
مێژووی ئەمەریکا وەک وڵاتێکی زلھێز، وەک وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بێبەش نییە لە چەوسانەوەی رەگەزی مێ و جیاوازی جێندەریی، ھەمیشە ھۆکارێک ھەبووە بۆ دانانی ژنان بە پلە دوو لەھەموو پێگە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئەوەی ئەوان جیا دەکاتەوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەوڵدان و گەشەپێدانە، کە وایکردووە ئێستا بەدایکی ئاشتی و ئازادیی ناو بھێنرێت و بێ جیاوازی جێندەریی، ژن لە ھەموو کایەکان پێگەو دەنگی خۆی ھەیە. گەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ھەڵبژاردنەکانی سەدەی رابردوو لەچاو ھەڵبژاردنەکانی ئەم سەدەیە، دەبینین لە سەدەی رابردوودا چەندین ساڵ ژن مافی دەنگدانی نەبووە، بەشێوەیەک لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن لەئەمەریکا، ئەو مافەی بە پیاوێک دراوە وەک مامەڵەیەکی پیاو سالاری دژ بە ژن، ھەمان ماف بە ژن نەدراوە، بەڵام بۆیەکەم جار لەمانگی ئۆگۆستی ساڵی ١٩٢٠ بڕگەی ١٩ی دەستوری ئەمەریکا تایبەتکرا بە ژنان و بەپێی ئەو بڕگەیەی دەستوور مافی دەنگدانیان پێدرا، بەڵام لەبڕگەکەدا جیاوازییەکی تر ھەبوو کە ئەویش مافی دەنگدانی تەنھا بۆ ژنانی سپی پێست بە ماف دانابوو.
بۆ یاسا و دەستوری ئەو کات، مێژووی وای دەیگێریتەوە کە جیاواز لە پلە دوویی ژنان بەرامبەر بە پیاوان وەک رەگەز، ھاوکات جیاوازی نەتەوەیی و رەنگ، پلەبەندیەکی تری لەنێوان خودی مێینەکان دروست کردبوو، بەشێوەیەک ھەموو بریارەکان تایبەت بەمافی خانمان سەرەتا خانمانی سپی پێستی دەگرتەوە و پاشان خانمانی رەش پێست و لاتینۆ و کەمە نەتەوەکانی تر، بەدەستھێنانی ئەو مافەش بۆ ژنان جگە لەژنانی سپی پێست پاش کارکردن و ھەوڵی بەردەوامی بەشێک لە ژنانی چالاکوانی ھەموو نەتەوەکان و دەنگھەڵبڕینیان لەسەر مافی مرۆڤبوونی خۆیان پاشان مێینە بوونیان ھات.
ئێستا دوای سەد ساڵ لە ھەموارکردن و بەیاساییکردنی مافی ژنان و ھاوتاکردنی بە مافەکانی پیاوان، دوا ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ بە جۆرێک جیاواز بوو کە بۆ یەکەم جار لەمێژووی ئەمریکادا خانمێک بووە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لەمەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە ئەو خانمە رەش پێستە.
ئەم گۆڕانکارییە گرنگە بەھەوڵ و تەقەلای ژمارەیەکی زۆری خانمان و پشتگیری کردنیان لە سەرۆکی نوێ و تۆڵە کردنەوە لە سەرۆکی رابردوو ھاتەبوون، کە گەیشتنە ئەنجامی ئەو ھەوڵانەش سەلمێنەری ئامادەکارییەکی زۆری خانمان بوو لەڕووی فکری و مافە مەدەنییەکانەوە، کە بەشێکی لە ئەنجامی ئەو بریارانەوە ھات کە سەرۆکی پێشوو ھەمواری کردبوونەوەو پەیوەست بوون بە مافەکانی خانمانی ئەمریکاوە. یەکێک لەو بریارانەش بڕیاری قەدەغەکردنی منداڵ لەباربردن بوو، کە ئەو مافە بەپێی یاسایەک ساڵی ١٩٧٣درابووە خانمان و بەپێی یاساکە خانمان مافی یاسایی خۆیانە کۆرپەلە لەبارببەن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئەم یاسایەی ھەمووار کردەوەو لەباربردنی کۆرپەلەی کردە کارێکی نایاسایی و بەھەموو شێوەیەک قەدەغەی کرد، ئەمەش بووە ھۆی نارەزایی خانمان و رێپێوانی زۆری لێکەوتەوە، چونکە خانمانی ئەمریکی بە مافی خۆیانی دەزانن بریار لەسەر جەستەی خۆیان بدەن، ھەر لەبەر ئەم ناڕەزاییە زۆرەش، سەرۆکی نوێی ئەمەریکاو کاندیدی دیموکراتەکان لە کۆبوونەوە میدیاییەکان و بانگەشەی ھەڵبژاردندا سەبارەت بەو مافە گفتوگۆی لەگەڵ خانمان دەکردو، ھەڵوەشاندنەوەی یاساکەی کردە یەکێک لەبەڵێنەکانیی، ئەم بەڵێنەش بووە ھۆی ئەوەی زۆرترین دەنگدەری سەرۆکی نوێ خانمان بن، بەشێوەیەک بەپێی داتاکان ڕێژەی ٨٤٪ خانمان بەگشتی دەنگیان بۆ سەرۆکی نوێ بووە، لەنێو ئەو رێژەیەدا ٪٢ خانمانی تەمەن ١٨ بۆ ١٩ ساڵبوون و بەشەکەی تری خانمانی سەروو ئەو تەمەنە تا تەمەنی ٦٠ بوون.
ئەوەی لەدوایین ھەڵبژاردندا سەرنج دەدرا ئەوەبوو کە رێژەیەکی زۆر لەخانمانی رەش پێست دەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیان دەداو کارو چالاکی جۆراو جۆریان رێکدەخست بۆ شکستھێنانی دۆناڵد ترەمپ.
پاش دۆراندنی دۆناڵد ترەمپ و سەرکەوتنی جۆبایدن لەھەڵبژاردنەکاندا، ئامارەکان دەریدەخەن، جیاواز لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو، لەم ھەڵبژاردنەدا زۆرترین خانمی رەش پێست بەشداربوون، کە بەگوێرەی ھەندێک داتا رێژەی بەشداریی خانمانی رەش پێس لەھەڵبژاردنەکەدا گەیشتۆتە ٩١%.
ھاوشانی خانمانی رەش پێست، بەشێکی خانمانی لاتینۆ بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو بریارەی دۆناڵد ترەمپ کە لە ماوەی چوارساڵی رابردوودا بەسەر خێزانە پەنابەرەکانی ئەمەریکای لاتیندا جێبەجێی کرد، کە بریتی بوو لە جیاکردنەوەو دوورخستنەوەی منداڵ لە باوانی و بەتایبەت دایک، کەبڕیارەکە ئازارو ناڕەزایەتیەکی گەورەی دروست کرد لە رۆحی زۆرینەی دایکاندا، بۆیە خانمانی چالاکوانی ئەمەریکای لاتینیش لەھەڵبژاردنەکاندا کاریان بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ دەکرد.
رۆڵی خانمان لەھەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی ئەمریکادا سەلماندی، ھەبوون و ھێز و دەنگی خانمان چەندێکش کەم بن، کاریگەریی گرنگی ھەیەو پاوەری گۆرانیان ھەیە، ھەروەک بینیمان بەشێکی زۆری میدیاکانیش لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٦و سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپیان گەڕاندەوە بۆ کار و چالاکی و بانگەشەی ئیڤانکای کچی، کە زۆریترین کار و چالاکیەکانی پاڵپشتی بوو بۆ باوکی، تا لەئەنجامدا باوکی کردە براوەی ھەلبژاردنەکان.
ئەوەشی ئێستا خانمێکی کردە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بەشێکی زۆری ھێزی ژنان بوون، کە ئەنجامەکەشی بووە ھۆی گۆرانکاری لەکایەی سیاسیی و بەشداریی و ئەزموونیی نوێ بۆ ژنان لەپۆست و کایەی حوکمڕانیی ئەمریکادا.