رۆژی شەممە ریکەوتی ( ٩\١٢\٢٠١٧ )وەفدێکی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان کە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان مام خدر سکرتێتی گشتی و هاوڕێ قهار محمد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هاشم مەلا علی ئەندامی سەرکردایەتی و هەژار هەورامی ئەندامی پەیوەندییەکان سەردانی نوێنەرایەتی هەدەپەیان لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن بەرپرسانی هەدەپەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا ..
لەم سەردانەدا وەفدی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان وێڕای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی لە شەهیدانی تۆپ بارانکردنی کەمپی مەخموور،لەهەمانکاتدا نیگەرانی و توڕەیی بزووتنەوەیان پێڕاگەیاندن لەبەرامبەر ئەو هەوڵە تیرۆرستیە و ترسنۆکانە .
لای خۆیانەوە وەفدی هەدەپە هەڵویستی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستانیان بەرز نرخاند لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و بۆپشتگیری دۆزی رەوایی گەلی کوردستان .
ئەمەی خوارەوە دەقی بروسکەکەی مەکتەبی سیاسیە:
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان هێرش و پەلاماردانەکانی کەمپی مەخموور ئیدانە دەکا
بەداخەوە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە(٦\١٢\٢٠١٧) کرایە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور، پێنج ئەندامی هێزەکانی پاراستنی کامپەکە شەهید بوون بە ناوەکانی (باگەر بۆران، بۆتان ئامەد، چەکدار ماوا، دەوران ماردین و باز دژوار)و سیانی دیکەش برینداربوون .
ئیمە لە بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەس و کار و هەڤاڵان و خەڵکی مەخموور و تەواوی دەڤەرەکە دەکەین ،ئەو جۆرە هێرش و پەلاماردانەش بەتوندی ئیدانە دەکەین و ئەرکی حکومەتی عێراق و دەزگای ئاسمانی سوپای عێراقە بە ووردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات و ئەنجامدەرانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات .
لای خۆشمانەوە بەهەموو شێوەیەک لەهەوڵداین سەرجەم رێکخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتیەکان و حزب و لایەنە سیاسیەکان لەبەرامبەر ئەو هێرش و پەلاماردانە تیرۆرستیە ئاگادار بکەینەوە و هەڵوێست وەربگرن،لەکاتێکیشدا ئەم کەمپە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکانە و پیوسیتە بە زووترین کات وەڵامیان هەبێت .
جارێکیتر پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەودە و هەڤالانی شەهید دەنێرین ..
مەکتەبی سیاسی
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان