یه‌كه‌م: جارێ هه‌ر دوو بڕگه‌ی یه‌كه‌م له دیباجه‌ی ده‌ستووره‌كه‌دا، له‌به‌كارهێنانی وشه و ده‌سته‌واژه‌كاندا پێتده‌ڵێت؛ ئه‌م ده‌ستوره ئاینییه! چونكه به (لقد كرمنا بنی ا‌دم) ده‌ستپێده‌كات كه له‌یه‌كه‌م دێڕ مافی ئاینه‌كانی دیكه ده‌خوات و ده‌قه‌كه به ئاین ده‌ستپێده‌كات، ده‌شێت له‌ئاینه‌كانی دیكه‌شدا دێڕی له‌و جۆره هه‌بن! لێره‌وه ده‌قه‌كه سروشتی نییه به‌ڵكو ئاینیه، وه‌ك چۆن یاسا له‌دونیادا له ده‌ره‌وه‌ی ئاین و ئایدۆلۆژیایه. به‌ڵام گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئاین و ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراو بێت ئه‌وا دێڕی یه‌كه‌م بۆ نمونه ده‌ستوری وڵاتانی كۆمه‌نیست (كرێكارانی جیهان یه‌كگرن…) له‌مجۆره دێڕانه ده‌ستپێده‌كات.
دووبڕگه‌ی یه‌كه‌م له ده‌ستپێكه‌دا (دیباجه) پڕه له كێشه چونكه ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كوردی سڕیوه‌ته‌وه و كردوویه‌تی به ( الانتفاضه الشعبانیه)… ئیدی له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستورێكی تایفییه بۆ نمونه ناوی شه‌هیده‌كان به شه‌هیدی شیعه پاشان سونه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ی كوا شه‌هیدی مه‌سیحیه‌كان، سابیئه‌كان، یه‌زیدیه‌كان؟ پاش تائیفیه‌ت دێته سه‌ر نه‌ته‌وه‌كان كورد و فه‌یلی …هتد …
دووهه‌م: جارێ هه‌ر سه‌ره‌تای بڕگه‌ی دووهه‌می (الباب الثانی)؛ ئیسلام ده‌كاته سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می ده‌ستور و یاسا! پاشان ده‌ڵێت؛ نابێت یاسا دابڕێژرێت له‌دژی (سه‌وابتی دینی ئیسلام) بێت. ده‌شێت ئه‌وه به‌دڵی موسولمانێك بێت، گه‌ر بڕیاڕه یاسا ئاینیی بێت ئه‌ی كوا سه‌وابتی مه‌سیحیه‌ت، یه‌زدیه‌ت، سابیئیه‌ت ، كاكه‌یی و یارسانی و زه‌رده‌شیه‌ت و هتد! پاشان دێته سه‌ر دیموكراسیه‌ت و ده‌ڵێت؛ نابێت دژی دیموكراسی بێت! پاشان ده‌ڵێت؛ نابێت یاسایه‌ك دابڕێژرێت له‌دژی ماده سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م ده‌ستوره بێت..سه‌یری ئه‌م گه‌ڕه‌ڵاوژه‌یه! ئه‌مجۆره گه‌ڕه‌ڵاوژه‌یه شه‌رعیه‌تدانه به توند‌و تیژی، ئه‌م لاستیكیه‌ته ڕه‌واخوازكردنی سزا و به‌ندكردن و ئیرهابه به‌ناوی سه‌وابتی دینی!
به‌مشێوه مه‌تاتیه وه‌ك لاستیك دیموكراسیه‌ت و مافی مرۆڤ له‌نێوان سه‌وابتی دینی و یاسای ئیسلام و هه‌روه‌ها كۆی ده‌ستوره‌كه كه جه‌خت له ئاینێكی دیاریكراو ده‌كاته‌وه قووتده‌درێت. هه‌ربۆیه بڕگه‌ی (ئازادییه‌كان) له‌م ده‌ستووره‌دا لاوازترین بڕگه‌یه، كه‌ده‌ستوری وڵاتێك به‌خۆیه‌وه ببینێت.
سێهه‌م؛ ئه‌مه‌و تێگه‌یشتنی ئه‌م ده‌ستوره بۆ ڕۆشنبیری ئێراقی (الثقافه العراقیه ) له بڕگه‌ی ٣٥ دیارینه‌كراوه بی ئه‌وه‌ی بتوانیت هه‌ر ڕایه‌كت به‌دڵ نه‌بوو، هه‌ر گۆڤار و كه‌ناڵێكت به‌دڵ نه‌بوو له‌ژێر ناوی (نه‌گونجانی له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیری ئێراقی) دایبخه‌ن و سزات بده‌ن…من له‌زانكۆكانی ئێراق خوێندوومه له‌هه‌شتاكاندا و نیوه‌ی ژیانم له‌ناو عه‌ره‌بدا ژیاووم وته‌نانه‌ت رۆشنبیریشیشم پێش چوونم بۆ ئه‌ڵمانیا عه‌ره‌بی بووه، ئه‌و كاته‌ش و ئه‌مڕۆش نازانم ڕۆشنبیری ئێراقی چییه؟ چه‌نده‌ها جار ئه‌مجاره‌ش له‌نیوۆرك به‌رۆماننوسی ئێراقی ( سنان ئه‌نتۆن ) پرسیم؛ كوا ئه‌ده‌بێك هه‌یه ناوی، ئه‌ده‌بی ئێراقی وه‌ك ئێراق؟ ئه‌ده‌بی ئێراقی مانای ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی ، ئه‌ده‌بی كوردیش مانای ئه‌ده‌بی كوردی ….لێره‌وه پرسیاری ئه‌وه ده‌كه‌ین كوا ڕۆشنبیری ئێراقی؟
چواره‌م: ئه‌م ده‌ستوره ئه‌وه‌نده‌ی باس له‌ماف و ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازاتی ئه‌ندام په‌ڕله‌مان و پله‌داران و سه‌رۆك كۆمار ده‌كات، ئه‌وه‌نده خۆی نه‌داوه له‌پرسه مه‌ده‌نی و ئازادییه‌كان و وورده‌كارییه‌كانی.
یپێنجه‌م: یاسایی كه‌سێتی وێرانه، ته‌نانه‌ت ئێستا یاسایی جه‌عفه‌ری چۆته سه‌ر، كه‌ڕێگه ده‌دات كچی منداڵی نۆ ساڵان بهێنیت… ئه‌م ده‌ستوره جگه له‌ده‌ستورێكی تائفی و شیعه‌گه‌رایی زیاتر هیچیتر نه‌بووه…
ده‌رئه‌نجام؛ كۆی ده‌ستوری ئێراقی چل و یه‌ك لاپه‌ڕه‌یه، جگه له‌وه‌ی سێ لاپه‌ره‌ی ناونیشان و پێڕست دیباجه‌یه‌ك…ئیتر نازانم بۆ وه‌ك بۆته كێوێكی قو‌رس و كاندیه‌كان له‌پرسیاره‌كانیان ده‌رناچن؟! جگه‌له‌وه من كاتی خۆی له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی زۆرم له‌سه‌ر نوسی، به‌تایبه‌ت ده‌رباره‌ی (سوپای ئێراق) و (ئه‌نفال) …خانمانی ڕۆشنبیر زۆر قسه‌یان له‌سه‌ر وه‌لانانی مافی ژن كردووه له‌م ده‌ستوره‌دا، چونكه سه‌وابتی ئیسلامیی ماناكانی فراوانه و چوار ژنه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت، مانای جه‌عفه‌ری ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌كرێت له‌و چوارچێوه‌ی رۆشنبیری ئێراقی و سه‌وابته ئاینی و مافی ئازادانه‌ی ئاینی و عورفدا جێگه‌ی بۆ بكه‌یته‌وه، ده‌كرێت یه‌كێك ڕه‌خنه‌یه له‌ئاین بگرێت له‌چوارچێوه‌ی فیكردا به‌ته‌شهیر له‌قه‌ڵه‌مبدرێت …هتد … هه‌ر بۆیه براده‌ران به‌ڕاستی نازانم چۆن ده‌بێت هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی وه‌ك مام جه‌لال و نه‌شیروان (ڕۆحیان شادبێت ) و به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی شانازیان ده‌كرد به‌وه‌ی به‌شداربوون له‌م كاره‌ساته‌دا كه ناوی ده‌ستووره …بۆئه‌وه‌ی له‌ڕه‌خنه ده‌ربچین ، ده‌بێت بڵێین؛ ئێستاش ده‌بێت چی بكرێت ئه‌م ده‌ستوره بخرێته‌وه ژێر پرسیار! هه‌ر بۆیه براده‌ران ملشكاندنی یه‌كتری مه‌كه‌نه كو‌لتور بۆ ئه‌وه‌ی ببیت به‌به‌شێك له‌م ده‌ستوره كه جارێ ته‌واو دژه كورده و دژه یاسایی جیهانی و مافه‌كانی مرۆڤه!