ململانێ لەسەر كەرتی نەوت لەنێوان گروپێك لەكەسانی دەسەڵاتداری ناو یەكێتی و پارتی وایكردوە زانیاری دروست لەسەر فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم بونی نەبێت. بەپێی قسەی شارەزایەكی بوارەكەش هەرێم خراوەتە ژێر قەرزێكی زۆرەوەو لەئێستادا یەك فلسی داهاتی نەوت ناچێتە سەر خەزێنەی حكومەت.
داتاو زانیارییەكان لەبارەی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە رون نین، ئەوەش وایكردوە كە لەوبارەیەوە زانیاری جۆراوجۆر بڵاوبكرێنەوە. لە چەند رۆژی رابردودا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان چەند داتایەكی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە لەساڵی رابردو و چوار مانگی كۆتایی ئەو ساڵەوە بەبێ ئاماژەدان بە داهاتەكەی بڵاوكردەوە. بەڵام شوان زوڵاڵ شارەزای بواری نەوت و غاز بە ئاوێنەی راگەیاند ئەو داتایانە لەسەرچاوەیەكەوە وەرگیراون كە هەڵەبون و كۆمپانیاكە خۆی داوای لێبوردنی كرد بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەڵەكەیان راست نەكردەوە. ئەندامێكی گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانیش كە هەر لەم هەفتەیەدا راپۆرتی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێمی بڵاوكردۆتەوە دەڵێت”ئاشتی هەورامی بەگۆترەكاری داتا بڵاودەكاتەوە”.
شوان زوڵاڵ، شارەزای بواری نەوت و غاز بە ئاوێنەی راگەیاند كە نازانرێت بەوردی ئەو نەوتەی لەهەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت لەئێستادا چەندە و تەنیا ئەوەی لەڕێگەی بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركی هەناردە دەكرێت دیارە كە بڕەكەی بەتێكڕا 270 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، ئەویش لەڕێگای كۆمپانیاكانی نەوتی جیهانەوە بڵاودەكرێتەوە.
بەپێی مەزەندەی ئەو بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم لەگەڵ ئەوەی لەڕێگەی بۆرییەوە دەنێردرێتە دەرەوە جیاوازییەكەی 120 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە.
ئەنوەر كەریم، ئەندامی گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەكات كە ئەو داتایانە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاویكردۆتەوە گۆترە و ئەوەی ئاشتی هەورامی دەیكات گۆترەكارییە.
ئەو پێشی وایە پارتی و یەكێتی لەبەرئەوەی نەوتەكەیان بۆ خۆیان قۆرخكردوە بەهیچ شێوەیەك رێگەنادەن ئابوری هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە عێراق بكرێتەوە، “چونكە ئەوە لای ئەو دو حزبە بە مانای روخانی هەردو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دێت”.
وتیشی”داهاتی نەوت لەنێوان هەندێك بەرپرسی ئەو دو حزبەدا بەشكراوەو دەبرێتە دەرەوەی وڵات، ئەوەی تا ئێستا دراوە بە موچە، قەرزیان بۆ كردوە، ئەگەرنا هیچ موچەیەك لە داهاتی نەوت نەدراوە”.
ئەو رەتیدەكاتەوە ئەو حزبانەی قسە لەسەر ناشەفافیەتی داهاتی نەوت دەكەن مەبەستیان بێت پشكیان هەبێت لە نەوتدا و وتیشی”ئەگەر گۆڕان و حزبەكانی دیكەش كە قسە لەسەر داهاتی نەوت دەكەن لەپێناو خەڵكدا نەبوایە دەمێك بو پارتی و یەكێتی لەداهاتی نەوتدا دەیانكردن بە شەریك و پشكیان دەدانێ.”
ناشەفافیەتی نەوت وایكردوە كەس نەزانێت پارەی داهاتەكەی بەرەو كوێ دەڕوات بەڵام وەك شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی لەنوسینێكدا هەفتەی رابردو باسی لێوە كردبو، هەندێك بەرپرسی حزبەكەی “وەك گەنە خوێنی یەكێتی دەمژن” و وتبوشی”دینارێكیان له گیرفاندا نهبو ئهمڕۆكه بونهته ئۆناسیس و شهق له بیره نهوت ههڵئهدهن و لهمیدیاكاندا بۆ حاڵی خۆیان ئهكڕوزێنهوه.”
دوێنێش پەرلەمانی عێراق لەدانیشتنی خۆیدا بڕیاریدا بەوەی كە كارەكانی “كۆمپانیای كار” لەكێڵگە نەوتییەكانی كەركوك رابگیرێت و هەروەها لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەشی بۆ لێكۆڵینەوە لەداهاتی نەوتی كەركوك لەساڵی 2014ەوە بۆ ساڵی 2017.
ئاماژەی بەوشەكرد، “بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان داواكارییەكە پەسەندكراو و هەروەها بڕیاریشدرا بە لێكۆڵینەوە لە داهاتنی نەوتی كەركوك لە 2014 بۆ ساڵی 2017”.
رێواز فایەق، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە ئاوێنەی راگەیاند كە ئەوەی دەوترێت نەوت لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە قۆرغكراوە راست نییە، چونكە بەقسەی ئەو ئەگەر وابوایە دەبو دۆخی دارایی حزبەكەی لەچاو حزبەكانی تر باشتر بوایەو وتیشی”من نازانم ئەگەر بەرپرس هەبێت لەناو یەكێتی لەو پرسەدا شەریك بێت، بەڵام من ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیم، ئۆرگانەكانمان چەندین مانگە ئیدارەی گشتی و مەكتەبی دارایی حزبەكە نەیانتوانیوە موچەیان بداتێ.”
پێشی وایە ناشەفافیەتی كەرتی نەوت لەهەرێم وایكردوە پرسەكە بكرێت بە بابەتی موزایەدەی سیاسی و بۆ ختوكەدانی خەڵك بەكاربێت.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامی پێی وایە راستە لەناو یەكێتی و پارتیدا گروپێكی بچوكی دیاریكراو قۆرغی بابەتی نەوتیان كردوە بەڵام كادران و ئەندامانی دیكەی ئەو دو حزبە بە “شەریكە تاوان” ناودەبات كاتێك قسە لەسەر ئەوە ناكەن و فشارناكەن و بەمەش خەڵك بۆتە قوربانی و حزبەكانی دیكەش هەر ئەوەندەیان پێكراوە كە زانیاری لەبارەی پرسەكەوە بڵاوبكەنەوە.
هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی لەئێستادا بەدەنگی بەرز بەڵام بەبێ ناوهێنان یەكدی باس لەبردنی داهاتی نەوت لەلایەن بەرپرسانی دیكەی حزبەكەوە دەكەن بەڵام هەڵەدنی پێی وا نییە ئەو دەنگانە لەئاستێكدا بن بوبێتنە گوشار.
بەپێی قسەی شوان زوڵاڵ هەرێمی كوردستان ئەو نەوتەی ئێستا دەیفرۆشێت تەنیا بەشی ئەوە دەكات كە ئەو قەرزانەی لێ بداتەوە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا وەریگرتون.
هەرێم ئێستا 3 ملیار و 500 ملیۆن دیناری كۆمپانیاكانی نەوت و هەروەها 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری توركیا قەرزارە كە بەهەموی دەكاتە 6 ملیار دۆلار.
بەپێی قسەی شوان زوڵاڵ ئەو نەوتەی ئێستا هەرێم هەناردەی دەكات تەنیا بەشی دانەوەی قەرزەكانی دەكات و یەك فلس تا ساڵێكی دیكە لەو پارەیە نایەتە سەر خەزێنەی حكومەتی هەرێم.
پێشی وایە ئەو پارەیەی لەئێستادا حكومەت دەیدات بەموچە لە داهاتی ناوخۆو ئەو پارەیەیە كە پێشتر بە قەرز وەریگرتوەو پێشبینیش دەكات تا مانگی 2 بەشی موچە پارەی هەبێت، بەدوریشی دەزانێت بەغدا بەهۆی قەرزەكانی هەرێمەوە بتوانێت بگاتە رێككەوتن لەگەڵیداو رەنگە لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا تەنیا موچەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دابین بكات بۆ ئەوەی ئەو دو كەرتە نەوەستن.