خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتیانی بەسرە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار بەردەوامە و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە شارەکەیە بۆ هێورکردنەوەى خۆپیشاندانەکان.
چەند رۆژێکە لە پارێزگای بەسرە خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتیان بەردەوام بوو، هاوکات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک وێنەی کارمەندانی کۆمپانیای لۆک ئۆیڵ بڵاوکراوەتەوە کە لە ترس و دڵەڕاوکێدان و زۆرینەیان کەلوپەلەکانیان کۆکردووەتەوە و لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە دوورخراونەتەوە.
ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ سەدان خۆپیشاندەر دژى نەبوونى خزمەتگوزارى و نەبوونى کار لە دەوروبەرى کێڵگەکانى نەوتى خۆرئاواى قوڕنەى یەک و دوو و کێڵگەى نەوتى رومێلە کۆبوونەوە و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنیان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد.
هاوکات لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکە، جەبار لوعێبی وەزیری نەوت بڕیاری دا ٢٥٠ کەس لە دانیشتووانی بەشی باکوری پارێزگای بەسرە لە کێڵگە نەوتییەکان دابمەزرێنێت.
لوعێبی دووپاتیکردەوە کە نابێت خۆپیشاندەران هێرش بکەنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان بەو پێیەی داهاتی وڵات پشتی بە سەرچاوەی نەوت بەستووە.
وتیشی، لەو کاتەی ئەو پۆستی وەزیری نەوتی وەرگرتووە، وەزارەتەکە بەڕێژەی ٥٠% کرێکارانی بیانی لە کۆمپانیا نەوتییەکاندا کەمکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق کە نوێنەری بەسرە بووە دەڵێت “کێشەی سەرەکی خەڵکی بەسرە نەبوونی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و هەلی کارە.”
ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە چارەسەری ئەم کێشانەی پارێزگای بەسرە بکەن.ئەوەش لەکاتێکدایە سەرلەبەیانی رۆژی هەینی حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ هێورکردنەوەى خۆپیشاندانەکان، گەیشتە بەسرە و ڕایگەیاند، لەناو خۆپیشاندەراندا کەسانێک هەن دەیانەوێت خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکەى خەڵکى بەسرە بەلاڕێدا بەرن.
هەروەها حەیدەر عەبادی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاکە ساز کرد، بۆ ئاگاداربوون لە ئاسایش و سەقامگیری بەسرە.
چەند ڕۆژێکە لە بەسرە خۆپیشاندان دژى بێکارى و کەمى خزمەتگوزارى دەستیپێکردووە و هەفتەى ڕابردووش بەهۆى تەقەى هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک کێڵگەى نەوتى خۆرئاواى قورنەى دوو، خۆپیشاندەرێک کوژرا و سیانى دیکەش برینداربوون، ئەوەش هێندەى تر خۆپیشاندانەکانى چڕ کردەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری فەرمانبەرێکی بەندەری ئوم قەسرەوە ڕایگەیاند، ڕێگای بەندەرەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە، ڕێگە بە هاتوچۆی بارهەڵگرەکان نادەن بچنە ناوەوە و لە بەندەرەکەوە بێنە دەرەوە و لێپرسراوانی بەندەرەکەش داوای لە فەرمانبەرەکان کردووە بچنەوە بۆ ماڵەوە.
لێپرسراوێکی کەرتی نەوت لە شاری بەسرە ڕایگەیاندووە، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی چوار ڕۆژی ڕابردووی نزیک کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکە، نەبووەتە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی خاو تیایاندا.ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری یەکێک لە خۆپیشاندەرەکانی بەسرەوە بڵاویکردەوە، ئەو دەرچووی زانکۆیە و دەڵێت ناچێتەوە ماڵەوە تا وەڵامی داخوازییەکانیان نەدرێتەوە.ئاماژەی بەوەشکردووە “ئەگەر کار و خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبامان بۆ دابین نەکەن، بەندەری بەسرە دادەخەین و ڕێگەنادەین نەوتی لێوە هەناردەبکرێت”.
ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانەی ئەمڕۆی شاری بەسرە لەکاتێکدایە، لەدوای گەڕانەوەی بۆ عێراق لە برۆکسلەوە، حەیدەر عەبادی لە دوێنێوە لە شاری بەسرەیە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر نائارامی و ناڕەزاییەکانی دانیشتوانی بەسرە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ عەبادی لەگەڵ هەریەکە لە لێپرسراوە حکومی و کەسایەتی و پیاوماقوڵان و سەرۆک هۆزەکانی پارێزگاکە کۆبووەتەوە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کە ماوەی چوار ڕۆژە بەردەوامە