
سەمیرە یەکێکە لە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەڵێت “منیان وەکو کۆیلە وەرگرت، نازانم بۆچی، کە لەگەڵ خاوەن ماڵەکە قسەم دەکرد دەیگوت قسە مەکە، ئێمە تۆمان لە کۆمپانیا وەرگرتووە، منیش پێمگوت خۆ تۆ منت نەکڕیوە، من تەنیا کارت بۆ دەکەم، ئەوان دەیانگوت نەخێر. خاوەن ماڵەکە کوڕیان هەبوو، دەیانویست لەگەڵم بخەون، منیش دەمگوت نە، هەموو رۆژێک شەڕمان بوو”.
سەمیرە دوای هەوڵێکی زۆر توانیویەتی لەو ماڵە هەڵبێت و سەردانی بنکەی پۆلیس بکات، کاتێک دەگاتە هەولێر لە رێگەی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و رێکخراوی سید دەینێرنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، کەیسی سەمیرە یەکێک لەو دەیان کەیسەیە کە دەکەونە داوی تۆڕەکانی بازرگانی بە مرۆڤ و 80%ی کەیسەکانیش ئافرەتانن.
رێکخراوی سید ساڵی 2019 شێڵتەرێکی بۆ بەرگریکردن لە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردووەتەوە، تاوەکو ئێستا پشتگیرییان لە 54 کەیس کردووە کە 37یان ژن بوون.
کالێب ئۆدهیامبۆ، بەڕێوەبەری شێڵتەر لە رێکخراوی سید دەڵێت “ژمارەکان روو لە زیادبوونە و رەوشەکە زۆر باش نییە، کوردستان وەکو سەرچاوەیەکی لێهاتووە کە تێیدا بازرگانی بە مرۆڤ بکرێت، شوێنێکە کە بە بەردەوامی خەڵک وەردەگرێت و بازرگانییان پێوە دەکەن”.
لەشفرۆشی، فرۆشتنی ئەندامانی جەستە، کاری زۆرەملی، سواڵکردن بە ژنان و منداڵان لە جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤن، بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکاران، جگە لە کۆمپانیا و باندی تایبەت بە بازرگانی بە مرۆڤ، ئێستا بەشێک لە پارێزەرانیش دەستیان لەنێو ئەم کارەدایە و بە بیانووی کار، ژنان لە وڵاتانی دیکەوە دەهێنن و بە هەشت هەزار دۆلار دەیانفرۆشن بە خواروو و ناوەڕاستی عێراق.
لە هەرێمی کوردستان شەش نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەن. لە ساڵی 2019 تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر 201 دۆسیە تۆمارکراون کە 21یان بازرگانی بوون بە مرۆڤ. ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 132 دۆسیە تۆمارکراون کە 79یان بازرگانیکردن بوون بە مرۆڤ.
بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەدوای چەک و ماددە هۆشبەرەکان بە سێیەم گەورەترین تاوان لە جیهاندا دادەنرێت، لە ساڵانی رابردوو بەهۆی شەڕ، ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری، بێکاری و هەژاری، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە ناوەندی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
سەرچاوە:رووداو