سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کراوە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لەشەش ملیۆن کەسە. ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه تا ساڵی 2040 ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لههەشت ملیۆن كهس.
ئاوێنه: سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بهماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگهیاندووه، ”بەپێی دواین خەمڵاندن بۆ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2020 شەش ملیۆن و 171 هەزار کەس بووە و ئێستا ئامارێکی نوێمان ئامادە کردووە و هەموو ڕێکارەکانی تەواو بووە و تەنها ماوە ڕایبگەیەنین کە لەم مانگەدا ئەوەش ڕادەگەیەنین.”
وتیشی، ”خەمڵاندنێکمان کردووە لە 2020 تا2040 ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگاتە هەشت ملیۆن و 800 هەزار کەس، ئەمە تەنها خەڵکی هەرێمی کوردستان جگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە مەرجێک دۆخەکە بەو شێوەیە بێت و بەردەوام بێت.”
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم دهڵێت، ”قەبارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لەچاو پارێزگاکانی دیکە کەمترە کە 4،6 و لە پارێزگای هەولێریش 5،1 و لە پارێزگای دهۆکیش 2،6 قەبارەی خێزان، بۆیە ڕێژەی منداڵبوون لە کەمبوونەوەدایە لە ساڵی 2020 ئەوانەی تەمەنی یەک ڕۆژ تا 14ساڵی 35% دانیشتووانی هەرێم پێک دێنێت و تا ساڵی 2040 دەبێتە 28% ئەوانەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک دێنن لە تەمەنی منداڵیدا، کە ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵ لە کەمبوونەوەدایە.”