بە دەیان گۆڕی بێ ناونیشان لە گۆڕستانێکی شاری سلێمانی هەیە، ئەو ژنانە بە مردوویییش خاوەندارییان لێناکرێت، تا دواجار شارەوانیی دەیانکات بەژێر خاکەوە، بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دەڵێت، ئەو کەیسە پەیوەندی بەوانەوە نییە و ئەنجومەنی کاروباری باڵای خانمان و ڕێکخراوەکانی ژنان-یش هیچ هەنگاوێکیان بۆ گەڕاندنەوەی ناسنامەی هەر یەک لەو قوربانییانە نەناوە.
لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکات و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە پاساوی جۆراوجۆر دەکوژرێن یان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٢ ژن کوژراون و ٣٢ ژنی دیکە خۆیان کوشتووە، هەروەها ٩٩ ژن سووتاون و ٥٨ی دیکەش خۆیان سووتاندووە، کە نازاندرێت لەو ژمارەیە چەندیان لە ژیاندا ماون و چەندیان گیانیان لەدەستداوە.
ئەگەرچی ئامارەکان مەترسیدار و ویژدان هەژێنن، بەڵام لەوەش خراپتر ئەوەیە، بەشێک لەو ژنانە دوای گیانلەدەستدانیشیان کەسوکارەکانیان خاوەندارییان لێناکەن و حاشایان لێدەکەن، تەرمەکانیان ماوەی سێ مانگ یان کەمتر لە پزیشکی دادوەریی دەمێننەوە و چاوەڕوانی بەدەمەوەچوونی کەسوکاریان دەکرێت، ئەگەر هەر خاوەندارییان لێنەکردن، ئەوا شارەوانی دەیانخاتە ژێر گڵەوە.
لە بەشی خوارەوەی گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی، کۆمەڵێک گۆڕی بێناونیشان دەبیندرێن، کە لە گۆڕەکانی دیکە جیاکراونەتەوە، ژمارەیەکی کەم لەو گۆڕانە، ناوێکی تاک، یان ژمارە یانیش کۆدی لەسەرە بە نمونە (گۆڤار، کچە ڕۆژئاوایی، پۆلیسی سەرقەڵا، سنوور)، ئەوانی دیکەش هیچ ناونیشانێکیان لەسەر نییە.
بە پێی ئاماری لیژنەی سەرقەبرانی شاری سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تا چەند مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ٦٣ کەس بە بێ ناونیشان بە خاک سپێردراون.
نەبوونی ناو لەسەر گۆڕەکان سەرنجڕاکێشە، بە وتەی زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، بە بڕیاری دادگا تەنیا کۆد یان ژمارە لەسەر گۆڕەکان دادەنرێت، تا ئەوکاتەی کەسوکارەکانیان بڕیار دەدەن، کە ناویان لەسەر دابنرێت.
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، کە پێنج بەڕێوەبەرایەتیی و ٢٨ نووسینگەی هەیە، ٢٢٥ ناوەند و ڕێکخراو و ماڵی داڵدەدانی ژنان هەن، هەروەها ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان-یش هەیە، کە کاریان بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی و پاراستنی مافی ژنانە، ڕۆژنیوز پەیوەنیی بە بەشێکی زۆر لەو ڕێکخراوانەوە کرد و لێیپرسین، ئاخۆ کارتان کردووە بۆ گەڕانەوەی پێناس بۆ ئەو ژنانەی، کە لەژێر گۆڕە بێناونیشانەکاندان؟ ئاخۆ کارتان کردووە بۆ ڕێکخستنی گۆڕستانەکە بە شێوەیەکی شایستە؟، وەڵامی ئەوانیش”نەخێر”بوو، بەشێک لەو ڕێکخراوانەش وتیان، کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو گۆڕانە کردووە، بەڵام کاریان بۆ گەڕاندنەوەی ناونیشان بۆیان نەکردووە.
‘سنوور’ نمونەیەکی زیندووە و هێشتا وێنەکەی لەبەرچاوی خەڵک کاڵ نەبووەتەوە، کە ساڵی ٢٠١٥ دوای کوشتنی لەلایەن باوکییەوە لەناو پارکی دایکی شاری سلێمانی چۆن بۆ هەتاهەتایە ڕاکشا و هەرگیز هەڵنەستایەوە، خانەوادەکەی بە مردوویییش لەخۆیان نەگرت و لەلایەن شارەوانییەوە بەخاکسپێردرا.
بێریڤان محەمەد، یەکێکە لەو ژنانەی، کە ئەوکاتە ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بوو، ڕێکخراوەکە داوای لە پزیشکی دادوەریی کردبوو، تەرمی سنووریان رادەست بکات تا لە مەراسیمێکدا بەخاکی بسپێرن، بەڵام بەپێچەوانەی خواستی ئەوان شارەوانیی بە بێدەنگیی ئەسپەردەی کرد، بێریڤان، وتی:”دوای هەوڵەکەی ڕژاک و چەند ڕێکخراوێکی تر، شارەوانی سلێمانی بە بێ ئەوەی کەس بزانێت و بە پێدانی زانیاریی هەڵە لەسەر کات و شوێنی بە خاک سپاردنی سنوور، بە خاکی سپارد”.
بێریڤان محەمەد، ئەو جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ تەرمی ژنە کوژراوەکان، بە دووبارە تیرۆکردنیان ناودەبات و وتیشی: دەسەڵات هەوڵ دەدات بەم کارە ئەو شەرمە گەورەیەی کە لە سەریەتی لایببات.
زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام-ن، زۆر جاریش لە کۆمەڵگەدا بە جۆرێک باس لە کوشتنی ژن دەکەن، وەک ئەوەی ئەرکێکی ئاینی-یان جێبەجێ کردبێت، لەوبارەیەوە شنۆ پێنجوێنی، ئەندامی ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی،وتی: لە ئایینی ئیسلامدا بە هیچ جۆرێک باس لە کوشتن و بێڕێزییکردن بە ژنان نەکراوە و بە گەورەیی و ڕێزەوە باس لە ژن کراوە، تەنانەت لە ئیسلامدا منداڵ بەناوی دایکەوە بانگ دەکرێت.
سەبارەت بە گۆڕە بێناونیشانەکانیش، شنۆ پێنجوێنی وتی:”ئەمە دووبارە بێ حورمەتییکردنە بە ژنان”.
سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانیش لەوبارەیەوە، ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامیی باسی لەوەکرد”ڕێکخراوەکانی ژنان دەتوانن کۆدەنگ ببن وببنە فشار بۆ دانانی ناونیشان لە سەر ئەو گۆڕانە و بۆ ئەوەی شکۆیان بۆ بگەرێندڕێتەوە”.