سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ئاماژه به‌وه ده‌كات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌ك ده‌نك حه‌بی نه‌داوه بە‌بریندارانی چه‌كی كیمیایی. ئه‌و ده‌ڵێت “به‌هۆی نه‌بونی چاره‌سه‌ری پزیشكی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ساڵانه شه‌ش بۆ حه‌وت به‌ركه‌وته‌ی چه‌كی كیمیایی گیان له‌ده‌ستده‌ن”.
ئا: مه‌زهه‌ر كه‌ریم
16\3\2018 ، سی ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا، هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان نیگه‌رانن له‌وه‌ی هێشتا برینی برینداره‌كانی ئه‌و كاره‌ساته ساڕێژنه‌بوه‌و هه‌مو ساڵێك له16ی سێ‌دا هه‌ڵه‌بجه بیری كه‌سانێك ده‌كه‌وێته‌وه كه بازرگانی پێوه ده‌كه‌ن.
لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، یه‌كێكه له‌و هاوڵاتیانه‌ی له16/3 /1988 به‌رچه‌كی كیمیایی كه‌وتوه‌و سیه‌كانی‌و هه‌ردو چاوی به‌سه‌ختی برینداربون. وتی “یه‌كه‌م جار (54) به‌ركه‌وته‌ی چه‌كی كیمیایی هه‌بو، به‌ڵام كاتێك له‌لایه‌ن ده‌زگای شه‌هیدانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ژماره‌ی برینداره‌كان كرا، ریژه‌كه به‌رزكرایه‌وه بۆ (972) به‌ركه‌وته، ئه‌و ژماره‌یه به‌پێی راپۆرتی پزیشكی كراون بە‌دو به‌شه‌وه، به‌شێكیان ژیانیان له‌خه‌ته‌ردایه، به‌شه‌كه‌ی دیكه ژیانیان ئاساییه”.
سه‌باره‌ت بە‌مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی برینداره‌كانیش وتی “له‌ساڵی 2003وه تا ئه‌مڕۆ سه‌دو چوار به‌ركه‌وته گیانیان له‌ده‌ستداوه. نیگه‌رانیه‌كانی ئێمه ئه‌وه‌یه وه‌ك پێویست له‌برینداره‌كان ناپرسنه‌وه. ئه‌گه‌ر برینداره‌كه چاره‌سه‌ره‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی بۆ بكرێت، ئه‌وكات بشمرێت خۆمان به‌تاوه‌نبار نازانن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر برینداره‌كه له‌چوار چێوه‌ی دیوارێكدا به‌جێ بهێڵرێت‌و چاره‌سه‌ری بۆ نه‌كرێت‌و بمرێت چی؟ ئه‌مه جێگه‌ی پرسیاره. ساڵی پار دو بریندارمان هه‌بو ژیانیان زۆر خراپ بو. به‌داخه‌وه یه‌كیان گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌وی دیكه‌یان ئێستا له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت. به‌داخه‌وه ژماره‌یه‌ك له‌به‌ركه‌وته‌كان له‌رێگه‌ی ئۆكسجینه‌وه هه‌ناسه ده‌ده‌ن ژیانیان له‌خه‌ته‌ردایه”.
ئه‌وه‌شی وت “ساڵانه شه‌ش بۆ حه‌وت برینداری به‌ركه‌وته‌ی چه‌كی كیمیایی له‌وه‌رزی جیاوازدا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، كاته‌كانیش وه‌رزی هاوین‌و زستانن. كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دانیان ناتوانێ به‌رگه‌ی سه‌رماو گه‌رمای زۆر بگرێت”.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت چیكردوه بۆ به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیایی وتی “ئه‌گه‌ر بڵێین حكومه‌ت هیچی نه‌كردوه، كۆمه‌ڵێك ژماره ده‌خاته به‌رچاو ده‌ڵێت من ئه‌م كارانه‌م بۆ به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیایی كردوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێیت به‌ركه‌وتوه‌كان ببینیت به‌بڕوای من خزمه‌ت نه‌بوه له‌كۆڵ كردنه‌وه بوه. حكومه‌تی هه‌رێم پاره‌ی خستۆته به‌رده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌هیدان‌و ئه‌نفال كراوان. ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه تایبه‌ت نیه به‌بریندارانی چه‌كی كیمیایی. ئه‌و هه‌نگاوه هه‌ڵه‌بوه، هه‌ر وه‌جبه‌یه‌ك چوار تا پێنج كه‌سی ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كردوه بۆ گیرفان پڕكردنی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك بوه”.
ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت “قوربانیه‌كان له‌ڕێگه‌ی پاسه‌وه ره‌وانه‌ی تاران ده‌كرێن هه‌ژده كاتژمێر له‌ئۆتۆمبیلدان. هاوڵاتیه‌كی ته‌ندروستیش هه‌ژده كاتژمێر له‌ئۆتۆمبیلدابێت نه‌خۆش ده‌كه‌وێت، جا وه‌ره كه‌سێكی به‌ركه‌وته. خه‌ڵكانێك هه‌بون دو جار بۆنه‌ته قوربانی. نا دادپه‌روه‌ریه‌كی زۆر له‌كه‌یسه‌كاندا هه‌یه. خه‌ڵكێك هه‌یه بریندار نیه له‌ناو لیستی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاییدایه، كه‌چی خه‌ڵكێك هه‌یه پێویسته ببرێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ چاره‌سه‌ر نابرێت. ئه‌و لایه‌نه‌ی كاره‌كان ده‌كات ناتوانێت هه‌ڵسه‌نگاندن بكات. دواتر ئه‌و پرسه دراوه‌ته ده‌ست وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، ئه‌وه‌ی نیگه‌رانی ئێمه‌یه تائێستا ئه‌و وه‌زاره‌ته یه‌ك پاراسیتۆڵی بۆ نه‌خۆشێكمان په‌یدا نه‌كردوه”.
عه‌لی محمود یه‌كێكی دیكه‌یه له‌بریندارانی چه‌كی كیمیایی كه بە‌ئۆكسجین هه‌ناسه‌ده‌دات‌و له‌ماڵه‌وه له‌سه‌ر جێگه كه‌وتوه. ئه‌و ده‌ڵێت “جارێك بۆ چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كراوم، به‌ڵام ئه‌وه كیفایه‌ت نیه. به‌رده‌وام به‌حه‌ب‌و ده‌رمان‌و ئۆكسجین ده‌ژیم، به‌رده‌وام پێویستم به‌چاره‌سه‌ری ده‌ره‌وه هه‌یه، به‌ڵام له‌ساڵی 2015وه حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كی نه‌كردوم. دو ساڵ پێش ئێستا له‌سه‌ر ئه‌ركی برایه‌كم بۆ چاره‌سه‌ر چومه‌ته وڵاتی ئێران. ئێستا به‌رده‌وام هه‌مو مانگێگ سه‌ردانی پزیشك ده‌كه‌م، هه‌مو شه‌و‌و رۆژێك حه‌وت ده‌نك حه‌ب ده‌خۆم، به‌بێ به‌كارهێنانی ده‌رمان‌و ئۆكسجین ناتوانم بژیم”.
كه‌ژاڵ خالید، له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانه‌وه ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ عه‌لی محمود پێكهێناوه، خاوه‌نی سێ كوڕ‌و دو كچن. ئه‌و باسی ژیانی هاوسه‌ره‌كه‌ی كرد‌و وتی “به‌هۆی دۆخی خراپی ته‌ندروستی هاوسه‌ركه‌مه‌وه ناتوانم بچمه‌وه بۆماڵی باوكم، چونكه به‌هۆی به‌ركه‌وتنی چه‌كی كیمیایی مێشكی‌و سیه‌كانی باش كارناكات، له‌ڕێگه‌ی ئۆكسجینه‌وه هه‌ناسه‌ده‌دات. به‌رده‌وام توڕه‌ده‌بێت، نایه‌ته قه‌ره‌باڵغی. ده‌بێت به‌رده‌وام له‌ماڵه‌وه چاودێری بكه‌م، ئاگاداری بكه‌م. ماوه‌ی ده ساڵه نه‌متوانیوه شه‌وانه بچمه‌وه بۆ ماڵی باوكم”.
سەرچاوە:ئاوێنە