سۆلاڤ شه‌یدا خانمه هونه‌رمه‌ندی سینه‌ما‌و دراما ته‌له‌فزیۆنییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت “پێموایه ئه‌ركی هونه‌ری من هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه به‌رامبه‌ر به‌ناعه‌داله‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، نه‌ك خۆده‌رخستن‌و خۆ روتكردنه‌وه به‌رامبه‌ر كامێرا‌كان!”
ئا: شۆڕش محه‌مه‌د :
له‌باره‌ی ره‌وتی هونه‌ری سینه‌ما له‌ئێستادا‌و له‌دیدارێكی تایبه‌ت ، خانمه هونه‌رمه‌ند سۆلاڤ شه‌یدا وتی “شه‌ڕی داسه‌پاوی داعش كۆمه‌ڵگای له‌هه‌مو زه‌مینه‌و بواره‌كاندا توشی ئاڵۆزی‌و قه‌یران كردوه، پریشكی ئاگری ئه‌م كاره‌ساته به‌رهه‌مهێنانی سینه‌مایشی گرتۆته‌وه‌و تائێستاش به‌ری نه‌داوه”.
سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانی دارایی‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هونه‌رو به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌كان، شه‌یدا وتی “به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مهێنانی فیلم په‌یوه‌سته به‌بودجه‌وه، رێژه‌ی كه‌م‌و زۆری بودجه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی به‌رزی‌و نزمی چۆنیه‌تی هه‌ر فیلمێك”.
وتیشی “به‌رهه‌مهێنانی فیلم به‌هه‌ردو كه‌رتی حكومی‌و ناحكومییه‌وه به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه ناچێته سه‌روی یه‌ك دو فیلم له‌ساڵدا. ئه‌م رێژه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتێكی وه‌ك ئێران به150 تا200 فیلم له‌ساڵێكدا، واتا سفر”.
ئاستی توانای فیكری ژن‌و پیاو هاوسه‌نگه
له‌باره‌ی پێگه‌ی ژنانی كوردیش له‌هونه‌ری سینه‌مادا، سۆلاڤ شه‌یدا هه‌رچه‌ند ره‌تیكرده‌وه كه باوه‌ڕی به‌جیاوازی نێوان ژن‌و پیاو هه‌بێت به‌تایبه‌ت له‌كایه‌ی هونه‌ردا، وتی “من باوه‌ڕم به‌جیاوازی نێوان ژن‌و پیاو نییه، پێموایه ئاستی توانای فیكری ژن‌و پیاو هاوسه‌نگه بۆیه رۆڵی ژن وه‌ك رۆڵی پیاو بێ جیاوازی گرنگ ده‌بینم”.
وتیشی “ده‌توانم بڵێم بون‌و پێگه‌ی ژنان له‌هونه‌ری سینه‌مادا به‌خۆشحاڵییه‌وه له‌جاران زیاتره، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا به‌گوێره‌ی پێویست نییه. هۆكاری ئه‌وه‌ش هه‌ڵگری باس‌و لێكدانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ته كه له‌م وتوێژه‌دا جێی نابێته‌وه”.
له‌باره‌ی فێستیڤاڵه سینه‌ماییه‌كانیش، سۆلاڤ شه‌یدا وتی “بێگومان هه‌ر فێستیڤاڵێك به‌واتای بینینی ئیش‌و كار‌و به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی تری به‌ئه‌زمون‌و روانگه‌و بۆچونی جیاجیا‌و ته‌نانه‌ت جیاوازه‌و ئه‌گه‌ر له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه سه‌یری فێستیڤاڵه‌كان بكه‌ین هه‌ركه‌سه‌و به‌گوێره‌ی زه‌مینه‌ی كاری خۆی ده‌توانێ كۆمه‌ڵێ وانه‌و ئه‌زمونی تازه بخاته سه‌ر ئه‌زمون‌و تاقیكردنه‌وه‌كانی خۆی”.
وتیشی “هه‌ر هه‌نگاوێك كه به‌ره‌وپێشتر ده‌نێین هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕییه‌كان كه‌متر ده‌بنه‌وه‌و به‌دیوێكی تردا ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی فێستیڤاڵه‌كانیش به‌ره به‌ره ده‌چێته قۆناغی رێكوپێكتر”.
به‌ر غه‌دری لیژنه‌ی داوه‌رانی فێستیڤاڵه‌كان نه‌كه‌وتوم
ئه‌و جه‌غتی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه له‌هیچ به‌شدارییه‌كی له‌فێستیڤاڵه سینه‌ماییه‌كاندا به‌ر غه‌دری لیژنه‌ی داوه‌رانی فێستیڤاڵه‌كان نه‌كه‌وتوه‌و وتی “له‌لایه‌ن لیژنه‌ی داوه‌رانی فێستیڤاڵه سینه‌ماییه‌كانه‌وه توشی غه‌در نه‌بومه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتكراوم دیاره شایانی بوم‌و زۆر جێگاش كه خه‌ڵاتم نه‌بردۆته‌وه بێگومان كه‌سانی باشتر له‌من هه‌بون‌و توانیویانه خه‌ڵات بكرێن”.
سه‌باره‌ت به‌چه‌مكی بوێریش له‌نواندنی سینه‌ماییدا، سۆلاڤ شه‌یدا وتی “نازانم سه‌نگی بوێری‌و ترسنۆكی چییه‌و چه‌نده. ئه‌وه‌ی ده‌یزانم ئه‌وه‌یه هونه‌رمه‌ندێك له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی داخرا‌و‌و دواكه‌وتودا ئه‌ركی قورس‌و به‌رپرسیارێتی زۆره”.
وتیشی “له‌كۆمه‌ڵگه‌ی مندا ملیۆنان ژن له‌ژێر چه‌قۆ‌و قامچی بیر‌و باوه‌ڕی كۆن‌و دابونه‌ریتی ژه‌نگاوی‌و خورافاتی‌و نازانستیدان. ملیۆنه‌ها ژنی هاوڵاتم له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆنی نێرسالاریدان. ملیۆنه‌ها ژنی هاوڵاتم بێبه‌رییه له‌مافی را‌و راده‌ربڕین‌و ده‌یان شتیتری له‌م چه‌شنه”.
جه‌غتیشی كرده‌وه “بۆیه پێموایه ئه‌ركی هونه‌ری من هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه به‌رامبه‌ر به‌م هه‌مو ناعه‌داله‌تییه، نه‌ك خۆده‌رخستن‌و خۆ روتكردنه‌وه به‌رامبه‌ر كامێرا‌كان!”
وتیشی “كه‌سێك به‌رد بهاوێته گۆمی مه‌ندی پیاوسالار‌و دژه زانست‌و كۆنه‌په‌ره‌ستانه مه‌حاڵه توشی هه‌ڕه‌شه‌و ئیهانه نه‌بێت”.
هونه‌رمه‌ندانی كورد زۆرینه‌یان پابه‌ندی ئه‌خلاقن
سۆلاڤ شه‌یدا ئاماژه به‌وه ده‌دات كه هونه‌رمه‌ندانی كورد زۆرینه‌یان پابه‌ندی ئه‌خلاقن‌و وتی “هونه‌رمه‌ندی كورد زۆرینه‌یان پابه‌ندی ئه‌خلاقن‌و وه‌ك لایه‌نی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئافره‌تان به‌خۆشییه‌وه ره‌وشت جوان‌و خاوه‌ن بیری سه‌رده‌میانه‌ن”.
سه‌باره‌ت به‌كاری نوێ‌و پڕۆژه‌ی نوێیان سۆلاڤ شه‌یدا وتی “ئیشوكاری منیش وه‌ك زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تر كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری شه‌ڕی داگیركه‌رانی داعش‌و قه‌یرانی داراییه‌وه”.
وتیشی”سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش پاشه‌كشه‌مان نه‌كردوه‌و خه‌ریكی داڕشتنی پلانی زنجیره‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیم كه سیناریۆكه‌ی دیاكۆی هاوسه‌رم نوسیویه‌تی”.
سه‌رچاوه:ئاوێنه