کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی ١٠ پارێزگای عێراقی ڕاگەیاند.
بە پێی ئەنجامە بەراییەکەی کۆمسیۆن، لە بەغدا لیستی سائیرونی موقتە سەدر بە کۆکردنەوەی زیاتر لە ٤١٣ هەزار دەنگ لە پلەى یەکەمدایە، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری لە پلەی دووەمدایە بە ٢٣٣ هەزار دەنگ، دوای ئەو لیستی دەوڵەتی یاسا دێت بە ٢١١ هەزار دەنگ، لیستەکەی حەیدەر عەبادیش پلەی چوارەمی گرتووە بە بە دەستهێنانی زیاتر لە ١٩٤ هەزار دەنگ.
لە پارێزگای دیوانیەش، فەتح لە پلەی یەکەمدایە، سائیرون دووەمە، لیستەکەی حەیدەر عەبادیش پلەی سێهەمی گرتووە.
بە هەمانشێوە لە پارێزگای زیقاریش لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر لە پلەی یەکەمدایە، فەتح پلەی دووەمی گرتووە، پلەی سێهەمیش بۆ لیستەکەی عەبادیە، دەوڵەتی یاسا و حیکمەش لە پلەی چوارەم و پێنجەمدان.
لە پاریزگای بەسڕە، هاوپەیمانی فەتح لە پلەی یەکەمدایە، سائیرون دووەمە، نەسڕ و دەوڵەتی یاسا و حیکمە پلەی سێهەم تا پێنجەمیان هەیە.
هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی بە هەمانشێوە لە کەربەلاش یەکەمە، سائیرون دووەمە، پلەی سێهەمیش بۆ لیستی نەسڕی حەیدەر عەبادی بووە.
لە پارێزگای موسەنا، سائیرون یەکەمە، فەتح دووەمە، حیکمە سێهەمە، نەسڕ و دەوڵەتی یاسا پلەی چوارەم و پێنجەمیان بەدەستهێناوە.
بەڵام لە پارێزگای دیالە کە پارێزگایەکی زۆرینەی دانیشتوانەکەی سوننەیە، هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی بە ٩٦ هەزار دەنگ پلەی یەکەمی گرتووە، هاوپەیمانی فەتح لە پلەی دووەم بە کۆکردنەوەی زیاتر لە ٩٣ هەزار دەنگ، لیستی نیشتیمانی لە پلەی سێهەمە، پلەی چوارەمیش بۆ سائیرون چووە، لیستەکەی حەیدەر عەبادیش ٣٤ هەزار دەنگی هێناوە لە پلەی پێنجەم.
هەر بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، لە پارێزگای واست، سائیرون یەکەمە، دواتر هاوپەیمانی فەتح دێت لە پلەی دووەمدا، پلەی سێهەم و چوارەمیش بۆ حیکمە و دەوڵەتی یاسا چووە.
لە پارێزگای ئەنبار، پلەی یەکەم بۆ لیستی (ئەنبار ناسنامەمانە) چووە، هاوپەیمانی نیشتیمانی پلەی دووەمی گرتووە، بڕیاری عێراقیش لە پلەی سێهەمدایە.