ئێرنست مەندڵ
وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد
یەك: ستالینیزم چییە؟
كاتێك لە بیستەم كۆنگرەى پارتی كۆمۆنیستی یەكێتیی كۆماری سۆڤێتدا، نیكیتا خرۆشۆڤ لە بانگەشە ڕاگەیاندننامە بەناوبانگەكەی خۆیدا تاوانەكانی ستالینی مەحكومكرد، پاساوی ئەم تاوانانەش لەژێر ناونیشانی “ڕێچكەى شەخسیی” هێنرایەوە كە بەبۆچوونی ئەو لەسەردەمی دیكتاتۆرییەتی ستالیندا باڵادەست بووە. ئەم جۆرە شیكردنەوە سوبێكتیڤ و زەینییە و تەنانەت دەروونییەش بۆ ڕژێمێكی سیاسیی كە بووەتە هۆى گۆڕینی سەرتاپای ژیانی ملیۆنان ئینسان، بەهیچ جۆرێك لەگەڵ ماركسیزمدا ناگونجێت. ناتوانین دیاردەى ستالینیزم بۆ خەسڵەتگەلی دەروونی یان سیاسیی تاكە كەسێك كورت بكەینەوە. لەم بوارەدا ئێمە دەستوپەنجە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییدا نەرم دەكەین و بۆیە دەبێت ڕیشە كۆمەڵایەتییەكانی كەشف بكەین.
ستالینیزم لە یەكێتیی سۆڤێتدا، نیشانەى داڕمانی بیرۆكراتییانەی یەكەم دەوڵەتی كرێكارییە. ئەوەش وڵاتێكە پیادەكردنی دەسەڵاتی سیاسی و كۆمەڵایەتیی لەلایەن توێژێكی خاوەن ئیمتیازی سیاسییەوە داگیركراوە. فۆرمەكانی توندوتیژیی (وەك ترس و تۆقینی پۆلیس، پاكتاوە جەماوەرییەكانی دەیەى 1930 و 1940، كوشتاری بەڕادەیەك هەموو كادرە كۆنەكانی پارتی كۆمۆنیستی یەكێتیی سۆڤێت، دادگاییەكانی مۆسكۆ و هتد) و هەروەها فۆرمە نەرمەكانی ئەم دەسەڵاتە بیرۆكراتییە، هەمەچەشن و جۆراوجۆرن. بەڵام خەسڵەتی جیاكەرەوەی هەرە بنچینەیی داڕمانی بیرۆكراتیی لە سەردەمی دوای ستالیندا هەروەك قۆناغی ژیانی ستالین، كەم تازۆر وەك خۆیان ماونەتەوە.
دەسەڵات لەلایەن ئەو شورایانەوە بەڕێوە نابرێت كە ئازادانە لەلایەن كرێكارانەوە هەڵبژێردرابێتن. بەڕێوەبردنی كارگەكان بەدەستی كرێكاران نییە. نە چینی كرێكار و نە ئەندامانی پارتی كۆمۆنیست هیچ ئازادییەكی دیموكراتییانەى پێویستیان نییە بۆ بڕیاردانی سەربەخۆ لەبارەى زۆر پرسی گرنگی ئابووریی و كولتووریی و سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەكییەكان.
لە وڵاتانی سەرمایەدارییدا، ستالینیزم بەمانای پەیڕەوێكردنی بەرژەوەندییەكانی شۆڕشی سۆسیالیستیی لەم وڵاتانە بۆ بەرژەوەندییەكانی دیپلۆماسییەتی سۆڤێتیی لەلایەن پارتە هاوپەیمانەكانییەوە دێت. تیۆریی ماركسیستیی كە دەبێت لەخزمەتی شیكاریی گەشەكردنی ناكۆكییەكانی سەرمایەداریی، پەیوەندیی هێزە چینایەتییەكان، واقیعی بابەتی (ئوبێكتیڤ)ی قۆناغی ئینتیقالیی لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆسیالیزم و بە مەبەستی كۆمەككردن بە خەباتی ڕزگاریخوازی پرۆلیتاریادا بەكاربهێنرێت، كەچی دابەزێنراوەتە سەر ئاستی ئامرازێك بۆ پاساوی “وەرچەرخانە تاكتیكییەكان”ی كرملین و پارتە ستالینیستییەكان.
ستالینیزم هەوڵدەدات دەیەوێت پاساو بۆ ئەم مانۆرانە بهێنێتەوە بەناونیشانی چەند هەنگاوێكی زەرووریی بۆ بەرگریكردن لە یەكێتیی سۆڤێت، ئەم “پایەگا سەرەكییەى شۆڕشی جیهانیی” دوای جەنگی دووەم و “سەنتەری كەمپی سۆسیالیستیی جیهان” دوای ئەم جەنگە. كرێكاران لە بنچینەدا دەبێت بەرگریی لە یەكێتیی سۆڤێتی سۆسیالیستیی بكەن دژی هەنگاوەكانی ئیمپریالیزم لەپێناوی دامەزراندنەوەى حكومەتیی سەرمایەدارانە.
بەڵام ئەو مانۆڕە تاكتیكییە ستالینیستییانە، كە دەستیان هەبووە لە شكستی زۆرێك لە شۆڕشەكانی جیهان، ڕێگایان بۆ گەیشتنە دەسەڵاتی هیتلەر لە ئەڵمانیای 1933 خۆشكرد؛ شۆڕشی ئیسپانیا لە ساڵی 1936 بەم هۆیەوە شكستی هێنا، جەماوەری كۆمۆنیستیی ئیتاڵی و فەڕەنسیی لە ساڵانی 1944-1946 ناچار بە نۆژەنكردنەوە و بونیادنانەوەى دەوڵەتی بۆرژوازیی و ئابووریی سەرمایەداریی كرد؛ بووەتە هۆى سەركوتی خوێناویی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكان لە عێڕاق، ئەندەنوسیا، بەڕازیل، شیلی و زۆرێك لەوڵاتانی دیكە تاكو ئێستا؛ بەڵێ، بەقورسی دەتوانین ئەم مانۆڕانە بەگونجاو لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی سۆڤێت وەك دەوڵەتێك حساب بكەین. ئەم شكستانە گونجاون لەگەڵ بەرژەوەندییە بیرتەسكییەكانی بەرگریكردن لە ئیمتیازە بیرۆكراسییەكانی سۆڤێت لەهەموو ئەم مەجالانەدا و ئەمەش پێچەوانەى ئاراستەى بەرژەوەندییە ڕاستەقینەكانی یەكێتیی سۆڤێتیی سۆسیالیستیی [واتا شۆڕشی ئۆكتۆبەر] بووە.
دوو: قەیرانی ستالینیزم
داڕمان و كەوتنی شۆڕشی ئەنتەرناسیۆنال لە ساڵی 1923 بەدواوە و دواكەوتوویی ئابووریی سۆڤێت دوو ڕەگەزی دەسەڵاتی بیرۆكراتیی لەیەكێتیی سۆڤێتی سۆسیالیستیی بوون. بەڵام لە كۆتاییەكانی دەیەى 1940 هەردووكیان بەرەبەرە نەمان و لەناوچوون.
شكستی 20 ساڵەى شۆڕشی جیهانیی، دەركەوتنی نوێی شۆڕشیی جیهانیی بەدواوە بووە. لە سەرەتادا ئەم شۆڕشانە بۆ وڵاتانی ناگەشەكردوو (یوگسلاڤیا، چین، ڤێتنام و كوبا) سنووردار بوو، بەڵام لە مانگی ئایاری 1968 لەدواوە هەموو غەربیشی گرتەوە. یەكێتیی سۆڤێت ساڵانێك دووركەوتەوە لە هەوڵدان لەپێناوی “كەڵەكەكردنی سۆسیالیستیی” لەناو جەرگەى وڵاتانی ناگەشەكردوودا. ئەمڕۆ یەكێتیی سۆڤێت دووەم دەسەڵاتی پیشەسازییە لە جیهاندا و ئاستی تەكنیكی و كولتوورییەكەى هاوتای زۆرێك لەوڵاتانی سەرمایەداریی پێشكەوتووە. پرۆلیتاریای سۆڤێت لەگەڵ پرۆلیتاریای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەڕوانگەى چەندایەتییەوە گەورەترین چینی كرێكاری جیهان پێكدەهێنن.
لە هەلومەرجێكی ئاوادا، لەوڵاتانی ژێر كۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی بیرۆكراتیی سۆڤێتیی، بزربوون و نەمانی بەرچاوی بناغە بابەتییەكانی پاسیڤییەتی جەماوەر دەستپێدەكات. دەستپێكیی چالاكییەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە جیابوونەوە و ئینشیقاق لەناوەوەى بیرۆكراسیدا دەستیپێكردووە. كە خۆى لە ڕۆژگاری بڕینی پەیوەندیی ستالین – تیتۆوە لە ساڵی 1948دا لە ڕەوتێكی جیابوونەوەى بەرچاودا دەژیت. كاریگەرییە بەرانبەرەكانی ئەم دوو فاكتەرە لەبەرژەوەندیی تەقینەوەى خۆپیشاندانە سیاسییە لەناكاوە جەماوەرییەكانە. ئەو جەماوەرەى دەستیكردووە بە ڕەخنەگرتن لە ئەنجامدانی ئەركەكانی شۆڕشی سیاسیی؛ ڕووداوگەلێكی وەك ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەر-نۆڤەمبەری 1956 لە هەنگاریا یان “بەهاری پراگ” لە چیكۆسلۆڤاكیای 1968.
تا ئێستا هەموو ئەم بزووتنەوە جەماوەریانە لەلایەن تەداخولی سەربازیی بیرۆكراسیی سۆڤێتییەوە سەركوتكراون. بەڵام ئەگەر ئەمجۆرە پرۆسەیە لە یەكێتیی سۆڤێتدا گەشە بكات، هیچ دەسەڵاتێكی دەرەكیی ناتوانێت بەر بە ئاراستەى شۆڕشە سیاسییەكان لە ئەوروپای خۆرهەڵاتی و سۆڤێتیدا بكات و دیموكراسیی سۆڤێتەكان دووبارە دادەمەزرێتەوە. مەترسیی زیندووبوونەوە و گەڕانەوەى سەرمایەداریی بۆ هەمیشە لەنێو دەچێت؛ دەسەڵاتی سیاسیی لەلایەن كرێكاران و جووتیارانی دەستكورتەوە دووبارە پیادە دەكرێتەوە؛ و خەبات بۆ شۆڕشە سۆسیالیستییەكان لە كۆى خاڵەكانی دیكەى جیهاندا پێشڕەوییەكی گەورە و مەزن دەكاتەوە.
سێ: چاكسازییە ئابوورییەكان
دوای مەرگی ستالین بەتایبەت لە دەیەكانی 1960 و 1970دا گەلێك چاكسازیی بەرفراوان لە میتۆد و ڕێگاكانی پلاندانان و بەڕێوەبردن لە یەكێتیی سۆڤێت و “دیموكراسییە جەماوەرییەكان”دا ئەنجام درا. خێراترین چاكسازیی لەبواری پیشەسازییدا كرا. لە ڕۆژگاری مەرگی ستالیندا تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی كەرەستەى خۆراك گەیشتبوو بە بڕێكی زۆر كەمتر لە ساڵی 1928 و لە دانوێڵەشدا تەنانەت بەراورد بە ڕۆژگاری قەیسەریش كەمتر بووبووەوە. هەنگاوە یەك لەدوای یەكەكان بەمەبەستی بەرزكردنەوەى دەرامەتی جووتیاران، بەكارهێنانی عەقڵانیانەى ئامێری كشتوكاڵی (كە بە كولخوزەكان فرۆشرابوو)، دامەزراندنی مەزراگەلی دەوڵەتیی گەورە لە “زەوییە بەیارەكان”ی كازاخستان و هەڵكشانی گەورەى بڕی سەرمایەگوزاریی لەوڵاتدا پیادەكرا.
بواری ڕیفۆرم و چاكسازییەكان لەكەرتی پیشەسازییەكاندا هێواشتر و هاوشان بوو بە گومانی زیاترەوە. زەروورەتی بابەتیی ئەنجامدانی ئەم چاكسازییانە لە قەیرانی گەشەى ئابووریی سۆڤێت، دابەزینی تێكڕای گەشەى ساڵانەى بەرهەمهێنانی پیشەسازییەوە سەرچاوەى دەگرت. ئەمەش پەیوەندیی هەیە بە لەناوچوونی زەخیرەكان و سەرچاوەكانی بەرهەمهێنان كە ڕێگەیان دابوو بەپیشەسازیكردنی گەورە و فراوان كەم تازۆر پیادەكردنێكی گونجاوی هەبێت – واتا بەبێ ئەوەى كۆششێك بەئاراستەى لایەنی زۆری زیادەڕۆیی لەكاركردن، كەرەستەى خاو و زەویدا بكرێت. لەناوچوونی زەخیرەكان، پێویستبوونی حساباتی دەقیقتر، هەڵبژاردنی عەقڵانیتری نێوان بەرنامە جۆراوجۆرەكانی سەرمایەگوزاریی زیاتر لەپێشوو بوو بە زەروورەت، خودی گەشەى ئابووریی سۆڤێت و هەروەها چەندبەرابەربوونی یەكە سەرمایەگوزارییەكان و سەرچاوەكانی لەكاتێكدا كە میتۆدە عەقڵانیترەكان لە پلاندانان و بەڕێوەبردندا نەگیرانە بەر، بۆیە ڕووبەڕووی ڕیسك و مەترسیی هەڵكشاوی بێ پایانی بەهەدەردان ببوونەوە.
فشاری جەماوەری زەحمەتكێش و چەوساوە، ماندوو بەدەست ساڵانی فیداكاریی و تەحەمولكردنی فشار و خوازیاری باشتركردن و هەمەجۆریی مەسرەفی خۆى و هەروەها پێوستیی بە هاوئاهەنگكردنی بڕیارەكان – لە ئاستی پیشەسازییە سوكەكاندا – لەگەڵ ئارەزووی مەسرەفكاران، هەردووكیان بەم ئاراستەیەدا گوزارشتیان لە شتەكان دەكرد. ڕەگەزێكی دیكە كە هانی هەنگاوی چاكسازیی دەدا؛ دواكەوتوویی بەرچاوی سۆڤێت بوو لە پەیوەندیدا بە ئابووریی سەرمایەدارییەوە. ئەم دواكەوتووییە لە سیستەمی پاداشتە ماتریالییە بیرۆكراسییەكانەوە سەرچاوەى دەگرت، كە هانی تاقیكردنەوە ئەزموونیی و داهێنانە تەكنەلۆژییەكان نادات. لەو ڕۆژگارە بەدواوە ئەم پاداشتانە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.
بە بەستنەوەى پاداشتی بەڕێوەبەران بە “قازانج”ـەوە (جیاوازیی نێوان تێچوونی بەرهەمهێنان و نرخی فرۆشتن) كە دەگوترێت كاری هەنوكەیی یەكەى بەسەرمایەگوزاریكراو دەگرێتەوە، لەبەرانبەردا بەستنەوەى بە تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەمانا فیزیكییەكەى (واتا شتە دروستكراوەكان)، ڕێبەرە بیرۆكراتەكان هیواداربوون بەهەدەردانی كەرەستەى خاو و كار كەم بكەنەوە و بەكارهێنانی عەقڵانیی ئامێرەكان بێننە پێشەوە. ئەمجۆرە چاكسازییانە لە پیشەسازییە سوكەكاندا ئەگەرچی دەرەنجامی كەم بەڵام پۆزەتیڤی هەبووە. بەڵام گۆڕان لە جەوهەری دژبەر و ناكۆكی سیستەمدا نەهاتە ئاراوە، چونكە نرخی فرۆشتن هەروەك پێشوو لەلایەن بەرپرپسانی پلاندانانی ناوەندەوە دیاریدەكرا.
ئەمجۆرە چاكسازییانە لەبەر ئەوەى توانای چارەسەركردنی كێشە بنچینەییەكانی نەبووە. ئاسۆیەكی زۆر بەرتەسك و سنوورداری دەبێـ. هیچ “میكانیزمێكی ئابووریی” كە لەدەرەوەى چوارچێوەى دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی دیموكرایی و گشتیی جەماوەری بەرهەمهێنەر و مەسرەفكارەوە بێت، توانای ئەوەى نابێت بگات بە بەدەستهێنانی لایەنی زۆری بەرهەمهێنان بە لانیكەمی هەوڵدانەوە. هەر چاكسازییەك مەیلی بۆ ئەوە هەیە جۆرێكی تازەى خراپ بەكارهێنان و بەهەدەردانی بیرۆكراتییانە بكاتە جێگرەوەى فۆرمە كۆنەكە. پلاندانانی عەقڵانی بەهەموو شێوەیەك مەحاڵە لەژێر حكومەتێكی بیرۆكراسیی و ئیمتیازاتە مادییەكانی بەدیبێت كە وەك بزوێنەری سەرەكیی بۆ بەدیهاتنی ئەم پلاندانانە ڕەچاو دەكرێت. ڕیفۆرم و چاكساییەكان تا ئێستا نەبووەتە هۆى زیندووبوونەوەى سەرمایەداریی و نە بووەتە هۆى ئەوەى دووبارە قازانج ڕێنمایی و ڕێنیشاندەری بڕیاردارنەكان بێت پەیوەست بە سەرمایەگوزارییەوە. بەڵام بووەتە هۆى هەڵكشانی ناكۆكییە ناوەكییەكانی سیستەم. چاكسازییەكان لەلایەكەوە فشاری بەرەیەكی بیرۆكراسیی بەهێزتركردووە بۆ پشتیوانیكردن لە پێسپاردنی دەسەڵاتی زیاتر بە بەڕێوەبەرانی كارگەكان كە ئەم خاڵە خۆى دەستكەوتە سەرەكییەكانی چینی كرێكاری وەك مافی گەرەنتیكراوی كاری خستۆتە مەترسییەوە و لەلایەكی دیكەوە بووەتە هۆى هەڵكشان و بەرزبوونەوەى بەرگریی كرێكاران لەبەرانبەر بەو مەیل و ئاراستانەدا كە دەست بۆ دەستكەوتەكانی كرێكاران و ئابووریی بەپلان و بەرنامە دەبەن.
چوار: ماویزم
سەركەوتنی شۆڕشی سێیەمی چین لە ساڵی 1949دا بە گرنگترین ڕووداوی شۆڕشی جیهانیی لە ڕۆژگاری سەركەوتنی شۆڕشی سۆسیالیستیی ئۆكتۆبەر بەدواوە حساب دەكرێت. ئەم شۆڕشە ئەو بازنەیەى شكاند كە سەرمایەداریی بەدەوری یەكێتیی سۆڤێتدا كێشابووی؛ و ڕەوتی شۆڕشی بەردەوامی لە ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریكای لاتین بەهێزتر كرد. لە هاوسەنگی هێزەكان لەئاستی جیهانییدا گۆڕانێكی بەرچاو بەزیانی ئیمپریالیزم هاتە ئاراوە. سەركەوتنی ئەم شۆڕشە خۆى بەو هۆیەوە بوو كە ڕێبەرایەتیی ماویستیی پارتی كۆمۆنیستی چین لە پراكتیكدا خۆی دابڕی لە هێڵی ستالینیستیی “بلۆكی چوار چین” و شۆڕشی قۆناغ بەقۆناغ و ڕێبەرایەتیی یاخیبوونە گەورە جووتیارییەكانی كرد و وێڕای ڕاگەیاندنی لایەنگریكردن لە هاوپەیمانیی لەگەڵ چیانكایشیكدا، سوپاس و دەوڵەتی بۆرژوازیی لەناوبرد.
وێڕای ئەمە، ئەم شۆڕشە سەركەوتووە هەر لەسەرەتاوە ناقس و بەبیرۆكراتیكراو بوو. پراكتیە سەربەخۆكانی پرۆلیتاریا، ئەگەر لەلایەن ڕێبەرایەتییە ماویستییەكەیەوە بەری پێنەگیرابایە، لانیكەم بەمجۆرە نەدەبوو، بۆیە ئەو دەوڵەتە كرێكارییەى دامەزرابوو هەرگیز لەسەر بناغە و بنچینەی شورا كرێكاریی و جووتیارییەكان دانەمەزرابوو، كە بەشێوەیەكی دیموكراتییانە هەڵبژێردرابێتن. فۆمرە جۆراوجۆرەكانی ئیمتیازە بیرۆكراتییەكان و بەڕێوەبردن زۆر باو بوو ئەویش بە تەقلیدكردنەوەى ئەو شتەى لە ڕووسیای ستالینیستیدا باو بوو. ئەمانە گەلێك ناڕەزایەتیی بەرچاویان لەنێوان خەڵك و جەماوەردا بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لەنێوان كرێكاران و لاواندا كە ماوتسی تۆنگ لەڕێگای “شۆڕشی كولتووریی پرۆلیتاریایی گەورەوە” لە ساڵەكانی 1964-1965دا هەوڵێكی زۆری خەرجكرد لەپێناو كەناڵیزەكردنی خەباتەكانی ئەوانەوە.
شۆڕشی ناوبراو، فۆرمەكانی ئاگایی و وشیاریی ڕەسەنی دژەدیموكراتیی و ڕێكخستنی جەماوەری شاریی ئاوێتەى هەوڵەكانی ماو كرد بۆ تەسفیە و پاكتاوكردنی دامودەزگای پارتی كۆمۆنیست و دەركردنی نەیارانی. كاتێك ڕێكخستن و مۆبیلیزەكردنی جەماوەر و وەرچەرخانی بیروبۆچوونی زیاتر لەپێشوو ڕەخنەیی كادرە سوورەكان بەڕادەیەك لە كۆنتڕۆڵی ئەوان دەردەچوو، بەرەى ماویزم كۆتایی بە “شۆڕشی كولتووریی” هێنا. لە ناوەوەی بیرۆكراسیدا یەكێتییەكی بەڕادەیەك بەرفراوان دووبارە بەرقەرار كرایەوە و زۆرینەى ئەو بیرۆكراتانەى لە سەردەمی لوتكەى “شۆڕش”دا ڕەتكرابوونەوە، دووبارە گەڕانەوە سەر پێگە و پۆستەكانیان.
هەوڵی بیرۆكراسیی ڕووسیا بەمەبەستی پیادەكردنی كۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی مۆنۆپۆلیی خۆی بەسەر ڕێبەرایەتیی پارتی كۆمۆنیستی چین و هەروەها بڕینی كۆمەكە ئابووریی و سەربازییەكان بۆ كۆماری جەماوەریی چین وەك نەچوونە ژێرباری ماو بەم فەرمانانە، بووە هۆى سەرهەڵدانی مشتومڕ و ململانێی چین و ڕووسیا. ئەم ململانێیانە وردە وردە لە ململانێیەكی ڕێكخراوەیی و ئادیۆلۆژیی نێوان بیرۆكراتەكانی ناوەوەى بزووتنەوەى ئەنتەرناسیۆنالیی ستالینیستییەوە گۆڕا بۆ ململانێی نێوان دوو دەوڵەت. ناسیۆنالیزمی كورتبین و بیرۆكراتیی، چ جۆرە ڕووسییەكەی یان جۆرە چینییەكەى بێت، چەندین زیانی ناقابیلی قەرەبووكردنەوەى لە بەرژەوەندییەكانی بزووتنەوە كرێكاریی و دژەئیمپریالیستییەكانی جیهان دا. چونكە ئیمپریالیزم بەسوودوەرگرتن لە ململانێی نێوان چین و ڕووسیا خۆى لە هەلومەرجێكدا بینییەوە كە توانی خۆى بە مانۆردانەوە (تەمرین و نمایشی سەربازیی) خەریك بكات.
لەڕوانگەى ئایدیۆلۆژییەوە ماویزم ڕەوتێكی نێو بزووتنەوەى كرێكاریی دەردەخات كە خاوەن خەسڵەتگەلی جۆراوجۆری ناڕێكییە ستالینیستییەكانە لەنێو ماركسیزم-لینینیزمدا. لەكاتێكدا ستالینیزم بەرهەم و دەربڕینی دژەشۆڕشێكی سیاسییە لەنێو دڵی شۆڕشێكی پرۆلیتاریدا، ماویزم بریتییە لە دەربڕینی هەم سەركەوتنی شۆڕشی سۆسیالیستیی و هەم دەربڕینی خەسڵەتی گەندەڵ و داڕماوی بیرۆكراتییانەى ئەم شۆڕشە هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە. كەواتە لە پەیوەندییەكانی نێوان دامودەزگای دەوڵەتیی و جەماوەردا، ماویزم خەسڵتگەلی گوڵچنتر كە نەرمینواندنێكی زیاتریشی هەیە ئاوێتە و تێكەڵی خەسڵەتی تایبەتی خەفەكردن و سەركوتكردنی هەمووجۆرە پراكتیك یان ڕێكخستنێكی سەربەخۆی جەماوەر بەتایبە جەماوەری پرۆلیتاریای شاریی دەكات.
ماویزم، بەتایبەت بە تێنەگەیشتنی لە خەسڵەتی كۆمەڵایەتیی بیرۆكراسیی كرێاری و سەرچاوەكانی داڕمانی بیرۆكراتییانەى مومكین لەنێو شۆڕشە سۆسیالیستیی و دەوڵەتە كرێكارییەكاندا، دەناسرێتەوە. چونكە ماویزم خۆی دەرخەر و دەربڕی ئایدیۆلۆژیانەى بەرەیەكی بیرۆكراسییە. ماویزم بەیەكسان سەیركردنی بیرۆكراسیی ڕووسا لەگەڵ “بۆرژوازیی دەوڵەتی” و پێناسە و ناساندنی یەكێتیی سۆڤێت وەك “سۆسیال ئیمپریالیست”، بەشێوازێكی نابەرپرسانە و ناپراكتیكیانە پاساو بۆ هەموو وەرچەرخانەكانی سیاسەتی دەرەوەى چین و گروپە ماویستییەكان دەهێنێتەوە. ماویزم تا ئەو شوێنە دەچێتە پێشەوە كە ئیمپریالیزمی ئەمریكا، یەكێتیی سۆڤێت، پارتە بۆرژوازییەكان و پارتە كۆمۆنیستییەكان لەیەك ڕیزدا دادەنێت، با واز لەوە بێنین كە یەكێتیی سۆڤێت و پارتە كۆمۆنیستییەكان بە “دوژمنانی سەرەكیی خەڵك” ناو دەبات و تێدەكۆشێت تا لەگەڵ زلهێزە گەورە ئیمپریالیستیی و پارتە بۆرژوازییەكاندا، دژی یەكێتیی سۆڤێت و پارتە كۆمۆنیستییەكان یەك بگرێت. ئەم “تاكتیكانە” لەسەر تیۆرێك دامەزراون كە بەوگوێرەیە زۆربەى دەوڵەتانی سەرمایەداریی ئەمڕۆ نەك ڕووبەڕووی وەزیفەى شۆڕشی سۆسالیستیی، بەڵكو ڕووبەڕووی وەزیفەی خەبات بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی لە دوو زلهێز بوونەتەوە.
خەسڵەتی خۆویستی ئەم تیۆرانە كە لەڕاستیدا پاساوگەلێكی درەنگوەخستن بۆ مانۆرە دیپلۆماتییەكانی پەكین، ڕیشەیان لەنێو داڕمانی ئیرادەگەرایانە و خەیاڵپڵاویی لە ماركسیزمدا هەیە. ماویستە ئەرسەدۆكسەكان بەبیانووی خەبا دژی “ئیكۆنۆمیزم” وەك “مەترسیدارترین” ڕیڤیزیۆنیزم لە ماركسیزمدا، خۆیان بەدووردەگرن لە لێكۆڵینەوەى چینە كۆمەڵایەتییەكان وەك واقیعە بابەتییەكان كە لەلایەن پەیوەندییە هەنوكەییەكانی بەرهەمهێنانەوە لە كۆمەڵگادا دیاریدەكرێن. لەڕوانگەى ئەوانەوە، چینە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن ئایدیۆلۆژیای هەڵبژێردراوی ئەوانەوە دیاریدەكرێن. پرۆلیتاریا چیتر كۆى جەماوەری خەڵكی كرێگرتە نییە، بەڵكو ئەو كەسانەن كە “پەیڕەوكاری بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگن”.
بەگوێرەى ئەم لۆژیكە، ئەوان ڕەوتگەلێكی ئایدیۆلۆژیانەى بۆرژوازیی و وردەبۆرژوازیی نێو چینی كرێكار بەیەكسان لەگەڵ “بۆرژوازیی” یان “نوێنەرانی بۆرژوازیی” لەقەڵەم دەدەن و خەباتە ئایدیۆلۆژیەكانی ناوەوەى بزووتنەوەى كرێكاریی بەیەكسان دەبینن لەگەڵ “خەباتی چینایەتیی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازیی”. ڕەتكردنەوەى دیموكراسیی كرێكاریی پاساو دەهێنێتەوە بۆ پیادەكردنی توندوتیژیی و سەركوتكردن لەناوەوەى بزووتنەوەى كرێكاریی، ڕەتكردنەوەى كۆی نەریتیی خەباتە ماركسیست-لینینیستییەكان لە دامەزراندی بەرەی یەكگرتووی هەموو ڕێكخراوە كرێكارییەكان دژی دوژمنی هاوبەش، هەموو ئەمانە لەم لۆژیكەوە سەرچاوە دەگرن. دیكتاتۆریی پرۆلیتاریا هاوتایە لەگەڵ “ئایدیا و بیروبۆچوونی ماوتسی تۆنگ”دا و لەلایەن “پارتی ماوتسی تۆنگ”ـەوە پیادە دەكرێت.
بەمجۆرە بازنەیەكی تەواو دەپێورێت. ماوییەكان دوای ڕاگەیاندنی جەنگ دژی بیرۆكراسیی سۆڤێت، خۆیان لە ڕژێمێكی بیرۆكراتییدا دەستیانكرد بە بەرگریی كردن لەخۆیان كە زۆر لە ڕژێمی سۆڤێت دەچوو، ئەگەرچی هەندێكجار ماویزم دروشمی “بەشداریكردن”ی جەماوەر لە بڕیاردانەكانیشدا دەخاتە نێو مشتومڕەكانی خۆیەوە. ستالین، خرۆشۆڤ و بێرژنێڤ چەندە تیۆریی لینینیستیی دیكتاتۆرییەتی پرۆلیتاریایان قبوڵكردووە كە ئەم تیۆرە لەسەر پیادەكردنی دەسەڵات لەلایەن شورا كرێكاریی و جوتیارییەكانەوە دامەزراوە كە ئازادانە و بەشێوەیەكی دیموكراتییانە هەڵبژێردرابێتن، ماویزمیش هەر بەو ڕادەیە ئەم تیۆرەى قبوڵە[مەبەستی نووسەر ئەوەیە دیكتاتۆرییەتی پرۆلیتاریای ماركسی-لینینی كە لەسەر هەڵبژاردنی ئازادانەی شورا كرێكارییەكان دامەزراوە، لەلایەن ستالین و ماوەوە قبوڵكرا، بەڵام وەك میكانیزمی سەركوتكردن و تاوان و دیكتاتۆرییەتی خوێنمژەوە بەكارهێنرا-وەرگێڕ].
تێبینیی وەرگێڕ: ئەمە بەشێكە لە كتێبێك، كە كۆمەڵە وتارێكە لەسەر ئەزموونی ستالین و ستالینیزم و ماو و ماویزم كۆمكردوونەتەوە و وەرمگێڕاون، شایانی باسە، ئەمە درافتی سەرەتایی وەرگێڕانەكەیە و دوا درافتی ئەم وتارە لەگەڵ دوا ڕەشنووسی كتێبەكەدا ئامادە دەكرێت…