ئۆپرا وینفری… پێشکەشکاری بەرنامە و ئەکتەری شانۆ و کەسایەتی جیھانی، توانی لەناو خێزانێکی هەژارەوە ببێتە ئەستێرەیەک لە جیهانی ڕاگەیاندندا و نازناوی بەناوبانگترین ئافرەت لە مێژووی ئەمریکا بەدەست بهێنێت.
سەرەتای سەرکەوتنەکانی ئۆپرا لە تەمەنی ١٩ ساڵییەوە دەستیپێکرد، کاتێک بووە پەیامنێری یەكێک لە ڕادیۆكانی ئەمهریکا، کە لەگەڵ ئەو کارەیدا خوێندکاری کۆلێژ بووە.
بەهۆی زیرەکییەوە لەزانکۆ، کارەکەی لە پەیامنێرەوە بۆ پێشکەشکاری بەرنامە گۆڕیوە و ساڵی ١٩٧٤ لە کەناڵی تەلەفزیۆنی WTVF لە شاری ناشڤیل لەویلایەتی تێنیسی بووەتە پێشکەشکاری هەواڵ، کە مووچەی ساڵانە تیایدا ٢٢ هەزار دۆلار بووە، ئەو بڕە پارەیەش لەو کاتەدا زۆر بووە.
ساڵی ١٩٨٣ بووەتە پێشکەشکاری پرۆگرامێکی ماوەی بەیانیان لە کەناڵێکی شیکاگۆ، دوای سێ ساڵ، واتە ساڵی ١٩٨٦ دەستیکرد بە پرۆگرامە جیهانیە بەناوبانگەکەی (ئۆپرا وینفری) لە تۆڕی ABC، کە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ و تا ٢٠١١ بەردەوامبوو.
لەو پرۆگرامەیدا ئۆپرا زۆر لە کەسایەتییە ناودارەکانی لە هونەرمەند و سیاسەتمدار و بزنسمان بانگهێشتی بەرنامەکەی کرد، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا یەکێکیان بوو.
هەر لەو ساڵەدا کۆمپانیای بەرهەمهێنانی (هاربۆ) ی بونیادنا، کە بووە تۆڕێکی ڕاگەیاندن و لە ڕێگەیەوە ژمارەیەک بەرنامەی سەرکەتوو پێشکەشکرا، وەک (دکتۆر فیل) و (ڕاشیڵ ڕای).
بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ دا کۆمپانیای هاربۆ، توانی مافی پێشکەشکردنی بەرنامەی (ئۆپرا وینفری) لە تۆڕی ABC بکڕێتەوە و لەبری بێژەرێکی بەرنامە ببێتە خاوەنی هەموو مافەکانی، بەوەش بووە یەکەم ئافرەت لە جیهاندا پرۆگرامێکی تایبەت بەخۆی بەرهەم بهێنێت.
داهاتی پرۆگرامەکەی لە ساڵی ٢٠٠١ دا گەیشتە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، کە لە ١٠٧ وڵاتەوە پەخشدەکرا، بەوەش ڕاگەیاندن ژیانی ئۆپراى لە کچێکی هەژارەوە کرد بە یهكێك له خانمه دەوڵەمەندهكانی جیهان.
دواتر ئەو پرۆگرامە بووە کرۆکی داهاتەکانی کۆمپانیای (هاربۆ) کەخۆی خاوەندارێتی، کە لە ساڵانی دواتردا چەندین فیلم و زنجیرە درامای تەلەڤزیۆنی بەرهەمهێنا و خۆیشی ڕۆڵی لە هەندێکیاندا گێڕاوە.
ئێستا ئۆپرا وینفری یەکێکە لە ملیاردێرەکانی جیهان و خاوەنی نزیکەی ٣ ملیار دۆلارە.
ساڵی ٢٠٠٦ تابلۆیەکی وێنەکێشی جیهانی (گۆستاڤ کلیمت) ی بە ٨٧ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار کڕی و ساڵی ٢٠٠٧ یش فڕۆکەیەکی تایبەتی بە ٤٥ ملیۆن دۆلار کڕی.
ئۆپرا چەندین خەڵاتی لەچەند بوارێکدا بەدەستهێناوە، کە دیارترینیان میدالیای سەرۆكایەتی بۆ ئازادی یە، کە لەلایەن باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە پێبەخشراوە، خەڵاتەکەش بەرزترین ڕێزلێنانی مەدەنییە لەو وڵاتەدا.
بەڵام لە ئێستادا پێدەچێت ئەم خانمە بیەوێت بچێتە بواری سیاسەتەوە و لە دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، ئۆپرا بیر لەوە دەکاتەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایهتیی ئەمەریكا خۆی بپاڵێوێت.
لە وتەکانی ئۆپرا، وەک شاژن بیربکەرەوە، چونکە شاژنەکان لە شکست ناترسن و پێیان وایە شکست یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنە