ئارام قادر حەمەسور:
بێگومان تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بریتیین لەو تاوانانەی کە بەرامبەر تاکو کۆمەڵگا دەکرێن یان تاک بەرامبەر خۆی دەیکاتو دەبێتە هۆی دروستبونی کوشتن یان خۆکوشتنو برینداربونو دروستبونی توندوتیژی. تاوانە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرنو زۆر جار کۆمەڵگا توشی شۆک دەکەن، دەبنە مەترسییو فۆبیا بۆ سەر تاکەکانو سایکۆلۆجیای تاک ناسەقامگیر دەکەن، کۆمەڵگا دواکەوتوو ناسەقامگیرو ئاڵۆزەکان تاوانە کۆمەڵایەتییەکانیان تێدا زۆرە، بەردەوام ئاسایشیی کۆمەڵایەتییان لەمەترسیدایە، چونکە تاوانە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجامی چەندین هۆکاری کەڵەکەبون یان بەبەرنامە ئەم جۆرە تاوانانە بۆ ناو کۆمەڵگا زیاد دەکرێن، بۆ ئاڵۆزیی تاکەکانو جێبەجێکردن مەرامە سیاسییو ئابورییەکان.
زانستیی کۆمەڵناسی بەردەوام زیادبونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی بەستووهتەوە بە هۆکارەکان، تا هۆکارەکان دیاری نەکرێن، ئەم نەخۆشییە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارانە چارەسەر ناکرێن. ئێستا لەهەرێمی کوردستان تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زۆربونو بەرەو بەدیاردەبون (سۆشیال فینۆمینا) دەچنو سەرنجیی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان ڕاکێشاوە، لێرە گرنگترین هۆکارەکانی زیادبوونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکەین لەهەرێمی کوردستان.
1-هۆکاری سیاسیی/ بێگومان لەکوێ تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بوون لەوێش دەسەڵاتیی سیاسیی كهمتهرخهم بوونی هەیە. ههندێک جار حیزبو حکومەت دەتوانن تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زیاد بکەن لەپێناوی مەرامو کارنامە سیاسییەکانیان! بێگومان حیزبەکانی دەسەڵات لەڕێگەی دروستکردنی قەیرانە سیاسییەکانەوە مەجالی زیادبوونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانیان داوە، سیاسەتیی برسیکردنو بڕینی مووچە کە بەرگێکی سیاسیی هەیە هۆکاری زیادبوونی تاوانەکانن، سیاسەتیی پراگماتیزمی حیزبیی هۆکارێکی گرنگی زیادبونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانن.
2-هۆکاری ئابوریی/ ئابووری باش کۆمەڵگای تەندرووست درووست دەکات، خراپیی باری ئابووری تاکەکان تووشی بێئومێدی دەکات و پەنا دەبەنە بەر تاوانەکان، چونکە جووڵەی ڕۆژانەی ژیان بەپارەیە کەواتە لە نەبوونی پارەدا ترس درووست دەبێتو دەرئەنجام تاوانێکی کۆمەڵایەتییە. ئێستا ئێمە لەقەیرانسازیی داراییدان، تاکەکان لەنێوان پێداویستیی ڕۆژانەو نەبوونی داهاتی تەواو تووشی باری خراپی سایکۆلۆجی بون، ئەمەش تاکەکان بەرەو خەمۆکیو خۆکوشتنو تاوانی دزیکردنو مامەڵەی ماددە هۆشبەرەکان دەبات. لێرەدا حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەبیانوی نەبوونی داهات ئەم قەیرانسازییە داراییەیان درووست کردووە، لەکاتێکدا هۆکارەکە سیاسییو کورسیپەرستییە، لێرەشدا کۆمەڵگا بووهتە قوربانیی سیاسەتیی سەقەتیی نوخبهی دهسهڵاتدار، كه بۆ قەرەبووی داهاتەکەی تاوانەکان ئەنجامدەدات. بۆ نمونه زیادبونی ڕێژەی تەڵاق یهک له هۆكارهكانی لاوازیی داهاته.
3-هۆکاری کۆمەڵایەتیی/ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام لەناو خێزانی کوردیدا بوونی هەبووەو سەرچاوەو هۆکارێکی تری تاوانە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەمەش پەیوەندیی بەنەریتو کولتووریی پەروەردەی خێزانی کوردییەوە هەیە. شەپۆلی بەجیهانیبوون (گلۆبالیزەیشن) لەلایەکو کولتوری چەقبەستوویی خێزانی کوردیی لەلایەکی ترەوە لەململانێدان، زۆرجار بووهتە هۆی کوشتنو تەڵاقدانو خۆکوشتن لەناو خێزانەکان بەتایبەتی ژنانو منداڵان قوربانیی گەورەن. کێشە خێزانییە بچووکەکان زۆر جار بەکوشتنو خۆکوشتن و برینداری کۆتاییان هاتووە. بەڵاکانی مۆبایل وەک نمونە.
4-هۆکاری ڕاگەیاندن/ ڕاگەیاندنی کوردیی بە گشت جۆرەکانی لە قەیراندایە، بۆ ئاڕاستەکردنی پەیامەکانیان هیچ پێوەر و فلتەرێکی سۆسیۆڵۆجیی و سایکۆلوجییان نییە. زورجار ڕاگەیاندن تاوانەکانی ئاسان کردووە و ترسی زیاد کردووە. فیلم و زنجیره بێمەعریفییەکان بۆمان دەردەخەن ڕاگەیاندنی کوردیی چەند لاواز و خراپە، ههندێک لهوانه کێشە خێزانییەکانیان زیاد کردووە بە تایبەتی لەناو هەرزەکاران، توندوتیژییان فێری منداڵانی کورد کردووە و ڕۆژانە لەسەر شەقام توندوتیژی و جنێوی ناو ئەفلامەکان پڕاکتیک دەکەن. ڕاگەیاندنی کوردیی ئەوەندەی لەخەمی زیادبوونی بینەر و بیسەر و خوێنەرە ئەوەندە لە خەمی ئارامکردنەوەی سایکۆلۆجیای تاکی کورد نییە، زۆرکات ڕاگەیاندن تاکی شڵەژاندوو ەو بەرەو ئاڵۆزی و تاوانەکان ئاڕاستەی کردووە. دیمەنی چۆنیەتیی خۆکوشتن بە حەبل و دەرمان بە نموونە.
5-یاسا سەروەرنەبوون/ نەبوونی سەروەریی یاسا تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی زیاد کردووە. کەسانی حزبیی دەسەڵاتدار و خزم و ئەندامانیان دەتوانن تاوانی گەورە بکەن بەبێ ئەوەی سزا بدرێن، بەبێ ئەوەی ئاشکرا بکرێن. ئەمە کردنی تاوانی ئاسان کردووە چونکە ئەو تاکە بە هۆی پاڵپشتیی حیزبی و نەبوونی یاسا ناترسێت و بەردەوام تاوانەکان دووبارە دەکاتەوە، دزینی داهاتی نیشتیمانیی و لێدان لە دەنگە ئازاکان و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بە نموونە.
جگە لەم هۆکارانە چەندین هۆکاری تر هەیە. دەرچوونی لێبووردنی گشتی لە لایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە بۆ تاوانباران مەترسیدارە، زۆرجار لەم ڕێگەوە تاوانباری مەترسیدار ئازاد دەکرێت. یان سوڵحی کۆمەڵایەتی کە زۆر جار لە گەورەی تاوانەکان کەم دەکاتەوەو وا دەکات تاوانبار بەبێ ترس بە هۆی بوونی پاڵپشتیی عەشایەری تاوانەکە دوبارە بکاتەوە، نەبونی هۆشیاریی یاساییش هەندێ جار وا دەکات تاک تاوان بکات، چونکە شارەزای جۆری تاوان و سزای تاوانەکان نییە.
هەمو هۆکارەکان دەکرێت ببەستینەوە بە دەسەڵاتی سیاسیی، چونکە لەدوای ڕاپەڕینەوە نەیتوانیوە ژینگەیەکی لەبار بۆ تاکەکان درووست بکات، گەر یاسا سەروەر بوایە تاوانەکان ئەوەندە زۆر نەدەبون، بەڵام دەسەڵات بە سیاسەتی مەشغووڵ بکە و زاڵ ببە کاری کردووە، ئاشی دەسەڵات لەناو ئاڵۆزبوونی تاک و کۆمەڵگادا گەڕاوە، هەمیشە تاکی بەرەو خەمە شەخسییەکان ئاڕاستە کردووە تا هۆشیاریی سیاسیی لاواز بێت و بیر لەکاری گشتی و دەسەڵات و سیاسەت نەکاتەوە. هەمیشە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان کۆمەڵگایان پڕ کردووە لە تاوانی کۆمەڵایەتیی تا بەربەست بۆ مەرامە سیاسییەکانیان دروست نەبێت.