رۆژانه هه‌زاران گاڵۆن پاشه‌ڕۆو پاشماوه‌ی كارگه‌كان راسته‌وخۆ ده‌ڕژێنه ناو روباری سیروان‌و ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه، كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی خواردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانیه.
پاشه‌ڕۆی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی سلێمانی له‌رێگه‌ی زێرابه سندوقییهكانهوه له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆ ده‌ڕژێنرێته ناو ئاوی تانجه‌رۆوه، هاوكات ته‌واوی زبڵ‌و خاشاكی شاره‌كه‌ش له‌هه‌مان ناوچه فڕێدهدرێتو به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ تێكه‌ڵ به‌ئاوه‌كه ده‌بێت.
پاشه‌ڕۆكان سه‌رچاوه‌یان جیاوازه، ئه‌وانیش له‌رێگای كارگهكانو ماڵان‌و چالاكییه پیشه‌سازییه‌كانی دیكه‌وه دێن، راسته‌وخۆ ده‌ڕژێنه نێو ئاوه سازگارهكانهوهو سیفه‌ته فیزیاییو كیمیایی‌و بایلۆجییهكانی ئاو دهگۆڕنو كاریگه‌ری مه‌ترسیداریان له‌سه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان ده‌بێت.
ئاوی تانجه‌رۆ كه لقه روبارێكه، له‌باشوری سلێمانی‌و له‌ناوچه‌ی پیرهمهگرونو تابینهوه (45كم باكوری خۆرهه‌ڵاتی سلێمانی) ههڵدهقوڵێو كانیاوه‌كانی سه‌رچناری تێكه‌ڵده‌بێت، دواتر له‌ناوچه‌ی شاره‌زور ده‌ڕژێته ناو ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه.ئه‌و مادده زیانبه‌خشانه‌ی له‌رێگه‌ی پاشه‌ڕۆوه ده‌رژێنه ئاوه‌وه، مادده‌ی ئهندامیو مادده‌ی قورسی وه‌كو جیوه‌و قوڕقوشمو كادمیۆمو نیتراتن.
نه‌بیل مو‌سا، یه‌كێكه له‌و چالاكوانانه‌ی چه‌ندین ساڵه خۆی بۆ پارێزگاری ژینگه‌و ئاو ته‌رخانكردووه‌و له‌رێگه‌ی چه‌ند لایه‌نێكی ناحكومییه‌وه كار بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان و به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌مه‌ترسییه‌كانی پیسبوونی ئاو ده‌كات، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد به‌هۆی فڕێدانی خۆڵ‌و خاشاك له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆ شله‌یه‌ك دروستده‌بێت كه پێی ده‌وترێت “لچه”و زۆر كوشنده‌و مه‌ترسیداره‌و له‌ئاوی پاشه‌ڕۆو زێراب كاریگه‌ری زیاتره.
چه‌ند ساڵی رابردوو ناوبه‌ناو حاڵه‌تی له‌ناوچوونی ژماره‌ی زۆری ماسی له‌ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان دوباره ده‌بێته‌وه، نه‌بیل مو‌سا بۆ “نیقاش” وتی “هۆكاری له‌ناوچوونی ئه‌و ماسیانه بۆ پیسبوونی ئاوه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌و لچهو پاشه‌ڕۆیانه”.
هاوكات به‌شێك له‌چالاكی ئاژهڵداریو كشتوكاڵیش له سنوری شاره‌زورو گه‌رمیان به‌پاشه‌ڕۆ ئاودێری ده‌كرێت، به‌هۆی ئه‌و پاشه‌ڕۆو زبڵانه‌وه پێكهاته‌ی نامۆ ده‌ڕژێنه سه‌رچاوه‌كانی ئاوه‌وه‌و له‌وێشه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئاژهڵو پێكهاته زیندووهكانو به‌شێك له‌پێكهاته كشتوكاڵییه‌كان، له‌كاتی خواردنی ئاژهڵو رووه‌كه‌كان له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، ئه‌گه‌ری توشبوونی مرۆڤ به‌نه‌خۆشییه‌كان زیاتر ده‌بێت.
د.ساڵح نه‌جیب، پسپۆڕی ژینگه‌و مامۆستای به‌شی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی بۆ “نیقاش” باسی له‌وه‌كرد، به‌پێی ستاندارده جیهانییه‌كان به‌كارهێنانی ئاو بۆ ئاودێری تایبهتمهندییو پێوه‌ری خۆی هه‌یه‌و به‌هه‌موو جۆره ئاوێك ئاودێری ناكرێت.وتیشی “به‌داخه‌وه لێره هیچ گرنگیی‌و بایه‌خێك به‌و گرفته ژینگه‌ییه نادرێت‌و حكومه‌ت هیچ له‌به‌رچاو ناگرێت”.
جگه‌له پاشه‌ڕۆی سلێمانی، هاوكات به‌شێك له‌پاشه‌ڕۆی ناوچه‌ی شاره‌زور ده‌ڕژێته ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی خواردنه‌وه‌ی دانیشتوانی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخانه، دواتریش ته‌واوی پاشه‌ڕۆی ده‌ربه‌ندیخان ده‌ڕژێته ناو رووباری سیروانه‌وه كه به‌هه‌مانشێوه سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی دانیشتوانی قه‌زای كه‌لاره.
د.ساڵح نه‌جیب ده‌ڵێت “له‌هیچ شوێنیكی دنیادا نییه ئاوی زێرابو پاشه‌ڕۆ تێكه‌ڵ به‌ئاوی سازگار بكرێت، ته‌نیا له‌وڵاته هه‌ر دواكه‌وتووه‌كاندا نه‌بێت”.به‌وته‌ی سامان ره‌حیم، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی كه‌لار له‌ئێستادا (60%)ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی شاره‌كه پشت به‌رووباری سیروان دهبهستێتو له‌داهاتووشدا ئه‌و رێژه‌یه بۆ (80%) زیاد ده‌كات.
له‌باره‌ی پرۆسه‌ی پاقژكردنه‌وه‌ی ئاوی روباره‌كه‌وه، سامان ره‌حیم بۆ “نیقاش” رونیكرده‌وه، ئاوی سیروان به‌چه‌ند قۆناغێكی پاككردنهوهدا ده‌ڕوات، كه ماده‌ی (شه‌ب) بۆ روونكردنه‌وه‌و (كلۆر) بۆ پاككردنه‌وه‌ی تێده‌كه‌ن، به‌ڵام د.ساڵح نه‌جیب پسپۆڕی ژینگه ده‌ڵێت “له‌ئه‌گه‌ری بوونی پێكهاته‌ی ئۆرگانی له‌ناو ئاوه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ كلۆر كارلێك دهكاتو ئه‌وه‌ش هۆكارێكه بۆ توشبوونی مرۆڤ به‌نه‌خۆشی شیرپه‌نجه”.
به‌پێی ئامارێكی نافه‌رمیش، رێژه‌ی تووشبوون به‌نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه له ناوچه‌ی گهرمیانو به‌تایبه‌تیش كه‌لار روو له‌زیادبوونه، پسپۆرانی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ش یه‌كێك له‌هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی بۆ پیسبوونی ئاو ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
له لێدوانێكیدا بۆ “نیقاش” رێبوار ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی تهندروستییو ژینگه له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی وتی “گرفته‌كه ته‌نیا له ارێزگهكهی ئێمه‌دا بوونی نییه، ته‌نانه‌ت به‌شێك له پاشه‌ڕۆی به‌غداش ده‌ڕژێته نێو روباری دیجله‌وه”.
له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانیان بۆ رێگریكردن له‌تێكه‌ڵكردنی زێرابو پاشه‌ڕۆ به‌ئاوی سازگار، وتیشی “به فه‌رمی راپۆرتێكی زانستیمان پێشكه‌ش به‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان كردووه بۆ چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی”.له‌باره‌ی نه‌بوونی فلته‌ری ئاو لهكارگهو پاڵاوتگه‌كانی ناوچه‌ی تانجه‌رۆ، سه‌رۆكی لیژنه‌ی تهندروستییو ژینگه ئاشكراشیكرد، فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی سلێمانی له‌رێگه‌ی نۆ لیژنه‌وه به‌رده‌وام غه‌رامه‌ی كارگه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام تائێستا نه‌یانتوانیوه كۆنتڕۆڵیان بكه‌ن.
به‌پێ دیدگای حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ساڵی 2020، كه ساڵی 2013 بڵاویكردووه‌ته‌وه به‌پێویستی ده‌زانێت سیسته‌مه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی پاشماوه‌ی ئاوهڕۆو زبڵ به‌ره‌وپێش ببهنو ئاشكراشیده‌كات، داپۆشینی پاشماوه‌كان زیانیان به‌ژینگه گه‌یاندووه‌و بووه‌ته هۆی زیادبوونی پیسبوونی ئاو.
مه‌سعود كاكه‌ڕه‌ش، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو‌و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێم به”نیقاش”ی وت “بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاوی تانجه‌رۆ به‌بڕی 400 ملیۆن دۆلار گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك كراوه‌و دیزانی پرۆژه‌كه‌ش ته‌واوبووه، به‌دوو به‌ش ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ریسایكلین بۆ ئاوه‌كه دهكاتو پاشان ده‌ڕژێته نێو ده‌ریاچه‌كه‌وه”.
هاوكات وتیشی “به بڕی 20 ملیۆن دۆلار پاڵاوتگه بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌بواری جێبه‌جێكردندایه‌و له‌ئێستاشدا (85%)ی كاره‌كانی ته‌واو بووه”.