
بهپێی ئامارهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان، ژمارەیان له عیراقدا 550 هەزار كهس بووه، لەگەڵ ئەوەی كە ڕوبەڕوی ترسو چەوساندنەوەو ناشرینكردنی وێنەیان بوونهتهوه، گومانی تێدا نییە كە بە درێژایی سەدەی رابردوو بە شێوەیەكی زۆر ژمارەیان كەمیكردووە.
چەوساندنەوەی بەردەوامی ئێزدییەكان لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ هەڵە تێگەیشن لە ناوەكەیان، بەجۆرێك سوننە توندڕەوەكانی وەك رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ئەم ناوە بۆ یەزیدی كوڕی معاویە دەگەڕێنێتەوە، دووەم خەلیفەی دەوڵەتی ئەمەوی (647-683 زاینی)، بەڵام لێكۆڵینەوەیەكی نوێ دەریخستووە كە ئەم ناوە پەیوەندی بەو خەلیفە ئەمەوییەوە نییە، تەنانەت بە شاری یەزدیشەوە لە ئێران، بەڵكو لە وشەی فارسی “ئێزید”ەوە وەرگیراوە كە واتای فریشتە یان خواوەند دەگەیەنێت.
لەڕاستیدا، ناوی ئێزدییەكان بە سادەیی “یەزدان پەرست” دەگەیەنێت، كە لەوەوە ئێزدییەكان وەسفی خۆیان دەكەن، بەڵام ئەو ناوەی كە خۆیان بەكاریدەهێنن بریتییە لە “داسنی” كە لە ناوی “دیوسیس” یان “ئەبرشیە”ەوە داتاشراوە كە لە بیروباوەڕی نەستوری كەنیسەی كۆن لە خۆرهەڵات وەرگیراوە، كە زۆربەی بیروباوەڕەكانیان لە ئاینە كوردەكانی كۆن هەڵهێنجاوە و خۆیان بە بەردەوامی ئاینیی میترایی یان یەزدان پەرستی ئەناسێنن، هەموو تێكستە ئاینەكانیان بە زمانی كوردی كورمانجیە وهەموو زارەكییە.
بەهۆی ئەو نهێنییەی كە بیروباوەڕەكەیانی تەنیووە، زۆر چەمكی هەڵە هەیە كە پێیوایە بیرباوەڕی ئێزدیی پەیوەندی بە ئاینی زەردەشتی یان بە خۆرپەرستییەوە هەیە، بەڵام لێكۆڵینەوەیەكی نوێ دەریخستووە كە هەرچەندە مەزارەكانیان بە هێمای خۆر دەڕازێننەوەو گۆڕستانەكانیان روویان لەخۆرهەڵاتە، لەورا تائێستاش خۆر یان رۆژ لەلای ئێزدیان جێگای تایبەتی هەیە و زۆر بە قودسیەت دەنرخێنرێت.

لە مانگی كانونی یەكەمدا، ئێزدییەكان بۆماوەی سێ رۆژ بەڕۆژو دەبن، لەماوەی نێوان (20-15)ی ئەیلول ئێزدییەكان حەج دەكەنو بۆ پەرستگای لاش و مەزاری شێخ عەدی یان وەكو ئەوان دەیناسێنن – شیخ ئادی لە باكوری موسڵ و رۆژهەڵاتی دهۆك بە دوری 45 كم، لەوێ هەندێك قەول و سرودی ئاینی رێکدەخەن.
خواوەندی مەزنی ئێزدییەكان ناوی “یەزدان”ە و پایەیەكی بەرزی هەیە لایان بەجۆرێك نابێت راستەوخۆ بپەرسترێت، بەڵكو خاوەن هێزێكی شاراوەیە، لەگەڵئەوەی خوڵقێنەری گەردونە، بەڵام پاسەوانی نییەو حەوت رۆحی تر لەو خواوەندەوە سەرچاوەیانگرتووە كە گەورەترینیان مەلەك تاووسە كە جێبەجێكەری كارای ویستی پیرۆزە. لە مەسیحیەتی كۆندا تاووس هێمایەك بوو بۆ نەمری، چونكە گۆشتەكەی خراپ نابێت، مەلەك تاووس لەلای ئێزیدییەكان گیانی خواوەند بەرجەستە دەكاتو لێی جیانابێتەوە، لەبەرئەوە ئەم ئایینە بە یەكێك لە ئاینە یەكتاپەرستەكان ئەژماردەكرێت.
ئێزدییەكان بڕوایان وایە كە رۆح یەك لەدوای یەك بە جەستە جیاوازەكاندا گوزەردەكات، پاكبوونەوەی پلەبەندیش لە رێگەی لەدایكبونی نوێ و بەدوای یەكداهاتنی نەوەكان روودەدات.

بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوونو نزیكەی 90 هەزار كەسیش بۆ دەرەوەی عیراق كۆچیان كردووە.
لەدواین ئاماری ئهو بهڕێوهبهرایهتییهدا هاتووە “لە كۆی ژمارەی رفێراوان تائێستا سێ هەزارو 315 ئێزیدی رزگاركراون لەنێویاندا هەزارو 155 ژن و كچ، 337 پیاو لەگەڵ 953 منداڵی كچ و 870 منداڵی كوڕ، بەڵام هێشتا سێ هەزارو 102 ئێزیدی چارەنووسیان دیارنیە كە بەسەر هەردوو رەگەزەكەدا دابەشبوون”.
تەنیا لە سنوری قەزای شەنگال، تائێستا 43 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، هەروەها داعش لە هێرشەكانیدا 68 مەزارگەو شوێنی ئاینی ئێزیدییەكانی تەقاندۆتەوە.
سەرەڕای ئەوەی چەندین سەدەیە ئێزدییەكان روبەڕووی چەوساندنەوەو تەنگپێهەڵچنین دەبنەوە، بەڵام هەرگیز وازیان لە ئاینەكەیان نەهێناوە، ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئێزیدییەکان تا چەند پابەندن بە شوناسیانەوە.
سەرچاوەکان:
کەرکوک ناو
خدر دۆمڵی، توێژەر لە بواری پێکهاتەکان
بی بی سی