزەکانی پۆلیسی سیاسی دروست دەبێ، ئەم ترسە تەنیا لێرە نیە میدیاکانی تورکیا و ئێران و سعودیەش دەگرێتەوە.
نووسینی خراپ، بابەتی پڕ لە قسەی ناشیرین، زۆر شتی تریش لە ئەنتەرنێت بڵاو دەکرێتەوە. بەڵام ئەم دیاردەیە هەرگیز بە دەرکردنی فەتوای ئیعلامی لە بابەتی ( ئینتەرنێت زبڵخانەیە) چارەسەر نابێ، سایتە کوردیەکان و بەکاربەرانی ئینتەرنێت بە میدیاکارو ئەو نوسەرانەی پشتی پێ دەبەستن بە قەدەر خاڵە هاوبەشەکانی خۆیان، بە چەند ئسوڵێکی بنەڕەتی شێوەی بەڕێوەبەردن،جۆری هەڵوێست و ئاسۆی بابەتەکانیش لە یەکتر جیا دەکرێنەوە.
بەڵام ئەو میدیا مشەخۆرانە نیگەرانی چارەسەر کردنی دیاردە خراپەکان نین ، چونکە ئەم دیاردە سەلبیە دەرفەتی ئەوەیان پێ دەدا، هێرش بکەنە سەر دەیان نووسین و ڕەخنەی ئەکادیمی کە لە دونیای دەرەوەی ئەوان کە لە کەشتیە کوونبووەکەیان دەگیرێ!
ئەگەر ئەم میدیا مشەخۆرانە ڕاست دەکەن، با بچنەوە سەر ئەرشیفی خۆیان لە سەردەمی شەڕە ناوخۆیەکان و شەڕەکانی نێو پەرلەمان، ئەو کاتە دەبینن دۆزینەوەی فەرهەنگی بەتاڵ و کوشتنی مەعنەویە، سوتانە کوشتن و بڕینە.
نیگەرانی ئەو میدیا مشەخۆرەکان بوعدێکی تری هەیە کە پەیوەندی بە ئەمڕۆ نییە ، بەڵکو لە ئایندەی کۆمەڵگای کوردستان و ئاوێتە بوونی کۆمەڵگای کوردستانە بەم دیاردە جیهانیە، هێشتا ئەنجامەکانی ئەم ئاوێتە بوونە نەگەیشتۆتە ئاستی بەرزترو کاریگەرتر، بەیانی کە سێرڤیسی ئەنتەرنێت لە کوردستان، هەرزانتر بوو، ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە خەڵکی کوردستان لە باری بوونی پارەو توانای کڕینی سمارت فۆن بەهرەمەند بوون، ئەو کاتە ئەیبینین ئەنتەرنێت چۆن کاریگەری ڕاستوخۆ دادەنێ لە شکل گرتنی ڕای گشتی لە کوردستان، ئەو کاتە رەت کردنەوەی مۆنۆپۆلی میدیا مشەخۆرەکان، تەنیا لە سەرخانی فیکرو ڕەخنەو نوسین نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە دەنگی سێیەم و سەربەخۆی خەڵك، ئەو دەمە تەنیا دوو ڕێگا لە بەردەم ستەمکاری سیاسی و مەعنەوی دەمێنێتەوەو سێیەمی نییە، یان ئەوەتا مل دەدا بە تەوژمێکی دیموکراتیتر لە خەونەکانی پاوان خوازی خۆی، یان لە شەڕێکی دۆن کیشۆتیدا فەرمان دەردەکا بۆ مشکەکان کە هەرچی هێڵ و کێبلی ئەتنەرنێتی شارە هەر هەمووی بقرتێنن .