له ماوه‌ی 50 ساڵی رابردودا، بۆ گه‌لانی کورد، عه‌ره‌ب و تورکمانه‌کانی ناوچه‌کانی جێناکۆک، نه عه‌گالی سوننی و نه پێچ و مێزه‌ری شیعی و نه جامانه‌و شرواڵی کوردی وه‌ڵامه راسته‌قینه‌که‌ی پێکه‌وه ژیانێکی ئاشتییانه‌ی پێنه‌بوو.
له‌دوای 1958-ه‌وه دوای ده‌ستپێکردنی حوکمی کۆماری و کوژاندنه‌وه‌ی پادشایه‌تی له گۆره‌پانی سیاسی عیراقی‌دا، حوکمی کوده‌تاچی به‌عسییه‌کان پاره‌و داهاتی زۆری عیراقی له‌جه‌نگی هه‌شت ساڵه له‌دژی ئێران و جینۆسایدکردنی گه‌لی کورد‌و داپلۆسینی شیعه‌کان خهرجکردو جگه له‌وه‌ش قه‌رزه‌کانی سهرعیراقی گه‌یانده 125 ملیار دۆلار‌و کوژران و بێسه‌روشوێنبونی سه‌دان هه‌زار گه‌نج و خاوه‌ن توانابو تا که‌وتنی دکتاتۆر له 2003 دا.
له‌به‌رئه‌وه، ره‌تکردنه‌وه‌ی سیستمی دیکتاتۆرییه‌ت نه‌ک به ته‌نها له‌روی که‌لتوری و سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌یه‌وه، به‌ڵکو له‌ڕوی ئابورییهشهوه ببوه پێویستی هه‌موو گه‌لانی عیراق.
چیرۆکی عیراقییه‌کان له نێوان دوو عیراقی سه‌ددام و عیراقی نوێ‌دا به‌مشێوه‌یه بو؛ له شه‌سته‌کانه‌وه تا کۆتایی هه‌شتاکان، ژیانکردنێکی سانا و بێ کێشه‌ی ئابوری، به‌ڵام قامچی به‌عسییه‌کان له‌سه‌ر پشتی گه‌لانی ناوچه‌که له‌لێدان نه‌ده‌که‌وت و له‌دوای داگیرکردنی کوێتیشه‌وه تا سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی نوێ بارودۆخی ئابوریش به‌ره‌و خراپ وه‌رچه‌رخاو ژیانکردنیش گرانبو.
هه‌رچه‌نده پرۆسه‌ی روخاندنی سه‌ددام خه‌ون و هیوای ره‌نگاوره‌نگی لای هه‌موو گه‌لان بهعیراقێکی تازه‌وه دروستکرد، به‌ڵام 10 ساڵی یه‌که‌می جگه له‌به‌رهه‌مهێنانی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و بینینی ژماره‌یه‌کی به‌رز له ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژکراوه‌کان هیچی دیکه‌ی پێنه‌بوو.
له‌و نێوه‌نده‌شدا، ناوچه‌کانی جێناکۆک وه‌ک چۆن له‌سه‌رده‌می عیراقی سه‌ددام-دا خاڵی گه‌رمی چه‌وساندنه‌وه‌و داپلۆسین بوو، ئه‌وا له عیراقی نوێ-شدا ئارام ژیانکردنیان لێحهرامکرا.
له‌ماوه‌ی نێوان ئه‌زمونکردنی حوکمی ئاسنینی سه‌ددامی سوننی و فه‌وزای دیموکراسییه‌ته مه‌زهه‌بییه زاڵه‌که‌ی شیعه‌دا، له‌جیاتی وزه‌و هێزی دانیشتوانی ناوه‌ڕاستی عیراق و ناوچه‌کانی جێناکۆک به‌تایبه‌تی، بگۆڕدرێت بۆ وزه‌ی کشتوکاڵی و به‌رزکردنه‌ی ژماره‌ی کارگه‌کان و په‌ره‌پێدانی هزری ته‌کنه‌لۆژی، ئه‌وا رق و کینه‌ی خه‌ڵکی له‌پاشخانی زاڵمیه‌تی دیکتاتۆره‌وه ره‌قتر کرد به‌عه‌قڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا نوێکانی عیراقی دوای سه‌ددام و ئه‌و هۆکاره‌ش بو وایکرد، تیرۆریستانی داعش سێیه‌کی عیراق و به‌تایبه‌ت ناوچه‌کانی جێناکۆک داگیر بکات.
ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌کانی سه‌ر عیراق به‌هۆی سیستمی دیکتاتۆرییه‌ته‌وه له ماوه‌ی 40 ساڵی حوکمڕانییهکهدا گه‌یاندبێته 125 ملیار دۆلار، ئه‌وا به ته‌نها خه‌رجییه‌کانی شه‌ڕی دژ به داعش له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا 40 ملیار دۆلار له‌سه‌ر خه‌زێنه‌ی عیراق که‌وتو ئه‌مه جگه لهکاولبونی پارێزگاکانی موسڵ، ئه‌نبار، سه‌لاحه‌ددین و به‌شێک له پارێزگای دیاله‌و که‌رکوکیشی به‌رکه‌وت و به‌ته‌نها زیانه‌کانی موسڵ به‌زیاتر له 50 ملیار دۆلار خه‌مڵێندراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زیاتر له 850 ملیۆن دۆلاری کاش له‌رێگه‌ی تاڵان‌کردنی بانکه ئه‌هلی و حوکمییه‌کانی ئه‌و ناوچانه ده‌ست داعش که‌وتن.
بۆ تێگه‌یشتن له‌قه‌باره‌ی زیانه‌کانی شه‌ڕی داعش؛ ئه‌وا پێویسته ئه‌وه بزانرێت که ته‌نها به‌و بره پاره‌یه‌ی زیانه‌کانی موسڵ (50 ملیار دۆلار خه‌مڵێندراوه) به‌نمونه وه‌ربگرین؛ ئه‌وا ده‌توانرێت ته‌واوی عیراق به‌هه‌مو جۆره خه‌رجییه مه‌ده‌نی و سوپاییهکانیشهوه بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ به‌رێوه ببه‌یت و له‌کاتێکیشدا ئه‌و بره پاره‌یه به‌سه بۆئه‌وه‌ی بانکی نێوده‌وڵه‌تی ده‌وڵه‌تێکی وه‌ک عیراق نه‌خاته هێڵی سوری یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ی دراوه‌وه.
سه‌رباری زیانه‌کانی وێرانبونی ژێرخان و سه‌رخانی ئابوری ئه‌و ناوچانه، ئاواره‌بون و ده‌ربه‌ده‌ربونی سه‌دان هه‌زار خێزانی ناوچه‌کانی جێناکۆک له دوو لایه‌نه‌وه زیانی گه‌یاند؛ لهلایهکییان ئاستی به‌رهه‌مهێنان و ژماره‌ی به‌رهه‌مهێنه‌رانی دابه‌زانده خواره‌وه له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به‌رهه‌می بیانی و رێژه‌ی بێ‌کاری و خه‌رجییه‌کان دوو هێنده به‌رزکرده‌وه، ئه‌مه‌ش بووه هۆکارو پاڵنه‌ر تا گه‌نجانی عیراقی به‌گشتی و ناوچه‌کانی جێناکۆک به‌تایبه‌تی له‌جیاتی ژینگه‌ی ئارام بۆ ده‌رخستنی توانا و به‌هره‌کانیان و به‌رده‌وامبون له‌خوێندن، ئه‌وا به‌ناچاری چه‌کهه‌ڵگرن، ئه‌وه‌ش هێنده‌ی دیکه که‌لێن بکه‌وێته نێوان نه‌وه‌کانی سه‌رده‌می عیراقی تازه.
به‌رگرییه‌کانی پێشمه‌رگه دژ به‌داعش و گرتنه‌ده‌ست و به‌ڕێوه‌بردنی پانتاییه‌کی فراوانی ئه‌و ناوچانه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردیییهوه، له‌دوو لایه‌نه‌وه بۆ کورد و به‌شێکی خه‌ڵکی ناوچه‌کانی جێناکۆک گه‌ڕانه‌وه‌ی هیوا و ئومێدکردن به‌ئاشتی بوو؛ یه‌که‌مییان گه‌ره‌نتی تێپه‌راندنی کێشه مه‌زهه‌بییه‌کان و نه‌هێشتنی جیاکارییه‌کان، دوه‌میش گه‌رانه‌وه‌ی ئیستقرارییهت و که‌مبونه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله بۆمبرێژکراوه‌کان بو. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ناوچه‌ی ژێر نفوزی کورد، پێگه‌ی ئارامی ملیۆنان ئاواره‌ی سوننه‌و شیعه‌و کریستیان و تورکمانه‌کانی ناوخۆی عیراق بوو. ئه‌م جۆره حوکمرانییه جیاوازه بۆ ناوچه‌کانی جێناکۆک له‌ناوه‌ڕاستی 2014 ه‌وه ده‌ستی پێکردو تا کۆتاییه‌کانی 2017.
به به‌راورد به‌هه‌ردو حوکمڕانی دیکتاتۆرییه‌تی سوننی و دیموکراسییه‌ته فهوزاکهی شیعه، ده‌توانرا حوکمڕانی کوردی تامێکی جیاوازی ئارامی و پێکه‌وه ژیانی ئاشتییانه‌ی پێکهاته‌کان بێت، به‌ڵام ئه‌و حوکمرانییهش تینوییه‌تی دانیشتوانی ناوچه‌کانی جێناکۆکی بۆ حوکمڕانییه‌کی نممونهیی نه‌شکاند و زۆربه‌ی ره‌خنه‌کانی سه‌ر کورد له‌ڕوی نادادپه‌روه‌ری ئابوریی و سه‌روه‌ربونی یاساوه بون.
په‌له‌ی کورد بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، وایکرد نه‌ک نمونه‌یه‌کی جیاواز‌و نمونه‌یی حوکمرانی پێشکه‌ش نه‌کات به‌ڵکو له‌روی دادپه‌روه‌ری به‌کارهێنانی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و ناوچانه‌ش، به‌تایبه‌تی نه‌وت فه‌شه‌ل بێنێت. ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی سێ ساڵی حوکمڕانی کوردی، به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وتی که‌رکوک وه‌کو نمونه‌یه‌کی سه‌رچاوه‌ی داهات له‌ناوچه‌کانی جێناکۆک وه‌ربگرین ئه‌وا هه‌ڵه زه‌قه‌کان و نادادپه‌روه‌رییه‌کان به‌جوانی ده‌رده‌که‌ون.
گه‌لی کورد سور ده‌یزانی چۆن چۆنی داهاتی نه‌وتی که‌رکوکی ئه‌و ناوچانه له‌خه‌رجی شه‌ره ناشه‌رعی و جینۆساید‌و مه‌رامی مه‌زهه‌بی و خراپ به‌کارهێنراون و ته‌نها دوکه‌ڵی ره‌ش و شێوانی ژینگه بۆ ئه‌و ناوچانه وه‌کو میرات بۆیان به‌جێما نه‌ک پرۆژه‌و بنیاتنان.
سه‌رباری ئه‌و ئه‌زمونه تاڵانه، به‌ڵام حوکمرانی کورد له‌یه‌که‌م هه‌ڵه‌ی زهقیدا، نه‌یهێشت پشکی شێری ئه‌و داهاتانه به‌ر ناوچه‌کانی جێناکۆک بکه‌وێت.
ده‌بوایه کورد له‌جیاتی ته‌نها ناردنی پترۆدۆلاری مانگانه (که زۆرجار له 10 ملیۆن دۆلار تێپه‌ڕی نه‌ده‌کرد)، ئه‌وا به‌مشێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ داهات و نه‌وتی که‌رکوک کردبا؛ ده‌بوایه داهاته‌کان 25% بدرێت به‌پارێزگاکانی موسڵ و ئه‌نبار (ئه‌مه بۆ سه‌رنج راکێشانی سوننه‌کان) و 20% بۆ خودی شاری که‌رکوک و 20% بۆ سه‌رجه‌م ناوچه کوردستانییه جێناکۆکه‌کان و 30% بۆ خه‌زێنه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم بوایه.
سه‌رباری هه‌ڵه مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ داهاتی نه‌وتی که‌رکوک، نه‌ته‌وه‌بینی کورده‌کان، ئه‌و حوکمرانییه‌ی خزانده هه‌ڵه‌ی دوه‌مه‌وه به هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان. کورد جارێکی دیکه نه‌یتوانی په‌ند له‌مێژو وه‌ربگرێت که له‌ماوه‌ی 100 ساڵی رابردودا بریاره تاکلایه‌نه‌کانی هیچ حکومه‌تێک نه‌یتوانی ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و ناوچانه بسڕێته‌وه.
کورد له‌جیاتی دوباره‌کردنه‌وه‌ی که‌ره‌سته ته‌قلیدییه‌کانی حوکمڕانی، ده‌بوو له‌ڕێی ده‌یان کۆمپانیاو کارگه‌و پیشه‌سازی نوێ و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی کاره‌وه بۆ گه‌نجان و دانیشتوانی ناوچه‌که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ئابوری و ئاشتییانه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی عه‌ره‌بی و تورکمانی و پێکهاته‌کانی ئه‌و ناوچانه‌ی دروستبکا، ئه‌و مه‌له‌فه ئابوریش له‌پێشینه‌تر بو بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.
گرنگتریش ئه‌وه‌بوو ئه‌گه‌ر لهمهلهفه ئابوریییهکهش سه‌رکه‌وتو بوایه ئه‌وا ده‌بوه بناغه‌یه‌کی پته‌و بۆ هه‌ر جودابونهوهیهکی دور که رویده‌دا یاخود به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له‌کاتی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 ی ده‌ستوری عیراقیشدا که‌ڵکی زۆری ده‌بو.
له‌و خوێندنه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌رباره‌ی حوکمرانی دیکتاتۆری سوننه‌کان و دیموکراسیه‌تی مه‌زهه‌بی شیعه‌کان له‌گه‌ڵ دنیابینی کورد له‌ئاوێنه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆییه‌وه، ئه‌و راستییه رون ده‌بێته‌وه که ناوچه‌کانی جێناکۆک به‌ر له‌وه‌ی پێویستییان به‌گۆڕینی جۆری حوکمڕانی نه‌ته‌وه‌یی یاخود مه‌زهه‌بی هه‌بێت بۆ چاره‌کردنی کێشه‌و گرفته‌کانیان پێویستییان به گۆڕینی سیسته‌م و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی مه‌له‌فی ئابوری و دروستکردنی ده‌رفه‌تی کاره.
ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ش ته‌نها یه‌ک رێگا چاره هه‌یه ئه‌ویش له‌ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی عیراق به‌یه‌کپارچه‌یی و پێکه‌وه ژیان گه‌لان له‌وچوارچێوه‌یه‌دا ئه‌وا به‌هه‌رێمکردنی ئه‌و ناوچانه‌و (هێشتنه‌وه‌ی وه‌ک ناوچه‌ی جێناکۆک تا ئه‌نجامدانی رێککاره ده‌ستورییه‌کان) بوژاندنه‌وه‌و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی بازار‌و بنیاتنانی ژێرخان و سه‌رخانی ئابوری ده‌ڤه‌ره‌که‌یه تا به‌لایه‌نی که‌مه‌وه نه‌وه‌ی داهاتو له‌ده‌مارگیری مه‌زهه‌بی و ته‌ڵه‌ی توندره‌وی تیرۆریسته‌کان دور بخرێنه‌وه.
ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی دکتاتۆری و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی تێدا سه‌رکه‌وتو نه‌بوه‌و پێی نه‌کرا ئه‌و دڵنیابن عه‌قلیه‌ته ئابورییه‌که ئه‌و بیابانه‌ی به‌هۆی شه‌رو توندوتیژییه‌وه وشکبوه سه‌وزو به‌راوی ده‌کاته‌وه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی کاتێک لهئیندۆنۆزیا (Indonesia) گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی زۆرینه‌ی ئیسلامی سه‌رزه‌وی (250 ملیۆن دانیشتوان)، له‌ساڵی 1998 خه‌ڵکه‌که‌ی دێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و کۆتایی به‌حوکمی دکتاتۆری سوهارتۆ (Suharto) دێنن. هه‌موان گره‌وییان له‌سه‌ر باڵاده‌ستی ئیسلامی توندرهویکرد له‌دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی دیکتاتۆری، له‌یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنیشدا ئیسلامییه‌کان له 36% رێژه‌ی ده‌نگده‌رانیان برد و له 2004 گه‌یشتن به به‌رزترین رێژه، 38%. به‌ڵام گۆرانکارییه‌کان وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ی به‌خۆوه بینی و له 2014 ئه‌و باڵا دهستییهیان له‌ده‌ستدا و دابه‌زین بۆ رێژه‌ی 25% و که‌مترین تاکی ئیندنۆزی به‌به‌راورد به‌وڵاتانی دیکه په‌یوه‌ندیی به رێکخراوی تیرۆریستی داعشه‌وه کردبو. له‌وباره‌شه‌وه کاتێک نوسه‌ری ئه‌مریکی جۆناسان تێپهرمان پرسیار له‌سه‌رۆکی ته‌کنۆکرات و دیموکراتی ئه‌وسای ئیندۆنۆزیا (له‌ساڵی 2014) پرسی بۆچی وڵاته‌که‌ت له‌گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وامه له‌کاتێکدا وڵاته ئیسلامییه‌کان به‌ده‌ست قه‌یران له‌دوای قه‌یرانه‌وه ده‌ناڵێنن؟ له‌وه‌ڵامدا سه‌رۆک وتبوی؛ “تاکه رێگای ئێمه بۆ نه‌هێشتن و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ توندوتیژی و توندره‌وی، پێویستبو سه‌ره‌تا چاره‌سه‌ری نادادپه‌ره‌وه‌ی و نایه‌کسانی (ئابوری) بکه‌ین”. دیموکراته‌کانی ئیندۆنۆزیا وانه‌یه‌کی گه‌وره له‌رۆژانی تاریکی دیکتاتۆر فێربون که سه‌رکوتکردن و چه‌وساندنه‌وه، توندوتیژی زیاتر به‌رهه‌مده‌هێنێت.
جیاوازییه‌که‌ی به‌ینی عیراق و ئیندۆنۆزیا یه‌ک خاڵی سه‌ره‌کییه: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه عیراق له‌دوای ساڵی 2003 تا 2017 زیاتر له 850 ملیار دۆلاری داهات هه‌بوه، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بونی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری و ئابوری و به‌رزی رێژه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌کانی نه‌ک وڵاتی پێ یه‌ک نه‌خست و گه‌شه‌ی نه‌کرد، به‌ڵکو رێژه‌ی توندوتیژییه‌کان و سهرکوتکردنیشی زیاتر کرد! که‌واته خاڵی جیاواز عیراق له‌جیاتی به‌کارهێنانی عه‌قڵی ئابوری، چه‌کی سهرتکوکردنی به‌کارهێنا بۆ توندڕه‌وییه‌کان!
*نوسه‌ر خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ره له په‌یوه‌ندییه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان/ زانکۆی شیفێڵد – به‌ریتانیا