هەمیشە دەنگی ئەو منداڵە لەگوێمدا بەئاگام دێنێ و بەچرپە پێم دەڵێت : زۆر برسیم بوو زۆریش سەرمام بوو قاورمەكەی بۆ كڕیم لەگەڵ یەكەم پارو پێی وتم پشتم تێكە خۆ نان بە بەلاش نیە ! ئۆقیانوسێك لەتاوان ئەو كتێبەیە ساڵی 2007 لەلایەن خاتوو خەندان حەمە جەزا بەچاپ گەیەنرا ، توێژەر لەم كتێبەدا زۆر بەووردی و مەیدانی كێوماڵی دیاردەی لەشفرۆشی كردووە لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی سلێمانی ، ئەم كتێبە ناوبانگێكی زۆری پەیداكرد لەهەمان ساڵدا خەڵاتی باشترین كتێبی پێدرا لەلایەن وەزارەتی وەرزش و لاوانەوە ..
پرسیار : بیرۆكەی بەدواداچون یان دەستبردن بۆبابەتێكی وەك لەشفرۆشی لەكوردستان لەلایەن جەنابتانەوە لەچیەوە سەرچاوەی گرت ؟
خەندان حەمە جەزا : بیرۆكەی ئەم توێژینەوەیە لەساڵی 1999سەری هەڵدا كەمن وەك بەڕێوەبەری بەرپرس بەشی كۆمەڵایەتی لەڕێكخراوی خانزاد كارمدەكرد ، لەپێناو پارێزگاریكردن لەمافەكانی ژنان ، یەكێك لەپرۆژە تایبەت ودیارەكانی ئەم ڕێكخراوە كاری ڕاستەوخۆ بوو بۆژنانی نێو گرتوخانە بەشی تەسفیرات (واتە بەرلەحوكم ، ماوەی دەستگیركردنەكەیان نابێت لەسێ مانگ تێپەڕێت ) ، بەڵام كاتێ من ڕومكردە ئەم بەڕێوەبەرایەتیەو گوێم بۆسكاڵاو داخوازی كێشەكانی ژنان گرت بۆم دەركەوت ژنانێك لەم گرتوخانەیەدا هەن بێ ئەوەی هیچ كەس بزانێو لێی بەئاگابێت ، هەریەكەیان بۆماوەی (1،2،4) ساڵ لەو گرتوخانەیەدا گوزەردەكەن ودادگایش نەكراون ، لەلایەن زۆرینەی پاسەوان و كاربەدەست و پۆلیسەوە ئیستغلال دەكران وسوكایەتیان پێدەكرا ، ئەمە جگەلەوەی هیچكام لەڕێكخراوەكانی ژنان بەڕێكەوتیش ڕێیان نەدەكەوتە ئەم شوێنە وتەنانەت پێشیان وابو ژن نابێت بەندبێت ، ئەگەر بەندكرا دیارە زۆر تاوانبارەو دەبێت لێی دوربكەویتەوە ، ئێمە لەخانزاد پلانی كارمان ڕولە چین وتوێژە پەراوێزخراوەكان بكەین ، چونكە زۆرن ئەوانەی كار بۆڕیكلامی ڕۆژنامەكان دەكەن و بەشێكی زۆریش لەوژنانە لەپشتی دیوارەكانەوە حەشاردرابوون وڕۆژانە سوكایەتیان پێدەكرێت و كەس لێیان ناپرسێت، لێرەوە تێگەشتم ڕۆژانە ژنان دەستگیردەكرێن و بەردەوام دووبارە دەبنەوەو وەك ئەوەی لەبازنەیەكی بەتاڵدا بخولێنەوە ئەوەش بەتاوانی لەشفرۆشی وخیانە زەوجی ، دیارە ژنیش مرۆڤە وەك پیاو تاوان دەكات، بەڵام پرسیارو ڕامان لێرەوە دەستی پێكرد بۆمن .
1 – بۆلەشفرۆشێك دەگیرێت كەچی كڕیارەكەی ئازاد دەكرێت بەمەرجێ بەشدارن لەیەكپرۆسەدا ؟
2 – بۆچی هەمو خەڵك بەمنیشەوە لەشفرۆش بەتاوانبارو قێزەون دەبینێ وبێ ئەوەی زانیبێتمان بۆوادەكات ؟
3 – بۆچی هەمومان واتێگەشتوین لەشفرۆش تەنها لەپێناو باری ئابوریدایەو ئەوانەشی پێی هەڵدەستن چینی نەخوێندەوارن ؟
4 – بۆچی كۆمەڵگە لەیاسا خراپتر تەنها سەرزەنشت وئیدانەی لەشفرۆشیار دەكات وكەسێك باسی كڕیارناكات ؟
ئەمانەو چەندین پرسیاری تر ڕۆژانە لەدەرگای ڕۆحمان دەدات وبەردەوام دەمویست كەسانێك تێبگەیەنم ڕاستیەكان شاراوەن وئەوەنیە دەیزانین … نیگەران بوم كەس ئامادەنەبو بێت لەگەڵمدا كار بۆئەو نوخبەیە بكات ، سەیرترین كارەساتم لەوەدا بەدی دەكرد ئەو كەسانەی دەگیرێن كێ لەپشت كارەكەیەوەیە كێ كڕیارەو كێ سەرۆك باندە ؟
پرسیار : ئایا ئەمە هەنگاوێكی نوێ نەبو لەكۆمەڵگای كوردیدا دەست ببەین بۆئەم كارە بەتایبەتی لەلایەن ژنێكەوە ؟ ئایا ڕوبەڕوی هیچ ئاستەنگێك نەبویتەوە یان تانەو تەشەرلێنەدرا لەبری دەستخۆشی ؟ واتە شكاندنی ئەم تابووە قورس نەبوو ؟
خەندان حەمە جەزا : شكاندنی دیواری تاوبوو لەنێو كۆمەڵگای نێر سالاریدا هەروا سادەو ئاسان نیە بەتایبەتی بۆمنێك كەخۆم ژن بووم ، تاومدابووە ئاگرو لەبری گەمە بۆخۆم دەملاواندەوەو لەئامێزم گرت بوو لەهەرچواردەوریشم بەنزین بوو … بەڵام نەمویست كۆڵبدەم لەیەكەم ڕۆژەوە دەستمكرد بەكۆكردنەوەی دیكۆمێنتەكان ودانپێدانانی بەندكراوەكان لەسەر لەشفرۆشی و خیانەی زەوجی وكڕیارەكان وتاوای لێهات تێگەشتم سەرۆكی باندیش هەیە ، جگە لەوەش ئەو ماڵانەی ئەجهازی منداڵی تێدا دەكەن و پەردەی كچێنی تیائەدورنەوە ، ئەو جێگایانە بنكەی گەیاندن و دۆزینەوەی ئەو كارەن بۆمێینە و … هتد .
ئەم كارە پێشینەی هەبو لای من شتێك بوو بەردەوام ویژدانمی ئازاردەدا ساڵی 1993-1994 كارم لەسەر منداڵانی سەرجادە دەكرد ، ئا لەو كاتەوە شەوانە كاتژمێر 2 دەچومە سەرشەقامەكان و دنیایەك ترسو دڵە ڕاوكێ خراپی بارودۆخی سیاسی وئابوری و نەبونی تروسكەیەك ڕۆشنایی لەتەواوی شاردا لەپاڵ ئەمانەدا سەدان منداڵ ئیختیصاب دەكرانو دەكرانە شەوچەرەی ماڵە دەوڵەمەندو تەنانەت بەرپرس وكاربەدەست و خەڵكی( هۆمۆ ) ئیتر هەستمكرد هەگبەكەم ڕۆژ لەڕۆژ پڕترو پڕتر دەبێت لەخروقات و تاوانی شاراوە ، ئەوانە تراژیدیای نەبینراو نەبیستراو بوون بۆمن .
شارێك لەدوای جەنگی دورو درێژو شەڕی ناوخۆو بێ كارەبا و برسێتی وترس چی تیادەكرێت هەمو شەوێ ، منداڵانی بێ سەرپەرشت لەبری سوپاسگوزاری بۆ باوك و برا و كەسوكاری شەهیدان دەیان بردن لەبری لە فەیەك قاورمە فێری سێكسیان دەكردن ، هەمیشە دەنگی ئەو منداڵە لەگوێمدا بەئاگام دێنێ و بەچرپە پێم دەڵێت : زۆر برسیم بوو زۆریش سەرمام بوو قاورمەكەی بۆكڕیم لەگەڵ یەكەم پارو پێی وتم پشتم تێكە خۆنان بەبەلاش نیە .
بەئەندازەیەك دیكۆمێنتەكان زیادی كرد لێیان دەترسامو ڕایان دەچڵەكاندم ونەمدەزانی كەی دەتەقمەوە سەرئەنجام كارەكەم بو بەدوادا چونەكان ، فەلسەفەیەكیان فێركردم ئەوەبوو تێگەشتم ( هەمو كۆمەڵگا نەرێی لێدەكات و نیوەی زیاتر مومارەسەی دەكات بەهەمو چین و توێژەكانیەوە ) هەرئەمە بوو هانی دام دەبێ ئەو تابووە بشكێنم و ئەوەی من دەیزانم و خەڵكیش بزانێت تاچیتر پێمان وانەبێت هەمو دنیا بێ ئەخلاقەو تەنها میلەتی كورد پاكە ، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگ بوو وەك توێژینەوەیە ئەمكارە بخەمە بەردەست خوێنەر ، كارێك بێت كڕیار وەك قوربانی فرۆشیار وەك نەخۆش چارەسەربكات .
پێویست بوو كۆمەڵگا تێبگات شتێكی مەحاڵ و سەیرنیە كۆمەڵگای كوردیش تاكی هۆمۆی تیادایە ودەبێت كاریان لەسەر بكرێت ، ئیتر تانەوتەشەرو قبوڵنەكردنی كاری من هەرلەو سەردەمەوە دەستی پێكرد كەدەچومە جادەو چاوم بەلواگ ومنداڵان وژنانی شێت دەكەوت بەسەدان جار دەبووە شەڕم و چەندین ئیهانەو قسەی ناشیرینم پێدەوترا ، ئەمە جگە لە نێو گرتوخانەكاندا بەردەوام لەلایەن زابت و ڕائیدو پۆلیسەوە ئیهانە دەكرام و زۆربەتانەوتەشەرەوە پێیان دەوتم سەرۆك باندت بۆ چیە بەتەنیا قسەی لەگەڵ دەكەی ئەگەر بەرژەوەندی خۆتی تیانەبێت …؟ بۆ هەر چاوپێكەوتنێكی لەشفرۆش و كڕیارو سەرۆك باند بەدرێژای 8 ساڵ من تانەم لێدرا ، بەڵام پەیامێكی گەورەم پێبو نەدەبو بۆی بگریم و شكست بێنم دەبو خەباتی بۆبكەم ، دەبێت باس لەئازایەتی و پشتگیری دەوروبەرەكەم بكەم ، چونكە هاوسەرو هاوڕێ و خانەوادەكەم پێ بەپێی من تانەو تەشەریان لێدەدرا جۆرەها هەڕەشەش لەڕێی ئەوانەوە لێم دەكرا تائەوان بترسن و ڕێم لێبگرن گرنگ ئەوەبوو پەیامەكەم گەیاند .
پرسیار : بەبۆچونی تۆ هۆكاری لەشفرۆشی چیە لەكوردستاندا ؟ ئایا مادە تاچەند هۆكارە بۆئەو حاڵەتە ؟
خەندان حەمە جەزا : دیارە هۆكارەكان زۆرن هەروەك لەكتێبەكەدا باسمكردووە ، بەڵام چەند خاڵێك جێی سەرەنجی منە لێرەدا :
1- نەگەیشتنی مرۆڤایەتی بەكۆمەڵگایەك مرۆڤ تیایدا سەردارو سەروەر بێت نەك یەكێك لەڕەگەزەكانی خاوەن سەروەری وباڵابێت، واتە كۆمەڵگای یەكسان.
2- كەڵەكەبونی دەگمەنی سێكس هۆكارێكە بۆسەرهەڵدانی لەشفرۆشی، لەكۆمەڵگایەكدا بەتەواوەتی ئارەزوی سێكسی كەبت كرابێت ئەوا مرۆڤ بەشێوە ئاژەڵیەكەی بیر لەسێكس دەكاتەوە.
3- پرۆسەی هاوسەرگیری وفۆڕمی تەقلیدی خێزان لەكۆمەڵگای ئێمەدا جێگای عادە سڕی گرتووەتەوە تائەوەی ئارامگایەك بێت بۆدەربڕینی خۆشەویستی وئاوێتە بەسێكس.
4- لاوازی پەروەردەی سێكسی نەبونی بەختیاری سێكسی لەچوارچێوەی خێزاندا.
5- بەرزی ئاستی گەندەڵی عێراق بە19هەمین ووڵات هەژماردەكرێت، كوردستان هەرزۆر خراپترە.
6- كرانەوەی بازاڕەكانی كوردستان بەدنیای دەرەوەو هەڵئاوسانی باری ئابوری ونەبونی چاودێری پێویست.
7- بێ لانەیی وبێپشتیوانی لەلایەن كەلتورو دامەزراوە حكومی وئاینی وكۆمەڵایەتیەكان بۆژنان یان منداڵان.
8- نزمی ئاستی خوێندەواری وتوندوتیژی ناو خێزان.
9- مامەڵەی هەڵە لەگەڵ قوربانیانی خاوەن كێشە.
10- پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا هاوكات پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی ومرۆیی لەگەڵدانەبێت ئەوا زیانیكی گەورە دەگەیەنێت.
11- تابازاڕی كارو سەرمایە بێ سنوری سەیری قازانج بكات كێشەی لەشفرۆشی وبازرگانی بەجەستەی مرۆڤەوە بنەبڕ ناكرێت.
12- نێر بەردەوام هەمو غەریزە مەعریفی ونامەعریفیەكانی بۆلەخشتەبردنی ڕەگەزی بەكاردەهێنێت.
13- جەنگی خۆنەویستی وشەڕی بەردەوام یەكێكە لەهۆكارو مەترسیەكانی سەرهەڵدانی برسێتیو هەژاری وبازرگانی بەمرۆڤەوە، بەهۆی لێكترازان ولەبەریەك هەڵوەشاندنی سەرەكیترین دامەزراوەی پەروەردەی كۆمەڵ ئەویش خێزانە.
پرسیار : لەنوسینی ئەم كتێبەوە یان ئەو توێژینەوەی كردوتە سایكۆلۆژیای كەسی لەشفرۆش چۆن هەڵدەسەنگێنی ؟ ئایا ئەو كەسانەی لەشفرۆشن تاچەند سایكۆلۆژیایەكی تەندروستیان هەیە ؟
خەندان حەمە جەزا : دەكرێت بڵێن سێكس بۆخۆی لەووڵاتی ئێمە تاوانە چونكە ناموسی پێوەبەندە ، جاهەرشتێ بەتاوان بینراو بیسترا ئەوا مرۆڤ بەشاراوەیی پەنای بۆدەبات كەوا بەردەوام لەدڵەڕاوكێ وترسدا گوزەر دەكات ، وەك لەشفرۆشەكان بەگشتی دەیانووت شەو نیە سەدجار دانەچڵەكێین … بەردەوام خەو بەباوك وبراو مێردو خاڵ تەنانەت پیاوی دراوسێكەشمان لەخەودا لێدەبێتە ئەسحابە ولەبری خوا لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەكەن ، كەچی بەیانی هەرئەوان دێن …… دەكەن ، بۆیە :
A – چواریەكی ژنان لەماوەی ژیانیاندا ئیختصاب دەكرێن .
B – سێیەكی هەموو مێینەكان و شەش یەكی هەمو نێرینەكان لەسەردەمی منداڵیدا تەعەدای سێكسیان لێدەكرێت .
C – پێنج یەكی هەمو ژنان نەخۆشیان بۆدەگوێزرێتەوە لەڕێگەی سێكسەوە .
D – دوو پێنجی هەرژنێ دوو چاری بەراوێتە دەبێت .
E – لەكۆی هەربیست پیاو پیاوێك هەیە بەشێوەی نادروست سێكس دەكات ( لەدواوە ) .
F – پێنج یەكی ژنان و دەیەكی پیاوان هەست بەشادمانی ژیانی سێكسی خۆیان ناكەن .
G – لەهەمو دە ژنێكی لەشفرۆش هەشتیان هەوڵی خۆكوشتن دەدات وهەموشیان بیرلە خۆكوشتن دەكەنەوە .
H – كەسێك نیە لەشفرۆشی بكات و بتوانێت بەشێوەیەكی ئاسایی و تەندروست لەگەڵ یەكێكی تردا مومارەسەی خۆشەویستی بكات ، چ لەڕوی كۆمەلایەتیەوە چ لەڕوی دەرونیەوە .
J – هەمو لەشفرۆشێك بەجۆرێك ڕقو تۆڵە لەبەشێكی گەورە لەبیركردنەوەیان داگیردەكات .
K – هیچ لەشفرۆشێك نیە قێز لەخۆی نەكاتەوەو ڕقی لەخۆی نەبێت تەنانەت بەوانەشەوە كەخۆیان ئارەزویانە .
جگەلەم خاڵانە زۆرشتی ترهەن كەوابێ دەبێت سایكۆلۆژیای كەسی لەشفرۆش چۆن بێت ؟ من كەسم نەبینی بەدرێژای ئەو 8 ساڵەو سەدەهام دوواند هەست بەئارامی بكات یان ئومێدی هەبێت بەداهاتوو . وەك خۆیان دەیانووت ژیان وەك خۆڵەمێش دەبینین هەر بە نەرمە بایەك بەئاسماندا دەڕوات مەحاڵە كۆببێتەوە .
پرسیار : هەندێكجار خەڵك گومان دەكات لەو بەدواداچونانەی لەسەر لەشفرۆشی دەكرێت ، ئەم دیدارانەی لەكتێبەكەدا هەیە تاچەند واقیعیە ؟
خەندان حەمە جەزا : بۆمنیش سەرەتا وابوو بڕوام نەبو تائەو ئاستە بازاڕی بازرگانی لەكۆمەڵگای ئێمەدا بەمرۆڤەوە گەرم بێت ، بەڵام بەدواداچونی زۆر چڕوپڕووماوەیەكی زۆر بونە شایەتحاڵ و دەستكەوتنی سەدەها دیكۆمێنت ، زۆر شتم دیوە بەرپرسی واهەن ژنیان ئیستغلال كردووە خەڵك بەئەسحابەی دەزانن ، بۆنمونە من ژنێك باسی بەرپرسێكی بۆكردم بەهیچ جۆرێك بڕوام نەبوو ، وەك خۆی دەیووت ( من لەگەڵ ئەودام پێنج ژمارە تەلەفونیم پێیە ) هەرلەبەردەم مندا تەلەفونی بۆكردوو تەنانەت باسی زۆر شتی سەیری كرد منی توشی شۆك كرد ، ئەگەر من یان كەسێكی تر بمانەوێت بۆكارێكی مرۆڤ دۆستانە بیبینین دەبێت ساڵێ واستەبكەین و سەرەش بگرین ، پێم سەیربوو ئەم ژنە چۆن بەو بەرپرسە گەشتووە وتی لەڕێگەی بەرپرسی پاسەوانەكانیەوە بووە … ( مامزی ) هێنا من بۆی بەخێو بكەم ، ئەگەرچی پێشتر بەرپرسی پاسەوانەكانی دەهاتەلام ئیتر بەرەبەرە كاك ….. یش دەهات سەرلەمامزەكانی بدات من پێم داگرت وانیە ئەو هەندێ وێنەی پیشاندام .
بەرپرس هەیە لەسەر قسەی لەشفرۆشێك سەری بۆیاخ دەكرد ( لەگەڵ حورمەتم بۆلەشفرۆشەكە ) بۆماوەیەكی دورو درێژ نەدەڕۆشتەوە بۆ ماڵی خۆیان تاسەری كاڵدەبوەوە .
بەرپرس هەبووە دەهەزار دۆلاری داوە بە لەشفرۆشێك بۆئەوەی نەشتەرگەری جوانكاری بكات ، پاشان ڕۆشتووە بۆئەردەن و سوریا پارەی فڕۆكەشی بۆ داوە لەمەلهاكان بەسەر خۆشی وێنەی بەرپرسەكەی گرتووە ، یان لەچەندین ئاهەنگی شەوان لەمەسیفەكان وكابینەكان . بەڵێ كۆمەڵگا زۆر لەوەش خراپترە ئەوەی من لەكتێبەكەمدا باسمكردووە یەك لەسەر پێنجی ڕاستیەكانە ، حەزیش دەكەم خوێنەر لەوە دڵنیاكەم هیچ یەك لەو كڕیارانە بەئیعتیبار وەرنەگیراوە گەر لە 10جار كەمتر لای فرۆشیارەكان ناوی نەهاتبێ ، جگەلەوەی زۆرینەی لەڕێگەی مۆبایلی لەشفرۆشەكان دەنگیان تۆماركراوە یان وێنەیان گیراوە ، من زۆر خاترم گرتون زۆریش لە ڕاستیەكانم نەدركاندووە ، زۆریش قورس نیە دەستكەوتنی ئەو زانیاریانە ، چونكە فرۆشیار كاتێ هەستدەكات بەپێی پێوانەكانی ئەو كۆمەڵگایە بەها ئەخلاقیەكانی لەدەستداوە ، بۆئەوەی بەمن وتۆش بڵێ منیش كەم نیم ڕاستە فرۆشیارم بەس فڵانەكەس كڕیارەكەمە ، بێ ترسو زۆریش هەوڵدەدات جۆرەها دیكۆمێنتت پیشانبدات تابڕوابكەی . جالەبەرئەوە دڵنیاتان دەكەمەوە زۆر لەوە زیاترە من هێشتا ئۆقیانوسی پڕلە نهێنیم دەرنەخستووەو كاتی ماوە .
پرسیار : خیانەتی هاوسەری تاچەند كاریگەری هەیە لەسەر دروستكردنی كەسی لەشفرۆش ؟ ئایا لەم حاڵەتەدا هەر ژن تاوانبارە ؟
خەندان حەمە جەزا : كاریگەری زۆرە ، بەڵام لەم باسە كورتەدا من ناتوانم تێروتەسەل باسی بكەم ، من وەك پێشتر باسمكرد بەدرێژایی ئەو 8 ساڵە دانپێدانانی لەشفرۆشی و خیانە زەوجیم وەك یەك كۆدەكردەوە ، چونكە پلانم هەبو ئەویش بخەمە بەردەست خوێنەر وەك توێژینەوەیەك ، بەڵام ئەو دەرئەنجامەی من پێی گەشتوم زۆر قورسە بۆتێگەیشتنی ئەم كۆمەڵگایە ، بۆنمونە من ئەگەر بڵێم خیانەی زەوجی نیە دەبێت ووشەیەكی تری بۆبدۆزمەوە ، چونكە شتێك نیە ناوی خیانەت بێت ، بەڵكو پێداویستیەكی مرۆڤەكانەو لەژندا لەخۆشەویستی و لەپیاودا بەسێكس بەرجەستە دەبێت ، لەهەمو دنیاش وایە پیاو بەشوێن سێكسدا دەگەڕێت و ژنیش بەدوای خۆشەویستی ، ئەمە زۆرنۆرمەلە بەمانا فەلسەفیەكەی گەر تاك داماڵین لەئاین ولەكەلتورو یاساو ڕێسا ئاسمانی و سروشتیەكان خاڵی لەهەمو شتێكی دەستكرد وەك سروشتی مرۆڤ ئەوانەتاوانەو نەسەیرەو مافی خۆیەتی چی دەخوازێت چۆن ئارام دەبێت ، بەڵام ئەمە زۆر قوڵترە لەم باسە دەزانم خوێنەر هەڵە تێدەگات ، دەبێت بزانین هەمیشە مرۆڤ بەشوێن پرسیارێكی بێ وەڵامدا دەگەڕێت ، سێكس تایبەتمەندیەكی خۆی هەیەو دنیایەكە لەفەنتازیاو جوانی هەرئەوە نیە ئەندامێكی سێكسی دامركێنێت ، بەڵكو هەمو شتێكە لەدەوروبەر بۆن ، هەناسە ، دەنگ ، لەمس ، تەنانەت تروكاندنی چاو شێوازی جوڵەی لێوەكانو تاڵی قژەكان كاریگەریان هەیە لەسەر سێكس لەكاتی مومارەسەكردندا ، كەواتە زوو تێردەبێت و بێزار دەبێت لەیەك جۆر بینین و یەك و …. هتد ، واتە مرۆڤ بونەوەرێكی عەجولە دەخوازێ بەهەموو حەزەكانی بگات جاچ ژن بێت یان پیاو ، ناكرێت بڵێین بەس ژن تاوانبارە بەبۆچونی من كەسیان وەك سروشت تاوانبارنین ، وەك عورف و كەلتورو یاسا ئەوا بەس ژن بەتاوانبار دەبینرێت وەك ئاینیش بەهەردوكیان دەوترێت تاوان ( زینا ) ، بەڵام وەك سزا چ وەك یاسا یان ئاین ژن زیاتر سزا دەدرێت . زۆرێك لەژنان لەڕقی مێردەكانیان خودەدەنە پیاو تاخۆشەویستیان لێدەستكەوێت ، دواتر دەبێتە سێكس و زۆرجاریش ئەو پیاوانە بارەگای حەزیان دەگوێزنەوە ، چونكە ئەوان جگەلەسێكس هیچی تریان نەویستووە بۆیە ئەو ژنە جێدەهێڵن و ئەوكاتە ژنەكە زۆر تەنیا دەبێت مێرد تەڵاقی دەدات بەناوی خیانەتی زەوجی خۆشەویستەكەی جێیدەهێڵێت و كۆمەڵگا نەفرەتی لێدەكات ، ئیتر بەناچاری دەكەوێتە بازاڕی لەشفرۆشی هەم بۆنان پەیداكردن و هەم بۆدەسكەوتنی خۆشەویستی كەبەشێكی گەورەیە لەپێداویستی مرۆڤ .
پرسیار : یەكێك لەو ژنانەی كەچاوپێكەوتنت لەگەڵ كردووە ، دەڵێت : هیچ ژنێ بێ ئەخلاق نیە ، ئەگەر باوك و برا و مێر فێری نەكات ئەمە تا چەند واقیعیە ؟
خەندان حەمە جەزا : گەرچی زۆرێك لەژنان مێرد یان باوك یان برا خستونیەتە ئەم بازاڕەوە ، بەڵام من بەگشتی دەڵێم سەرجەم لەشفرۆشان باوك و برا و پیاوانی عەشیرەت و خێزان ناڕاستەوخۆ هانیان دەدەن و دەیان خەنە ئەم بازاڕە ، كەلتوری پیاوسالاری ئەوەندە ڕیشەی ئەستورە لەناو پەروەردەی خێزان و سەرشەقام و كۆمەڵگادا كەڕۆژانە مرۆڤی سادیست بۆبەرهەم دێنن ، كەچی بەس ژن باجەكەی دەدات ، ژنی فرۆشیار شوناسی بەد ڕەوشتی پێدەفرۆشرێ و كڕیاریش ئافەرینی هێزی ئەندامی سێكسی .
پرسیار : ئایا ئەم ژنانە بەكار ناهێنرێت بۆسیخوڕی كردن لەلایەن دەزگا هەواڵگریەكانی كوردستانەوە ؟
خەندان حەمە جەزا : مادام غەریزەكانی بەڕێوەبەرانی كۆمەڵگا بەڕێوەمان دەبەن ، كەواتە بەڵێ زۆر ژن بۆكاری سیخوڕی بەكاریان دەهێنان و جگەلەوەی خۆیان لەسەر لاشەو جەستەی بێ تاوانی ئەوان بەتاڵدەكردەوە بەتایبەت لەكاتی شەڕی ناوخۆدا بەكاریشیان دەهێنان بۆ سیخوڕی ، بەڕاستی ئەم پرسیارە زۆر قوڵ دەمگریەنێت ، كەیەكەیەكە سیمای زەرد هەڵگەڕاوی ئەو ژنانەم دێتەوە یاد چ كاروچالاكیەكی نامرۆڤانەیان پێدەسپاردن ، دواتریش هەرخۆیان دەیان كوشتن نەبادا نهێنیەكە بدركێنن ، ئەم بیرەوەریانە برینێكی زۆر بەئێشن بۆمن ، ئەوساتەی دەبینم بەرپرسانی هەردو حیزبەكە بەتەنیشت یەكەوە پێدەكەنن و بەخەم یەكەوەن ، من نازانم پێبكەنم یان بگریم .
پرسیار : نەریت وعاداتی ناوچەكانی كوردستان تاچەند هۆكار بووە بۆبەربڵاو لەشفرۆشی ؟ یان چونە زیندانی ژنانەوە جارێكی تر پەرەی بەلەشفرۆشی نەداوە ؟
خەندان حەمە جەزا : زۆر قسەمان لەسەر كەلتورو دابو نەریت كردووە ، وەك زیندانیش من زۆر ڕاشكاوانە باسم كردووەو لەكاتی خۆشیدا جەختم زۆر كرد لەسەر ئەو خاڵە تاخۆشبەختانە كاك عوسمان وەزیری ناوخۆ داواكەی جێبەجێ كردین .
گرتوخانە بازاڕێكی ناشەرعی ئەوكارە بوو ، چونكە هەمو خاوەن كێشەیەك لەوێدا لەیەك ژور دەست بەسەرن بەهەمو مادەكانەوە بەتێكەڵی ( دزی ، فێڵ ، شەڕ ، لەشفرۆشی ، تەنانەت شێت ) ، بەڵام ئێستا لەگرتوخانەی سلێمانی ژورەكانیان جیایە ، من لەوكاتەدا دكتۆر یادگار وەزیری تەندروستی بوو چومە لای داوامكرد ژنێكی شێت لەگرتوخانەیە هەرجارەو سەرۆك باندێك كەفالەتی بۆدەكات و دەیبات كاری پێدەكات ، دواتر بەرەڵای دەكەنەوە سەرشەقام و دەگیرێتەوە ، پاش زۆر گفتوگۆ پێی وتم تۆ لە خەیاڵا دەژیت ئێمە نەخۆشخانەی ئەقڵیمان نیە دەبێت هەرسجن بێت خۆمن نایبەمەوە ماڵەكەی خۆم ، ناتوانم ئەو تراژیدیایانە لەبیركەم بۆنمونە كچێكی ناوچەی گەرمیان لەسەر شەڕی ئاو لەگەڵ یەكێكی گەڕەك گیرابوو ، بەڵام بەهۆی كەلتورو دابونەریتی كۆمەڵگاو خێزان بۆیان شەرم بوو بێنە سەردانی و كەفالەتی بۆ بكەن ، باوكی دەیوت بەریش بێت دەیكوژم مادام سجنی بینی ، تەنها لەبەر نەبونی كەفیل چوارمانگ مایەوە ، تاسەرۆك باندێك كەفالەتی بۆكردو بردیەوە بۆلای خۆی ، دوای حەوت مانگ من دیسان لەسجن بینیمەوە ، بەڵام سەد مەخابن لەنێو ماڵی لەشفرۆشیدا دەستگیر كرابوو ئیتر نەیتوانی گەرمیان بەچاو ببینێتەوە ، ئەكرێت بڵێم ژیانی هەریەكە لە ژن وكچان من بینم بەتەنها ڕۆمانێكن .
پرسیار : هەتا ئێستا لەپەرلەمانی كوردستان یاسایەك دەرنەچووە چ بۆڕێگرتن بێت یان بۆڕێكخستنی ئەم كارە ، بەبۆچونی تۆ ئەم یاسایە تاچەند پێویستە ؟
خەندان حەمە جەزا : پەرلەمان بۆیە هەوڵنادات بۆهەمواركردنی یان دەركردنی یاسایەك تایبەت بەم دیاردەیە ، چونكە هەركات ئەوەی كرد واتە دانی ناوە بەبونی ئەو دیاردەیەدا كەلەشفرۆشی و بازرگانی بەجەستەی مرۆڤەوە بونی هەیە لەكوردستا ن، كاك زانا ئەندام پەرلەمان پاش كتێبەكەی من هەوڵیدا كار لەسەر ئەو مەسەلەیە بكات ، هەڵسا بەداڕشتنی یاسایەك دژ بەبازرگانی مرۆڤ 42 ئەندام پەرلەمان ئیمزایان كردووە كەچی پەرلەمان ڕەتیان كردەوە كەئەو دیاردەیە هەبێت ، هەروەك چۆن دان بەخەتەنەكردنی كچاندا نانێن ، بەڕای من جگە لە هەندێ ئەندام پەرلەمان ئەوانی تریان بڕۆنە بارگەو بنكە كۆمەڵایەتیەكان سوڵحی عەشایەری بكەن زۆرباشترە تادرۆ لەگەڵ ئەو میلەتە بكەن .
پرسیار : ئێوە لەكتێبەكەتان زیاتر كەسەكانتان لەناو زیندان دواندووە ، ڕەنگە لەدەرەوەش كەسانێكی زۆر هەبێت ئەم كارە بكات بۆپەناتان بۆدەرەوەش نەبردووە ؟
خەندان حەمە جەزا : ڕاستە ئەوەی وەك سەمپڵێك خراوەتە بەرچاو لەكتێبی ئۆقیانوسێك لەتاوان زیاتر هی گرتوخانەكانن ، بەڵام بەسەدان چاوپێكەوتنم كردووە لەگەڵ ژنانی دەرەوە ، بۆمن ئەوە گرنگ بوو لەو نمونانە جیاوازی هۆكارەكان دەربخەم كەیەكێ بەهۆكاری نەبونی ، جەنگ ، بونی شێلتەرەكان ، خێزان ، بەپێچەوانەوە زۆرینەی سەرۆك باندمان لەدەرەوە دەبینی دەماندواندن ، بەڵام گرتوخانە دەرگایەك بۆناسینی ئەوانەی ناگیرێن ، واتە بەهۆی ماسیە بچوكەكانی ناو حەوزەكەوە ماسیە گەورەكانی نێو ئۆقیانوسەكەم دەبینی .
پرسیار : ئەم كتێبەی تۆ ( ئۆقیانوسێك لەتاوان ) ساڵی 2007خەڵاتی باشترین كتێبی پێدراو نزیكەی دەجار چاپكراوەتەوە ، پرسیار ئەوەیە تاچەند لەو باوەڕەدابوی ئەم كتێبە ئەو دەنگدانەوەی هەبێت ؟
خەندان حەمە جەزا : بڕوام هەبو لای خەڵكی ئاسایی پێشوازی دەكرێت ، گەرچی بەخەیاڵی ببینن چونكە من بەچاوی خۆم قوربانیانم دەبینی و بەسەر هاتەكەم دەبیست ، كەچی جاردوای جار زیاتر توشی شۆك دەبووم و بڕوام نەدەكرد ، جا وەرە كەسێك بەس بیخوێنێتەوە بەشێكی كەمیشە لەڕاستیەكان ، بەلام هەرگیز بڕوام نەبوو خەڵات بكرێت ، دیارە خوێندنەوەو تێگەیشتن لەهەدەفی من لیژنەی هەڵسەنگاندن بوون كەواتە ئەوان خەڵاتەكەیان بەخشی بەمن .
پرۆفایل
خەندان محەمەد جەزا لەساڵی 1993 لەڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان كاری كردووە ، بۆیەكەمجار وەك ژن كاری كردووە لەسەر منداڵی سەرجادە ، پاشان كاری كردووە لەگەڵ منداڵپارێزی بەریتانیا بۆژنانی ئەنفال ، لەساڵی 1996- 2008 كاری كردووە وەك بەڕێوەبەر لەڕێكخراوی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی خانزاد سەربەڕێكخراوی هاوكاری ئەڵمانی و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیاری پرۆژەی گرتوخانەو كێشە كۆمەڵایەتیەكانی كردووە ، ئەندامی بۆردی دژ بەتوندو تیژی منداڵان و ژنان بووە ، هەروەها بەشداری لەزۆربەی سیمینارو كۆنفرانسەكانی ناوەوەو دەرەوەی ووڵات بووە .