زۆر لە دایك و باوكان گرفتیان هەیە لەوەی ماڵەكەیان بەردەوام ناڕێكخراو و شپرزەیە، بەشێكی هۆكارەكەش ئەوەیە مناڵەكانیان نازانن چۆن ماڵەكە رێكبخەن و هەستی بەرپرسیارێتییان نییە، راستییەكەش ئەوەیە كە رێكخستنی ماڵ و كەلوپەلەكان بەهرەیەك نییە لەگەڵ لەدایكبوندا هەبێت، بەڵكو رەفتارێكە منداڵ بە پەروەردە فێردەبێت.
بە پێی ماڵپەڕی Parents پێنج هەنگاو یارمەتیی منداڵەكەت دەدات رێكخراو بێت.
1. خۆت نمونە بە پێش ئەوەی ئامۆژگاری بكەیت
منداڵان زیاتر بە رەفتار فێردەبن نەك گوێگرتن، خۆت نمونە بە بۆ منداڵەكەت كە رۆژانە ئەركەكان بە باشی ئەنجامبدەیت، منداڵانیش بە سروشتی ئەم رەفتارە دوبارە دەكەنەوە، وادەچێتە مێشكیانەوە كە رێكخستنی كەلوپەلەكان بەشێكە لە ژیانی رۆژانە.
2. لە تەمەنێكی كەمەوە دەستپێبكە
چاوەڕێ مەكە منداڵەكەت گەورەبێت تا شتەكانی رێكبخات، پێویستە لە تەمەنێكی بچوكەوە دەستپێبكەیت، بەڵام بە پێی تەمەنەكەی، واتە كاتێك خوار 5 ساڵە داوای لێبكە یارییەكانی كۆبكاتەوە، كاتێك خوار 8 ساڵە با سفرەكەت لەگەڵ كۆبكاتەوە و جلەكان بكاتە ناو جلشۆر، بەمشێوەیە بە پێی زیادبونی تەمەنی فێری رێكخستنەكان دەبێت.
3. راهێنانی پێبكە
ئەو هەڵە باوەی دایك و باوكان دەیكەن ئەوەیە خۆیان ئەركەكان لەبری منداڵەكان دەكەن، لەناكاویش چاوەڕێ دەكەن منداڵەكە هەمو شتێك رێكبخات، كاتی پێنادەن فێربێت و رێگەی پێنادەن هەڵە بكات، ئەمەش وادەكات منداڵەكەت هەست بە بەرپرسیارێتی نەكات و چاوەڕێ بكات دایك و باوكی هەمیشە كارەكانی بۆ بكەن.
4. رێكخستنی ماڵ وەكو سزا بەكارمەهێنە
هەڵەیە ئەگەر ئەوكاتەی منداڵەكەت سزا دەدەیت پێی بڵێیت، “لەبەر ئەوەی ئەم هەڵەیەت كرد ژورەكەت خاوێن بكەرەوە یان ماڵەكە رێكبخە”، چونكە ئەگەر رێخستنی ماڵەكە وەكو سزایەك بە منداڵەكەتی بكەیت، رقی لێدەبێتەوە.
5. هانی منداڵەكەت بدە
لەبری ئەوەی هەڕەشەكردن بەكاربهێنیت بۆئەوەی منداڵەكەت یارییەكان كۆبكاتەوە، بە نەرمی داوای لێبكە پاش یاریكردن كۆیبكاتەوە، وشەی ئەرێنی و هاندان یارمەتی دەدات حەز بە كارەكە بكات لەبری ئەوەی لێی بێزاربێت و بۆ رازیكردنی دڵی تۆ بیكات.