رۆژبه‌ڕۆژ ده‌رمان له‌نه‌خۆشخانه حکومیه‌کانی هه‌رێمى کوردستان که‌مده‌بێته‌وه، وه‌زیری ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم هۆشدارى له‌نه‌مانى ده‌دات، ده‌ڵێت به‌هۆی قه‌یرانى داراییه‌وه تواناى کڕینى ده‌رمانیان نیه‌و به‌دوای رێگه‌چاره‌دا ده‌گه‌ڕێن.
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، بۆ دابینکردنى ده‌رمان بۆ نه‌خۆشخانه حکومیه‌کان پشت به‌کڕینى ده‌رمان له‌ده‌ره‌وه‌و کۆمپانیاکان‌و ئه‌و بڕه ده‌رمانه ده‌به‌ستێت که وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق ره‌وانه‌ى ده‌کات، ئه‌مه جگه له‌هاوکاریه‌کانى رێکخراوه ته‌ندروستیه جیهانیه‌کان.
به‌ڵام ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ى له‌کۆتایی ساڵى رابردوه‌وه هه‌رێمى کوردستانى گرتۆ‌ته‌وه‌و تائێستاش به‌رده‌وامه، له‌گه‌ڵ هاتنى رێژه‌یه‌کى زۆر ئاواره‌و شه‌ڕى داعش، مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى نه‌مانى ده‌رمانى دروستکردوه.
«ئه‌گه‌ر وابڕوات ره‌نگه له‌داهاتودا ده‌رمانمان لێببڕێت»
رێکه‌وت حه‌مه ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم ده‌ڵێت، له‌ئێستادا ده‌رمانی پێویستیان له‌به‌غداوه بۆ نایه‌ت‌و له‌سه‌دا 40ى پێویستیان بۆ دێت، هه‌روه‌ها ملیۆنێک‌و 500 هه‌زار ئاواره هاتوه که ئه‌رکی گرانکردون، تائێستاش وه‌زاره‌تی دارایی یارمه‌تی داون‌و ئه‌و ده‌رمانه‌ی له‌به‌غداوه نایه‌ت ئه‌وان بۆیان کڕیون.
رێکه‌وت حه‌مه ره‌شید به وت «تائێستا ئه‌و ده‌رمانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ژیانى رۆژانه‌وه هه‌یه نه‌بڕاوه، به‌ڵام هه‌ندێک ده‌رمان که‌مبۆته‌وه، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی مه‌ترسیه«.
بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى که‌مبونه‌وه‌ى ده‌رمان، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌وڵه‌کانى خستۆته‌گه‌ڕ‌و له‌گه‌ڵ رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی، وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم‌و حکومه‌تی عێراق تاوتوێی رێگه‌چاره‌کانى چاره‌سه‌رکردنى دۆخه‌که ده‌کات، به‌ڵام وه‌زیری ته‌ندروستیش دڵنیا نیه له‌وه‌ی هه‌وڵه‌کان به‌کوێ ده‌گات.
رونیشیکرده‌وه هانایان بۆ رێکخراوه جیهانیه ته‌ندروستیه‌کان بردوه بۆ ئه‌وه‌ی هاوکاریان بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش پاره‌یان نیه، به‌ڕونیش داواکانیان به‌وه‌زاره‌تی دارایی‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گه‌یاندوه‌و هۆشداریان داونه‌تێ له‌که‌مبونه‌وه‌ی ده‌رمان.
وه‌زیرى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت «هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ندێک له‌و ده‌رمانانه‌ی بۆ کڕیوین، به‌ڵام کێشه‌که ئه‌وه‌یه ئه‌وانیش پاره‌یان نیه‌و ئه‌گه‌ر وابڕوات ره‌نگه له‌داهاتودا لێمان ببڕێت».
جگه له‌که‌مبونه‌وه‌ى ده‌رمان، وه‌زیرى ته‌ندروستى باسی کێشه‌یه‌کى دیکه ده‌کات‌و وتى «له‌ئێستادا پاره‌یه‌کی زۆر قه‌رزاری بازاڕین، که هی ئه‌و کۆمپانیایانه‌یه ده‌رمانیان بۆ هێناوین، ده‌رمان له‌بازاڕدا هه‌یه به‌ڵام پاره‌مان نیه بیکڕین».
یه‌کێک له‌ڕێگه‌کان گرانکردنى نرخى ده‌رمانه
بۆ تاوتوێکردنى کێشه‌ى که‌مبونه‌وه‌ى ده‌رمان‌و رێگه‌گرتن له‌قه‌یرانى نه‌مانى ده‌رمان، هه‌فته‌ى رابردوو لیژنه‌ی ته‌ندروستی‌و ژینگه له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ته‌ندروستى کۆبویه‌وه.
سرود سه‌لیم، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ندروستی‌و ژینگه له‌په‌رله‌مانی کوردستان، به‌هاوڵاتی وت «له‌ئێستادا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی زۆر بارودۆخی خراپه‌و پێویسته به‌په‌له رێگه‌چاره‌یه‌ک بدۆزرێته‌وه، ته‌نانه‌ت وه‌زیری ته‌ندروستی له‌کۆبونه‌وه‌که وتی وه‌زیری دارایی پێیوتوم پاره‌مان نیه بۆ کڕینی ده‌رمان».
له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا وه‌زیری ته‌ندروستی پڕۆژه‌یه‌کی خستۆته به‌رده‌ستی لیژنه‌که‌مان بۆئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت خۆی داهات په‌یدابکات.
سرود سه‌لیم به‌هاوڵاتی وت «یه‌کێک له‌رێگه‌کان گرانکردنی نرخی ده‌رمانه له‌کاتی سه‌ردانکردنی هاوڵاتیاندا بۆ نه‌خۆشخانه‌کان به‌وه‌ش پاره‌یه‌کی زۆر بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌چێت، به‌ڵام هه‌ندێک له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌که ئه‌و پرۆژه‌یه‌یان قبوڵ نه‌کردوه‌و وتیان باری شانی هاوڵاتیان گران ده‌کات».
ئه‌و په‌رله‌مانتاره له‌گه‌ڵ زیادکردنى نرخى ده‌رماندایه‌و ده‌ڵێت «من پێمباشه چونکه گرانکردنه‌که زۆر ره‌مزیه، به‌ڵام داهاتێکی باش بۆ وه‌زاره‌ت کۆده‌بێته‌وه«.
بڕیاره لیژنه‌ى ته‌ندروستی‌و ژینگه له‌په‌رله‌مانی کوردستان له‌ماوه‌ى 10 رۆژدا وه‌ڵامی پڕۆژه‌که‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی بده‌نه‌وه.
وه‌زیرى ته‌ندروستى له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا، هه‌ندێک پێشنیاری دیکه‌ى خستۆته به‌رده‌م لیژنه‌که‌ى په‌رله‌مان، له‌وانه وه‌زاره‌تی دارایی پشتیوانیان بکات‌و نابێت وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌کو وه‌زاره‌ته‌کانی تر ته‌ماشابکرێت، یاخود ده‌بێت داهاتی وه‌زاره‌ت به‌رزبکرێته‌وه، یان ده‌بێت فشار بخرێته سه‌ر به‌غدا‌و رێکخراوى ته‌ندروستى جیهانى بۆ دابینکردنی ده‌رمان.
رێکه‌وت حه‌مه‌ره‌شید وتى «قسه‌که ئه‌وه‌یه ئایا داهاته‌که چه‌ند به‌رزده‌که‌یته‌وه له‌مکاته‌دا خه‌ڵک موچه‌ی نیه، به‌ڵام حه‌لی وه‌سه‌ت ئه‌وه‌یه یاسای ته‌ندروستی دابنرێت، بۆ ئه‌وه‌ش داوامان له‌کۆمه‌ڵێک خه‌بیری ئوردنی کردوه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بێنه هه‌رێم، چۆن له‌وڵاتان خه‌ڵک بیمه‌ی ته‌ندروستی ده‌دات‌و لێره‌ش خه‌ڵک بیمه بدات».
بڕیاره بۆ تاوتوێکردنى ئه‌و پێشنیارانه، یه‌کشه‌ممه‌ى داهاتوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی کۆبێته‌وه به‌ئاماده‌بونی سه‌رجه‌م به‌ڕێوەبه‌ره گشتیه‌کانی ته‌ندروستی.
رێکه‌وت حه‌مه‌ره‌شید ده‌ڵێت «ئێمه به‌دوای رێچاره‌دا ده‌گه‌ڕێین، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بۆ فه‌راهه‌م ببێت، له‌وانه‌یه وه‌کو جاران نه‌بێت به‌ڵام هه‌وڵی خۆمان ده‌ده‌ین».
«کار وابڕوات ناتوانین فه‌حسی خوێنیش بکه‌ین»
سه‌باره‌ت به‌گرانکردنى نرخى ده‌رمان، وه‌زیرى ته‌ندروستى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، لیژنه‌که‌ی په‌رله‌مان هه‌ندێکیان له‌گه‌ڵ گرانبونی نرخ نه‌بون، به‌ڵام کۆکبون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بارودۆخه‌که بکرێت.
وتیشى «ئێمه دوو سێ پێشنیارمان له‌به‌رده‌ستدایه ئایا ئێمه هیچ بۆ خه‌ڵک نه‌که‌ین یان شتیان بۆ بکه‌ین‌و به‌ڵام به‌پاره‌یه‌کى ره‌مزی، چونکه ئه‌گه‌ر وابڕوات ئێمه ناتوانین فه‌حسی خوێنیش بکه‌ین‌و ناتوانین ده‌رمانیش بده‌ین به‌خه‌ڵک».
وه‌زیرى ته‌ندروستى باسی له‌وه‌شکرد، ئێواران کلینیکی راوێژکاریان هه‌یه‌و نه‌خۆش به‌سێ هه‌زار ده‌بینێت‌و پاره‌که بۆ پزیشکه‌که‌یه، له‌کاتێکدا مانگانه موچه‌شی هه‌بوه، به‌ڵام له 1/1/2014 ئه‌و پاره‌یه وه‌رنه‌گیراوه، له‌وباره‌یه‌شه‌وه پێشنیارێکى بۆ هاتوه نرخه‌ی بلیته‌کان بکرێته پێنج هه‌زار دینار.
رێکه‌وت حه‌مه‌ره‌شید ده‌ڵێت «ئایا من بیکه‌م به‌و پاره‌یه یان بچن له‌ده‌ره‌وه عه‌یاده‌یه‌ک دابنێن‌و دکتۆر به 15 هه‌زار نه‌خۆش ببینێت».
وه‌زیرى ته‌ندروستى باسی رێگه‌چاره‌یه‌کى دیکه‌ى کرد‌و وتى «ئێواران عه‌مه‌لیاتی نیمچه تایبه‌تمان هه‌بوو له‌سه‌دا 80 پاره‌که‌ی حکومه‌ت ده‌یدا له‌سه‌دا 20 له‌سه‌ر هاوڵاتی خۆی بوو، بۆ نمونه عه‌مه‌لیاته‌که به 200 هه‌زار بوو، به‌ڵام ئێستا پێشنیارێک کراوه عه‌مه‌لیاته‌که بکه‌ین به 100 هه‌زار‌و له‌سه‌ر هاوڵاتی بێت، ئه‌وه‌ش له‌وه باشتره خه‌ڵک دوو ساڵ سه‌ره بگرێت یان له‌ده‌ره‌وه بیکات به‌یه‌ک ملیۆن بێت».
به‌وته‌ى وه‌زیرى ته‌ندروستى، ئه‌و پڕۆژانه ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ته‌که‌ى هه‌موی له‌سه‌ری رازی بون، په‌رله‌مانیش له‌چه‌ند رۆژێکی تردا وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه، پاشان له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کۆده‌نگی بۆ دروست ده‌کات.
زیادکردنى نرخى ده‌رمان سه‌رناگرێت
میران محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستی سلێمانی به‌دورى ده‌زانێت پڕۆژه‌ى زیادکردنى نرخى ده‌رمان سه‌ربگرێت، چونکه خه‌ڵک لێیان قبوڵ ناکات.
به‌پێی ئامارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى، وێڕاى ئه‌وه‌ى ده‌رمان روو له‌که‌مبونه‌وه‌یه، هاوکات 20 ملیار دینار قه‌رزارى کۆمپانیاکانى ده‌رمانن، به‌وهۆیه‌شه‌وه به‌ئاسانى کۆمپانیاکان ده‌رمان بۆ نه‌خۆشخانه حکومیه‌کان دابین ناکه‌ن.
میران محه‌مه‌د به‌هاوڵاتی وت «ئه‌م قه‌یرانه ماندوی کردوین، رۆژانه فشارێکی زۆرمان له‌سه‌ره، ئه‌و ده‌رمانانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ژیانی خه‌ڵکه‌وه هه‌یه نه‌مانهێشتوه لێمان ببڕێت، به‌ڵام به‌ناڕه‌حه‌تی‌و هه‌ندێکیان هی کۆگاکانه ئێستا به‌کاریده‌هێنین، ئه‌و ده‌رمانه‌شى ده‌ستمان نه‌که‌وێت له‌گه‌ڵ شاره‌کانی تردا ده‌یگۆڕینه‌وه«.
به‌وته‌ى میران محه‌مه‌د، له‌ئێستادا کۆمپانیاکان زۆر به‌قورسی ده‌رمانیان ده‌ده‌نێ چونکه زیاتر له 20 ملیار دینار قه‌رزاری کۆمپانیاکانی ناوبازاڕن‌و ئه‌وان ئێستا زۆر نایه‌ن به‌ده‌نگیانه‌وه، «جاران خواخوایان بوو بانگه‌وازیان بۆ بکه‌ین بۆ هێنانی ده‌رمان بۆمان، به‌ڵام ئێستا وانه‌ماوه چونکه ده‌زانن پاره‌مان لانیه«.
وتیشى «هیچ لایه‌نێک وه‌کو پێویست هاوکاریمان ناکه‌ن‌و مانگ نیه زیاتر له‌سێ هه‌زار که‌س منداڵی نه‌بێت له‌نه‌خۆشخانه‌ی منداڵ بون… خه‌ڵک له‌منی قبوڵ ناکات بڵێم ده‌رمان نیه، ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی هه‌موو هه‌وڵێک بدات بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی کڕینی ده‌رمانمان بۆ دابینبکات».
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی باسى له‌وه‌شکرد، ئه‌و ده‌رمانانه‌ى به‌غدا بۆیان ده‌نێرێت، زۆر جۆری تێدا نه‌بوه بۆیه خۆیان له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌وه ده‌رمانیان کڕیوه، وه‌کو ده‌رمانی (دڵ، شێرپه‌نجه، زه‌خت‌و شه‌کره).
میران محه‌مه‌د جه‌ختیکرده‌وه، ئه‌گه‌ر کێشه‌که چاره‌سه‌رنه‌کرێت، ده‌رمان که‌متر ده‌بێت‌و نامێنێت‌و ده‌ست ناکه‌وێت، چونکه پاره‌یان پێ نیه‌و چه‌ندین مانگه به‌قه‌رز ده‌رمان ده‌کڕن.