كاتێك كە پرۆژە یاسای (چاكسازی خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان) چووە پەرلەمان هەموومان ئومێدێكمان بۆ دروست بوو كە ئەم پرۆژەیە ئەتوانێت كۆتای بە ناعەدالەتی لە پرسی موچە و خانەنشینی پلە باڵاكان بهێنێت بەو پێیەی كە موچەی پەرلەمانتاران كەم دەكرێتەوە و موچەی خانەنشینی فەرمانبەری ئاسای زیاد دەكرێت و هەروەها بۆپلە باڵاكان مەرجی تەمەن و خزمەت دادەنرێت مەبەستی خانەنشین بوونیان.
لەپاڵ ئەوەی كە مەرجی تەمەن و خزمەت بۆ خانەنشینی پەرلەمانتاران دانەنرا كە ئەمە لەخزمەتی پەلەمانتاراندایە وەك چینێكی باڵا موچەی خانەنشینی فەرمانبەرێكی ئاسایش لە ٣٠٠ هەزارەوە دەست پێدەكات كە ئەمەش پارەیەكی زۆر كەمە بە بەراورد بەموچەی خانەنشینی پەرلەمانتارێك كە سەرو چوار ملیۆن دینار دەبێت.
بۆچی پرۆژە یاسای چاكسازی ئامادەكرا؟
دوای چەندین ساڵ لە بەردەوامی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان حكومەتی هەرێم هەستا بە ئامادەكردنی پرۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین ئیمتیازاتەكانی و لە ٣/١/٢٠١٨ ئاراستەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی كرد.
ئامادە كردنی ئەم پرۆژە چاكسازییە لەلایەك حكومەتەوە لە ژێر فشاری شەقام و میدیای ئازادا بوو، چونكە چەندین دەیە بوو بەبەردەوامی رەخنەی توندیان لەوە دەگرت كە خانەنشینی ناعەدالەتی گەورەی تیادایە و سیستمی موچەی ئەم هەرێمە پڕەلە هەڵە و كەمو كورتی.
ئەكرێت ئاماژەش بەوە بدەین لەپاڵ فشاری شەقام و میدیای ئازاد حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناردنی بودجە لەلایەن بەغدادەوە بێئومێد بوو وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی بەهەدەردانی ئەو پارە زۆرەی كە ساڵانە بە ناعەدالەتی دابەش دەكرێت، حكومەت ئەم پرۆژەیەی ئامادەكرد بەخەونی گەڕانەوەی هەندێك پارە بۆ داهاتی حكومەت و كەمكردنەوی كێشە دارای و ئابوریەكانی.
لایەنە باش و خراپەكانی ئەم یاسایە چیە؟
یەكێك لە جیاوازییەكانی ئەم یاسایە لەگەڵ یاساكانی تری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە دەری كردووە بریتیە لەوەی لەپاڵ ئەوەی ئەم یاسایە لایەنی خراپی هەیە كە خۆی لەنادادپەروەری لەجیاوازی موچەی خانەنشینی فەرمانبەرێكی ئاسایی و پەرلەمانتارێك دەبینێتەوە لایەنی باشیشی هەیە كە خۆی لەكەمكردنەوەی خانەنشینی نایاسای و حیزبی دەبینێتەوە.
لەنادادپەروەرییەكانی ئەم یاسایە بریتیە لە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران كە بەتەنها چوار ساڵ خزمەتی بە بێ رەچاوكردنی تەمەن و خزمەتی پێشووتر دەتوانێت چوار ملیۆن دینار مانگانە وەك خانەنشینی وەر بگرێت، بەڵام فەرمانبەرێكی ئاسایی موچەی خانەنشینیەكەی لە ٣٠٠٠ هەزارەوە دەست پێدەكات كە ئەمە جیاوازییەكی گەورە هەیە لەنێوان ئەم دوو موچەدا و دەبێتە هۆی زیاتر زەقكردنەوەی جیاوازی چینایەتی لەهەرێمی كوردستان.
لایەنە باشەكانی ئەم یاسایە بریتیە لەوەی ئەگەر جێبەجێبكرێت كۆتای دێنێت بە دوو موچەیی هەروەها خانەنشینی نایاسای كە رێژەیەكی زۆری خانەنشینەكانی هەرێمی كوردستان پێك دەیەنێت ژمارەیان كەم دەكاتەوە.
جیاوازی ئەم یاسایە لەگەڵ سیستمی یەكگرتووی موچە و خانەنشینی بەغداد چیە؟
سیستمی یەكگرتووی موچە و خانەنشینی كە لە حكومەتی فیدراڵ كاری پێدەكات، یەكێكە لە هەرە باشترین سیستەمەكان بەو پێیەی بنەمای دادپەروەری تیایدا جێكراوەتەوە بەتایبەتی لەبواری خزمەت و تەمەنی پلە باڵاكان.
بەپێی سیستمی یەكگرتووی موچە و خانەنشینی عێراق بۆ ئەوەی ئەندام پەرلەمانێك خانەنشین بێت پێویستی بە ١٥ ساڵ خزمەت هەیە لەگەڵ ئەوەشدا مەرجە تەمەنی لە ٥٠ ساڵ كەمتر نەبێت .
یاسای چاكسازی خانەنشینی و موچە ودەرماڵە و بەخشین ئیمتیازاتەكان لەهەرێمی كوردستان هیچ مەرجێكی تیادا نیە سەبارەت بە خزمەت و تەمەن بۆ ئەندام پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی خانەنشین بوون كە ئەمەش پێچەوانەی یاسای یەكگرتووی خانە نشینی بەغدایە كە مەرجی ١٥ ساڵ خزمەت و ٥٠ ساڵی تەمەنی دیاری كردبوو.
پەسەند كردنی كۆی پرۆژەیاسای چاكسازی خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین ئیمتیازاتەكان لە ٢٧/٢/٢٠١٨ بەزۆرینەی دەنگ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە كە لەهەندێك خاڵدا پێچەوانەی سیستمی یەكگرتووی موچە و خانەنشینی حكومەتی فیدراڵیە دوور نیە كەلە ئایندەدا كێشەمان بۆ دروست بكات لە پرسی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەغدا، چونكە بەپێی دەستوری عێراقی فیدرال نابێت یاسا و فەرمانەكانی هەرێم پێچەوانەی بەغداد بن.