لەگەڵ هاتنی موچەی خانەنشیناندا لە هەرێم، بەردەم هەر بانکێکی تایبەت بە دابەشکردنی موچەی ئەو چینەدا تێپەربیت، بێگومان ئەم دیمەنە دەبینیت، کە خانەنشینان زستان لەبەر سەرمادا و هاوینیش لەبەر گەرمادا ریز دەبەستن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان، حکومەتی هەرێمیش لە جیاتی کۆتاییهێنان بەم سەرەگرتن و پاڵە پەستۆیە، بڕیاریدا کەپر بۆ خانەنشینان و کەمئەندامان لەبەردەم بانکەکاندا دروست بکات.
لە وڵاتانى پێشکەوتوو بە ئاسانترین و کورتترین ماوە لەرێی سیستمێکى بانکی پێشکەوتوەوە موچە دەدرێتە موچەخۆران، تەنانەت لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێم، لە رێی کی کارتەوە خانەنشینان لە هەر پارێزگایەک بیانەوێت دەتوانن بەبێ سەرەگرتن موچەکانیان وەربگرن، بەڵام لە هەرێمى کوردستان دواى ٢٧ ساڵ لە حکومڕانى، لە چەند رۆژى رابردوودا وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە بڕیارێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرجەم بانکەکانی هەرێم شوێنی تایبەت بە پشوو وەرگرتنی کەمئەندامان و خانەنشینان دروستدەکرێت.
لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە شوێنی پشوووەرگرتنی خانەنشینان لە شێوازی کەپر لەبەردەم بانکەکان دروستبکرێت بۆ ئەوەی لە گەرما و سەرما پارێزراو بن.
وەزارەتى دارایى لە کاتێکدا ئەو بڕیارەى وەکو دەستکەوت و کارئاسانیکردن بۆ خانەنشین لێکداوەتەوە، بەڵام وەزارەتى دارایى لەجیاتى ئەوەى ئاسانترین رێگە بگرێتە بەر بۆ دابەشکردنى موچە، کەچى باس لە دروستکردنى کەپر دەکات بۆ ئەوەى خانەنشینان چاوەڕوانییە دورودرێژەکەیان بۆ وەرگرتنى موچە لەو کەپرانەدا بەسەر بەرن.
موچەخۆران و خانەنشینانى هەرێم لەگەرما و سەرمادا و لە ریزى دورودرێژدا و بۆ چەندین کاتژمێر دەوەستن تا موچەکانیان وەربگرن، زۆرجاریش بەهۆى قەرەباڵغى و پاڵەپەستۆوە بەشێک لەخاوەن پێداویستى تایبەتەکان و بەساڵاچوان لەریزى موچە وەرگرتندا بوراونەتەوە یان توشى تەنگەنەفسى بوون و رەوانەى نەخۆشخانە کراون.
لەم بڕیارەى وەزارەتى دارایى دەردەکەوێت کە حکومەتى هەرێم بەم نزیکانە بەنیاز نییە ئاسانکارى بکات بۆ شێوازى پێدانى موچە بە خانەنشینان و موچەخۆرانى دیکە لەرێى سیستەمێکى بانکى پێشکەوتوەوە.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا چەند رێگایەکى ئاسان و زانستى هەیە بۆ دابەشکردنى مووچە بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆراندا یەکێک لەوانە کارتى تایبەتى بانکییە و رێگاى لەوەش ئاسانتر پەیڕەو دەکرێت کە سیستمى بەرید و پۆستە بە جۆرێک موچەخۆر موچەکەى لەرێى پۆستەوە بۆ دەگەیەنرێتە ماڵەوە.
یەکێکى دیکە لەو رێگایانەى زۆربەى وڵاتانى پێشکەوتووى ئەوروپا پەیڕەوى دەکەن ئەوەیە، موچەخۆر موچەکەى دەخرێتە سەر حسابێکى بانکى تایبەت بەخۆى دواتر لە هەر کاتێکدا و لەهەر بانکێکى وڵاتەکەیدا بێت دەتوانێت موچەکەى وەربگرێت بەبێ رەچاوکردنى شوێنى نیشتەجێبونى.
بەڵام لە هەرێمى کوردستاندا تائێستا خانەنشینان و موچەخۆرانى دیکە لەرێی بەڕێوەبەرایەتى و دەزگا و دامەزراوەکانى خۆیانەوە موچە وەردەگرن، بەشێکى کەم لە موچەخۆران نەبێت کە لە بانکەکان وەریدەگرن ئەویش چەند کاتژمێر لە ریزدا دەوەستن تا سەرەى پێدانى موچەکانیان دێت کە چەندین مانگی بەسەردا تێپەربووە.
بەشێک لە هاوڵاتیان تانە لەفەرمانەکەى وەزارەتى دارایى دەدەن و بەشێوەى تەنز باس لەو فەرمانە دەکەن، هاوڵاتیەک نوسیویەتى، حکومەت لەکاتى خۆیدا موچە بدەن موچەخۆر کەپرى ناوێت