لاپەڕەی سەرەکی پرسی ئازادی دەمیرتاش، هیوای گەلێك

دەمیرتاش، هیوای گەلێك

0 تێبینییەکان 17 بینینەکان

بۆ یەكەمینجارە لەمێژوی توركیاو رەنگە لەمێژوی جیهانیشدا، كاندیدێكی سەرۆكایەتی وڵاتێك لەزیندانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بكات، ئەو لەزیندانەوە دەنگی دا، دەمیرتاش كە سیمبولی جەورو ستەمێكە سەدان ساڵە لەكورد دەكرێت، ئێستا هیوای گەلێكە.

سەلاحەدین دەمیرتاشی تەمەن 45 ساڵا، كە لەساڵی 2007ەوە ئەندامی پەرلەمانی توركیایە، وەك كاریزمایەكی ڕاستەقینە بەئاستەنگی گەورەی بەردەم دەسەڵاتخوازی ئەردۆغان دادەنرێت لەباكوری كوردستاندا، ئەو كە لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2014ی توركیادا بۆ یەكەمجار بەشداری هەڵبژاردنی كرد، توانی 3 ملیۆن‌و 885 هەزار دەنگی بەدەستبهێنێت.

سەركردە لاوەكەی باكوری كوردستان پێشهاتێك لەتەمەنی 19 ساڵیدا چارەنوس‌و هەمو رەوتی ژیانی ئەو گۆڕی، ساڵی 1992 كە گەنجێكی تەمەن 19 ساڵا بو، خێزان‌و زێدی خۆی لەدیاربەكرو ئەناتۆلییەوە بەرەو باشوری رۆژهەڵاتی توركیا بەجێهێشت‌و چووە سەر سنوری عێراق. ئەوكات سەلاحەدین دەیویست بەمەبەستی خەبات‌و تێكۆشان لەپێناو بەدیهێنانی هیواو ئاواتەكانی كورددا بچێتە پاڵا گەریلاكانی پارتی كرێكارانی توركیا (پەكەكە) لەچیای قەندیل، بەڵام لەم گەشتەیدا روداوێكی بۆ هاتەپێش‌و ئاڕاستەی ژیانی بەجارێك گۆڕی: ئەو كەسەی چاوساغی دەكرد كە بەرەو لای هێزەكانی گەریلای پەكەكەی بەرێت. دەكەوێتە دەست هێزە ئەمنیەكانی توركیاوەو دەستگیر دەكرێت. ئیتر دەمیرتاش كە كەسی تری لەو ناوچەیەدا نەدەناسی، پاش ماوەیەك چاوەڕوانی، دەست لەمەبەست‌و نیازی خۆی بۆ چونە ناو گەریلا هەڵدەگرێت‌و بەناچار دەگەڕێتەوە بۆ نێو خێزانەكەی. لەڕاستیدا دوای ئەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش بۆ یەكجاری دەستی لەخەباتی چەكداریی بۆ هەمیشە هەڵگرت‌و رێچكەیەكی دیكەی گرتەبەر لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردا، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا ئامادە نین كوردێك بەرێگەیەكی ئاشتیانەش لەپێناو مافە رەواكانی كورددا تێبكۆشێت.
پاش تێپەڕینی 26 ساڵا بەسەر ئەو روداوەدا، سەلاحەدین دەمیرتاش هیوایەكی نوێی كردوەتەوە بە بەر گیانی شەكەت‌و ماندوی گەلی كورددا، كە بەدرێژایی ساڵانی رابردو لەژێر گوشار‌و جەورو ستەمی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی توركیادا بووە. ئەم پارێزەرە كوردە، تەقینەوەیەكی گەورەی ئەنجامداوە لەنێو كەشی سیاسی توركیادا، هەڵبەتە تەقاندنەوەی تۆپ‌و تفەنگ نا، بەڵكو تەقینەوە بەهۆی گەمە سیاسی‌و هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیەوە.
ئەو بەگرتنەبەری ئەم رێچكە ئاشتیخوازانەیە‌و بەتێكۆشانی شێلگیرانەو ماندونەناسانەی خۆی، هیوایەكی نوێی نەتەنها بەگەلی كورد، بەڵكو بەتەواوی كەمایەتییە نەتەوەیی‌و ئازادیخوازەكانی ئەم وڵاتە بەخشیوە. لەسایەی سەركردایەتی ئەم جوامێرەدا بو كە پارتێكی كوردی بۆ یەكەمجار بەربەستی 10%ی رێژەی دەنگەكان تێپەڕێنێت‌و هەدەپە توانی 13%ی كۆی دەنگی هەڵبژارادنەكانی پەرلەمانی توركیا لە7ی تەموزی 2015دا، بەدەستبهێنێت.
ئەم نمایشە پڕ لەهێزو دەسەڵاتە سیاسی‌و دیموكراتییە وایكرد كە بۆ یەكەمینجار لەماوەی 13 ساڵی حوكمڕانیدا پارتی دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە، واتە پارتی دادو گەشەپێدان (ئاك پارتی) بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، نەتوانێت زۆرینەی رەهای پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت. ئەمەش بەشكستێكی گەورە دانرا بۆ ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، كە لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتردا بەنیازبو دەستوری توركیا بگۆڕێت‌و بۆ بەدیهێنانی ئەمەش گرەوی لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی رەهای ئەو پارتە كردبو كە خۆی سەركردایەتی دەكات لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا.
بۆ ئەوەی كە سەلاحەدین دەمیرتاش بتوانێت سەركەتو بێت لەوەی گەلی كورد لەنێو هەناوی سیاسی توركیادا جێبكاتەوە (گەلێك كە لەو وڵاتەی لەلایەن كەمال ئەتاتوركەوە دامەزرا بو، هیچ مافێكی نەبو)، نازناوی “ئۆبامای كورد”یان پێبەخشی.
ئەو كە لەماوەیەكی كورتدا توانی پارتی دیموكراتی گەلان لەبەربەست‌و گەمارۆ نەتەوەییەكان دەرباز بكاو ئەم پارتە بكاتە پارتێكی تەواو مۆدێرن‌و گشتگیر كە زۆرێك لەگەڵا پارتی چەپی “سیریزا” لەیۆنان بەراوردی دەكەن.
پارتی دیموكراتی گەلان، مۆدێرنترین پارتی ئێستای توركیایە، پارتێك كە لەپێناو ئازادییە بنەڕەتیەكانی هەمو خەڵكی توركیا تێدەكۆشێت. پارتێك كە لەیەككاتدا رێز لەبەها فێمێنیستییەكان دەگرێت‌و هەوڵا بۆ ناسینی مافی كەمایەتییە نەتەوەیی‌و ئایینی دەدات‌و لەچوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆو كاركردی خۆیدا جێی كردوەتەوە‌و تێدەكۆشێت تا كۆمەڵگە لەتوندوتیژیی نەیتە باوەكان‌و پیاوسالاریی توركیا رزگار بكاو بەرەو مۆدرێنێتەی بەرێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش ئێستا یەكێكە لەسیما گرنگە سیاسیەكان كە سەرباری ئەوەی لەزیندانیشدایە لیچدوان‌و وتارەكانی لەمیدیاكانی توركیادا ریكۆردی بینەران دەشكێنێت.

ئێستا لەتوركیادا دو سەركردەی گەورەو گرنگی كورد لەزیندان، كە یەكێكیان رێگەی خەباتی چەكداری‌و گەریلایی گرتەبەر، كە عەبدوڵا ئۆجەلانی سەركردەی زیندانیكراوی پەكەكەیەو بەزیندانی هەتا هەتایی حوكم دراوە‌و ماوەی نزیكەی 20 ساڵە لەیەكێك لەزیندانە هەرە قایمەكانی توركیادا زیندانیكراوەو چواردەوری پڕە لەپاسەوان. هاوكات سەركردەی لاوی باكوری كوردستان سەلاحەدین دەمیرتاش كە وەك پەرلەمانتارێك بێ‌ سرەوتن‌و بەگوڕ‌وتینێكی بێوێنەوە بەشێوەیەكی مەدەنی‌و ئاشتیخوازانە داكۆكی لەگەلی كوردو كەمایەتییە نەتەوەیی‌و ئاینییەكانی وڵاتەكەی دەكرد، ماوەی دو ساڵە خراوەتە زیندانەوە. سەرباری ئەم جیاوازیەش، ئەم دو سەركردەیەی كورد، ئایدیال‌و ئامانجێكی هاوبەشیان هەیە، كە یەكێك لەگرنگترین ئامانجەكانیان، بوژانەوەی گەلی كوردو چەسپاندنی مافە مرۆییەكانی ئەم گەلەیە كە تا ئێستا لەلایەن حكومەتەكانی توركیاوە نادیدە گیراوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە