سۆران عومەر،ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بنەمای دابەشكردنی موچەی مانگی 12ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: حكومەت بە 50 تا 60 رۆژ جارێك موچەیەك دابەش دەكات، ئەوەش نهێنی ئەوە بو كە نەیانتوانی دەستكاری موچەو دەرماڵە بكەن.
ئەو ئەندام پەرلەمانە لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی”مانگی ڕابردو بۆ پێدانی موچەی مانگی ١٢ حکومەت لە ٨/٣/٢٠٢٠ دەستی کرد بەپێدانی موچەی وەزارەتی تەندروستی، لە ١٦/٤/٢٠٢٠ کۆتا موچەی خانەنشینی تەواو دەبێ واتە لەماوەی ٣٩ ڕۆژدا توانی موچە دابەشکردن تەواو بکات!”
هەروەها وتوشیەتی”ئەمڕۆ ٣٨ ڕۆژ تێدەپەڕێ بەسەر پێدانی موچەی یەکەم وەزارەتداو تا ئێستە دیار ئەم حکومەتە کەی موچەی مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٠ دابەش دەکات!”
ئەوەشی خستۆتەڕو”بەو پێیە بێ کە مانگی پێشو موچەی دابەشکردوە پێدانی موچەی مانگێک دەکەن بە ٥٠ تا ٦٠ ڕۆژ جارێک!”
پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی پیشی وایە “ئەمە نھێنی ئەوە بو کە نەیانتوانی دەسکاری موچەو دەرماڵە بکەن! ئەوەی موچە وەک خۆی دابەش بکەن بێ دەسکاری بەڵام بە دو مانگ جارێک دابەشی دەكەن کە دەکاتە نیو موچە!”
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەداوە “ئەگەر حکومەتێك بەو ھەمو داھاتەوە لە ١٥/٤/٢٠٢٠ موچەی مانگی ١٢ ساڵی ٢٠١٩ی پێدرابێ ئیتر مانای حکومەتداری چییە؟ بردنی داھات و خۆدەڵەمەندکردن حکومەتداری نییە!”
لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا، سۆران عومەر وتویەتی”خەڵک چاوەڕێیە لەکرێی موڵک و خانو لێخۆشبونی بۆ دەربچێت، لێخۆشبون لەکرێی ئاو و کارەبا، ھاوکاری خێزانە بێکارکراو و ھەژارەکان بکرێ، ئەو پارانەی بۆ ھاوکاری کۆکراوەتەوە بدرێ بە کەمدەرامەتان، ئەوە مانگێکە خەڵک پابەندە بەمانەوە لەماڵەوە بەبێ ھیچ داھاتێك، تا ئێستە جگە لە ڕێنمایی ھیچ بەخەڵک نەدراوە!”
جەختیشی كردۆتەوە كە “حکومەتی ئاوا جگە لەبارگرانی چی بۆ خەڵک کردوە؟ ڕۆژنامەنوسی دەستگیرکردوە ھەڕەشەی لەم و لەو کردوە لەپێناو بێدەنگکردن لەو حوکمڕانیە خراپەی دەیکات!”