ئەو پرۆژە یاسایەی کە ئێستا لە پەرلەمانی کوردوستان بە ناوی ڕێکخستنەوەی میدیای ئەلیکترۆنی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتیەوە پێشکەشکراوە و زیاتر لە ٥١ ئەندام پەرلەمانی فراکسیۆنە جیاوازەکان ئیمزای لەسەر کردووە. بەپێی بۆچوونی زۆر لە ڕۆژنامەنوسان و ئەکادیمیە سەربەخۆکانی بواری ڕاگەیاندن ئەمە ھەوڵێکی تری دەسەڵاتە بۆ باشتر کۆنترۆڵکردنی میدیا بە ئەلیکترۆنی و نا ئەلکترۆنیەوە، چونکە بە بڕوای ئەم دەسەڵاتە تەنھا بوارێک کە تا ئێستا نەیتوانیوە دەستی بەسەردا بگرێت و سۆشیال میدیاش تەنھا ڕێگەیە بۆ ئاشناکردنی ھاوڵاتیان بەگەندەڵی و دزی و پێشێلکردنی یاسا و دزی لە خاڵە سنورەکان و بردنی سامانی نەوت و داھاتە کانی ناوخۆ و دەست بردن بۆ موچەی فەرمانبەران و وێرانکردنی بازاڕ و دەیان قەیرانی تر کە بۆ دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانیان دروستکردووە.
سۆشیال میدیا لە ئێستادا ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت لە وتنی ڕاستیەکان و دروستکردنی فشار لە سەریان و ناساندنی دەسەڵات وەک دز و مافیا و نابەرپرسیار و بێ توانا لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانی و کارکردن بۆ پێچانەوەی دیموکراسی و بنیاتنانی دەسەڵاتێکی ستەمکاری و تاکڕەوی و عەسکەرتاری. دەسەڵات لەجیاتی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گەڕانەوە لەو ھەڵانەی کە کردویەتی، لەم ھەوڵەیدا دەیەوێت ئەو دەنگە ئازادانەی کپ بکات و ھەر کەسێک باس لە گەندەڵی و ناتەواویەکانی بکات، سەرەڕای غەرامەیەکی زۆر بە ١٥ ساڵ زیندانی سزا بدرێت.
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ئەوەیە کە نزیک لە نیوەی پەرلەمانتاران پشتیوانی ئەم پڕۆژەیاسایە دەکەن. لەکاتێکدا کە دەبوایە ئەوان بەرگری لە ئازادییەکانی تاک بکەن و زیاتر بە پەرۆشی گەشەپێدانی دیموکراسیەوە بونایە و سەرقاڵی ئەوە بونایە کە فشار لەسەر حکومەت دروستبکەن بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا بەبێ بڕین و کۆتایی ھێنان بە گەندەڵی لە خاڵە سنوریەکان و داھاتی نەوت و گاز و ناوخۆ.
بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا لەجیاتی پشتیوانی لە ئازادییەکانی تاک و گەشەپێدانی دیموکراسی، پەرلەمان بووەتە ئالیەتێک بەدەست حکومەتەوە بۆ سنوردارکردنی ئازادییەکان و بێدەنگکردنی کەسە ئازاد و بوێرەکان و ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.