رێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی رەوشی سیاسی و ئازادی لە هەرێم و عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی کورد لە ساڵی ٢٠٢٢دا یاسای ووشە- ناڕوونیان بەکارهێنا بۆ کردنە ئامانجی رەخنەگران بەهۆی دەربڕینی ڕەخنە و بۆچوونەکانیان.
راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ باس لە دۆخ و رەوشی سیاسی و ژنان و چەند تەوەرەیەکی دیکە لە عێراق و هەرێم دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەهەرێمی کوردستانی عێڕاق، دەسەڵاتدارانی کورد لە ساڵی ٢٠٢٢دا یاسای ووشە- ناڕوونیان بەکارهێنا بۆ کردنە ئامانجی رەخنەگران بەهۆی دەربڕینی ڕەخنە و بۆچوونەکانیان کە ناڕەزایەتیان بەرامبەریان هەیە.
دەشڵێت، لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا دەسەڵاتدارانی کوردی، دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانیان دەستگیرکرد لە پێش خۆپیشاندانێکی رێکخراو کە لەلایەن رەخنەگرانی حکومەتی هەرێم داوا کرابوو.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سێ کەس لەوانەی دەستگیرکراون و بۆ ماوەیەکی کورت راگیراون، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوون.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، بە هەمان شێوە، لە ساڵی ٢٠٢١ دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سێ رۆژنامەنووس و دوو چالاکواندا سەپاند، لە پرۆسەیەکی دادگاییکردندا کە پێشێلکاریی جدی دادگایکردنی دادپەروەرانە و دەستتێوەردانی سیاسیی هەبوو – شێوازێک کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێک لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نوێترین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا لە دۆخی راگەیاندن کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، لە هەرێم رێگری لە رووماڵی میدیاکان دەکرێت و رۆژنامەوانان دەستگیردەکرێن و میدیایەک نزیک لە حزبە دەسەڵاتدارەکان نەبێت رێگای نادرێت بە ئاسانی زانیاری دەستبکەوێت، لە بەرامبەردا حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت، لە هەرێم ئەوپەڕی ئازادی بیر و ڕا و ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندن هەن کە بە ئازادی کاری خۆیان دەکەن.
دوابەدوای ئەوەش، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم وەڵامی ئەو راپۆرتەی ئەمریکای دایەوە کە لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمدا نووسراوە و دەڵێت، ئەمریکا گوێ لە ئۆپۆزسیۆن دەگرێت لەبری ئەوان و راپۆرتەکە دوورە لە راستییەوە.