یاسایەک ھەیە لە تورکیا، کەبە واژۆی سەد ھەزار ھاوڵاتی یان بیست پەڕلەمانتار، رێگە بە زیندانی سیاسی دەدات خۆی کاندید بکات، من سەرسامی ھەندێ یاسام لە تورکیا سەرباری زەبروزەنگەکانی دەوڵەت لەسەر ئازادی و مافی مرۆڤ و رەوشی خراپی زیندانەکان و بارە نائاساییەکانی ئاکەپە.
کاراکتەرێکی زیندانیکراوی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش خۆشبەختانە سودمەندی یەکەمی یاساکەیە، دەتوانێت لە ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ٢٤ی حوزەیران، وەک پاڵەوانێکی زیندان دەربکەوێت و خۆی بپاڵێوێت بۆ بەرزترین پۆستی سەرۆکایەتی وڵات، ئەم یاسایە، دەوڵەتی ئاکەپە ئەسڵەن بیری لێنەکردبوویەوە ھەمواری بکات یان کانسڵی بکات، ئەمە پێی دەوترێت ستراتیژ‌و حیکمەتی سیاسی و روانگەی ئایدۆلۆژیانەی دروست بۆ قەیرانەکان، دواجار ھەدەپە وەک یەکێک لە ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە لۆژیکی نوێ، کردییە سوپرایزو سوڵتانی توشی شۆکی کوردانە کرد “ئاگر کەتییە دلی من” وەلێ شۆکە گەورەکە ماوە.
ھەندێک دەڵێن کردەی ئاوبێژانە خۆپاڵاوتن لە تورکیایەکی زۆرینە تورک و کەمینە کورد، ئەمە بەشێکی راستە بەڵام مانا‌و مەغزای بەشداری سیاسی بۆ ھەدەپە گرنگترە لە دەرئەنجامەکەی، تۆ پێشچاوی بخە، سەرۆک کۆمارێک ھات فیگەرێکی وەک دەمیرتاشی زیندانیکرد تا بۆ ئەبەد لە جوڵەو چالاکی سیاسی بخات، ئێستا فیگەرەکە نەک لەجوڵە نەکەوت، بەڵکو چالاکترین و ئازاترین بکەری سیاسییە بۆ رکابەریکردنی سەرۆک کۆمارەکە، کەواتە کێ بچووک و دۆڕاوی سیاسییەو ئەم یاریە بۆ، ئەمە بەدەرەجەی یەک نمایشی ھێزی شاراوەی فیکر‌و سیستمی بەرگرینامەکانی ئۆچ ئالانە لە ئیمراڵی، تەرجومەی مۆدێرنێتەی دیموکراسییە، ستراتیجێکە بۆ چەسپاندنی خۆسەری دیموکراسی، ڕۆحێکی بەرەنگاری و تەحەددیەکی گەورەیە بۆ کوردانی باکور ئەگەر ھیچ ئەنجامیشی نەبێت، ھەروەک ھەڵوەشاندنەوەی وەھمی زیندان و شیشی گرتوخانەو شکاندنی ترس و فۆبیای دەوڵەتی فاشیست و ئەرگەنەکۆنی دینییە، دەرخەری شتێکە پێی دەوترێت باوەڕ belief ی کوردانە.
پێش ئەوەی باسی ئەوە بکەین ئەردوغان بۆچی دەمیرتاشی زیندانیکرد، چی چنییەوەو ئێستا بۆچی بەزیان شکایەوە بۆسیستمەکە بەگشتی، دەکرێت ئەوە بڵێین، تورکیا تەنھا ناوخۆکەی وێران نەبووە بەدەست ئەردوغان و بیرکردنەوەکانیەوە، بەڵکو لیرە و دراوی تورکی و ئابوریەکەشی دەغەزار بووەو تا کۆتایی ئەمساڵ پێویستە قەرزی ١٨٦ ملیار دۆلار بداتەوە کە گەورەترین کێشەو لەمپەری دەوڵەت و ھەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانی ئایندەیەو ھەرگیز قەرزەکانی بۆنادرێتەوە بەم بیمارییە، بێکاریی گەشتۆتە ئاستێکی بەرز کە خەریکە نزیک دەبێتەوە بۆسەردەمی تاریکی تانسۆچیللەرو دەنیزبایکاڵ، کە تورکەکان لە تاو بێ‌کاری دەھاتن بۆ سنوری شێرناخ و زاب و ئۆرامارو ھەکاری بەشوێن گیا‌و گێلاخەو دەرمان و خۆراکی شاخەکانی کوردستان، گۆشەگیری سەربازی دوای عەفرینی جەنڕاڵەکانی تورکیش بابوەستێ کە ئەمریکا ھەرکات بیەوێت بەلایەکدا دەیخات، بەھێزبوونی بەرەی رادیکاڵ و ئۆپۆزسیۆن و فراوانبوونی ھێڵەکانی نەخێرو نارەزایەتی، ھەریەک لە چەھەپەو ھەدەپ و گولەنیەکان و چەپە نوێکان ھەرەشەن بۆسەر ئایندەی تورکیا، جگە لەھەرەشەکانی دەوڵەت بۆسەر عەبدوڵا گوڵ تا دوری بخەنەوە لە کێبرکێی سەرۆکایەتی!؟
دامه‌زراوه کانی که‌مالیزم و سوپا نوێکه‌ی ئه‌ردوغان بۆیان ساغ بویه‌وه که هه‌ڵه‌یه‌کی مه‌نهه‌جی گه‌وره ده‌که‌ن ڕێگه به‌وه بدەن په‌که‌که، بهدوباڵی شاخ و شار بفڕن، واته هه‌م چالاکی شار‌و پاڕله‌مان و هه‌م چالاکی گه‌ریللایی، بەکورتی نەیانویست پەکەکە ھەدەپە ھەڵسوڕێنێت، بەڵام باشی ھەڵسوڕاندو ئێستاش پیشەسازی باشی پێوە دەکات، دەبوو ئاخر شت ئاکەپە بیری لەگرتنی دەمیرتاش بکردایەتەوە، ھیچ لۆژیکی تێدانییە پێنج ھەزار ھەدەپەیی لەزیندان بن و ئەردوغانیش بە ئارامی بیەوێت سەرخەو بشکێنێت و ھەڵبژاردنیش بکاتە پەیژەی سەرکەوتنی خۆی.
تورکیا ویستی ھەدەپە بشکێنێ، ھەزارانی لێگرتن بە دەمیرتاش و دەیان پەرلەمانتارو سەدان سەرۆک شارەوانی و شوێنگرەوەو قەییومی رەزاتاڵی لەجێگا دانان کە ھێندەیتر گەلی توڕەکرد بەرانبەر دەوڵەتی فاشی، تۆ سەرۆک شارەوانیەک بەدەنگ چۆتە سەرکورسی بە قەرەقۆشی و شەق لایبەریت و زیندانی بکەی و قەیومێک فەرز بکەیت و لە جێگای دامەزرێنیت، ئەمە لە چ مانایەکی دەوڵەتی دیموکرات و مەدەنی جێگای دەبێتەوە؟ بەمەش دەمیرتاش وپارتەکەی نەک گەورەترو سیمبولیکتر بوون بگرە بوونە داینەمۆو ئیرادەو مۆدێلی ئاشتی، بوونە جێگای بروا، ئەوەتا تازەترین مۆدێلی شکستپێھێنانی فاشییزم لەزیندانەوە مانیفێستۆ دەکات.
ده‌میرتاش کوڕه بچوکه‌که‌ی جارانی گه‌ڕه‌که‌کانی ئامه‌د نیيه و ناشبێته فه‌رمانبه‌ری ملکه‌چ وه‌ک ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی و بیناڵی و نه‌ژادپه‌رسته گوێڕایه‌ڵه‌کانی ده‌وری ئه‌ردوغان بۆ تێپه‌ڕاندنی ده‌یان پڕۆژه بۆ به خهلافهتکردنی سیستم، ده‌میرتاش وه‌ک ره‌مزێکی سیاسی و جڤاکی مه‌ده‌نی باش نمایشی ئازاره‌کانی کوردی باکوری کرد لەزیندان، مرۆڤی توشی شۆک کرد، ھەستی کوردبوونی ژیاندەوە، کوردستانی خستەوە ناودڵ لەرێگەی وەسمان بایدەمیرەوە، ئەم ھەستە بەس بوو بۆئەوەی ئەردوغان گۆشەگیربێت و سەرشێتانە بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەختە بدات.
دەمیرتاش به وتار‌و ئارگۆمێنت و گه‌شته دبلۆماسیه‌کانی، له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش وه‌ک کاراکته‌رێکی هه‌ڵچوی مۆدێرن دونیای ده‌ره‌وه‌و شه‌قامی ئه‌وروپی سه‌یری هه‌نگاوه‌کانیان ده‌کرد بۆ تیۆریزه‌کردن و به‌یاساییکردنی کێشه‌ی کورد به‌دیدێکی یاسایی و پهڕلهمانیانه له‌تورکیا، بۆیه هێزی شاراوه‌ی ده‌وڵه‌ت و میت و سیستمی ئاکه‌په، به‌رماوه‌ی که‌مالیزم و سێبه‌ری خه‌لافه‌ت، ویستیان رۆڵی ئه‌م کاراکته‌ره که‌مبکه‌نه‌وه‌و له‌چالاکی بخه‌ن، ئه‌گه‌ر به زیندان بێت یان ئیرهاب وه‌ک هه‌وڵی تیرۆرکردنه‌که‌ی به قه‌نناس له ٢٣/١١/٢٠١٥.
ده‌وڵه‌ت زانی ده‌میرتاش ئه‌ڵقه‌ی گرێدراوی، قه‌ندیل – ئیمرالی – ئه‌نکه‌ره‌یه، تا ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه‌ش نه‌پسێ دۆزی کورد زیندوو ده‌مێنێت و مه‌حاڵه شتێک به‌ناوی گۆڕینی ده‌ستوورو خه‌ونی سه‌رۆکایه‌تی و خه‌لافه‌تی ئه‌ردوغان، بۆیه ده‌میرتاش چه‌ندین جار ده‌که‌وێته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و لێدان و سوکایه‌تی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت، چه‌ندجار ده‌نگده‌ره‌کانی ڕوبه‌ڕوی سزای ڕوحی و جه‌سته‌یی و کۆمه‌ڵکوژی ده‌کرێنه‌وه، ڕۆبۆسکی و شێرناخ و ئامه‌د و جزیرێ نمونه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه تازانه‌ن، به‌وه‌ش زیاتر بووە سه‌فیری کاریگه‌ری دیبلۆماسیه‌تی دۆزی باکور، بۆیه بڕیاردرا به‌وه‌ی ده‌ستگیربکرێت به‌بیانوی هاوکاری تیرۆر له ٤/١١/٢٠١٦.
ده‌وڵه‌ت کاتی خۆی زانی، ده‌میرتاش کاراکته‌رێکی لێهاتووی کاریزمییه، توانی کورد له رێگه‌ی هه‌ده‌په‌و ده‌نگه ڕادیکاڵ و چه‌په تورکه‌کانه‌وه، بگه‌یه‌نێته ناو په‌رله‌مان و به‌ربه‌ستی 10%ی که‌نعان ئیڤره‌ن ببڕێت، کهئینقیلابێکی ده‌ستوریی بوو له‌ساڵی ١٩٨٠، ده‌وڵه‌ت نه‌یویست گوێ له نه‌غمه‌کانی دیموکراسی بگیرێت، به‌ڵکو ویستی به‌ڵایه‌ک که دیموکراسی هێنای له‌ناوی به‌رێت، لۆژیکی هێزیش هه‌ر وا هه‌ڵده‌سوڕێت ناکرێت به‌ئاسانی په‌رله‌مانی تورکیایه‌کی ناتۆی به‌هێزی فاشیزم بۆ کورد بکرێته مه‌یدانی چالاکی و ئیراده‌و له‌په‌نایدا حکومه‌ته‌که‌ی ئاک‌پارتی دوچاری ئیحراجی و ته‌نگاو بکه‌نه‌وه که له ڕابردوو کردیان، ڕاستیش هه‌روایه شوێنی خه‌باتکردنی ڕاسته‌قینه بۆ هێزێکی که‌مینه‌ی ناو په‌رله‌مانێکی زۆرینه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رست و شۆڤێنی، شوێنێکی دروست و واقیعی نییه له تورکیا وه‌ک چۆن بۆ کوردی باشوریش ئه‌وه ڕاسته په‌ڕله‌مانی به‌غداد شوێنه ڕاسته‌قینه‌که‌ی خه‌باتێکی دروست نییه بۆ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وه‌ی خه‌ون به بهغدادێکی مه‌رکه‌زیه‌وه ببینێت دواجار چاوی به سیستمێکی تاکڕه‌وانه‌ش ده‌که‌وێت، ئێ خۆ کوردیش حوکمی ئانکه‌ره‌ی پێناکرێ و یاساش ناتوانێ بگۆڕێ و ڕه‌نگه ته‌نها خه‌باته‌که شکڵی بێت!؟
ئاسۆ عەبدوللەتیف